شیعە ترسی سوننەیان نییە هەوڵی هەڵكردنی گلۆپی سەوزی هەولێر دەدەن

  شیعە ترسی سوننەیان نییە  هەوڵی هەڵكردنی گلۆپی سەوزی هەولێر دەدەن

 

عەرەبی سوننەی عێراق، جیا لەوەی كێشەی سەرەكییان ئەوەیە كە شارەكانیان بە هۆی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشەوە كاول بوون و، پێویستیان بە هەڵمەتێكی گەورەی دووبارە بونیادنانەوەی شارەكانیان و گەڕانەوەی خەڵكە ئاوارەكەی خۆیان هەیە، لە هەمانكاتدا لە ڕووی سیاسییەوەش چەتری مەرجەعییەتێكی نیشتمانی هەموویان پێكەوە كۆناكاتەوە و، نایكاتە خاوەنی یەك بڕیار و یەك هەڵویست، ئەو هەوڵانەشی توركیا و هەندێك وڵاتانی عەرەبی بۆ ڕێكخستنەوەی ناوماڵی عەرەبی سوننە دەیدەن، هەتا ئێستا نەیتوانیوە ببێتە ئەو چەترەی كە وەك مەرجەع هەمووی ان كۆبكاتەوە، هەر بۆیە ئەگەر كار بگاتە ئەوەی جۆرە پێكەوە سازانێك لە نێوان سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە دروست نەبێت و پێكەوە كاندیدێكی هاوبەشیان نەبێت، ئەوا هیچ دوور نییە، جۆرە دابەشبوونێك لە نێوماڵی عەرەبی سوننە بە سەر هەردوو بەرەكەدا ڕوو بدات، هەر بۆیە ئەو ڕێككەوتنەی كە چاوەڕوان دەكرێت لە نێوان هاوپەیمانیی تەقدوم بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبوسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر بۆ یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی عەرەبی سوننە بیتەئاراوە، ڕێككەوتنێكی لەرزۆك و ناجێگیر دەبێت و بە ئاسانی لەبەر یەك هەڵدەوەشێنرێت.

سەردانی یەك دوو ڕۆژی ڕابردووی موقتەدا سەدر بۆ لای محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانیی تەقدوم «بەبێ ئامادەبوونی هیچ ئەندامێكی عەزم» پەیامێكە لە سەدرەوە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە كە ئەگەر ئەوان لایەنێكی دیكەی سوننە بەڵێنی پێ دابن، ئەوا لایەنە براوە گەورەكە لەگەڵ سەدر لێكتێگەیشتنیان هەیە، لە هەمانكاتدا سەردانی سەدر بۆ لای عەمار حەكیم وەك لایەنێكی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، پەیامێكی دیكەی سەدرە بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە بەوەی لە ناو خۆتاندا یەكگرتوو و یەك هەڵویست نین.

لەبەرامبەردا سەردانی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ تەیاری سەدر و بەشیكی زۆری لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هاوپەیمانیی شیعە (دەوڵەتی یاسا و فەتح)، پاشانیش كۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوپەیمانیی تەقەدوم وەك لایەنی سەرەكیی براوەی عەرەبی سوننە، چەند پەیامێكی ڕاشكاوانەی لێ دەخوێندرێتەوە كە دەكرێت بە چەند خاڵێك ئاماژەیان پێ بكەین:

1- پارتی دیموكراتی كوردستان، (كە لێكتێگەیشتنی زۆر باشیشی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەیە)، دەربڕی هەڵوێستی یەكگرتوویی كوردستانییە و بە یەك مەودا لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەكان ڕادەوەستن و، خوازیاری ئەوەن ببنە لایەنێكی خێر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام نابنە لایەنێك لە كێشەكە.

2- ئامانجی كورد لە بەشداریكردنی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق پلە و پۆست نییە، بەڵكو بەرنامەی داهاتووی حكومەتی عێراقە بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا.

3- لایەنی كوردستانی بە ئامانجێكی دروست و پیرۆزی دەزانێت، هەموو پێكەوە دەستووری عێراق وەك سەفقەیەك بۆ بەرژەوەندیی هەموو عێراق جێبەجێ بكرێت و عێراق بە كردەوە ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی و پەرلەمانی، بەڵام ئەگەر لەبەر هەر هۆیەك ئەمە نەكرا، ئەوا لایەنی كوردی سازش لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان ناكات، ڕاشكاوانەتر جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی كوردستان ئەركی سەرەكی و ڕاستەوخۆی لایەنی كوردستانییە كە پێداگریی تەواوی لەسەر بكات، بەڵام جێبەجێكردنی كۆی دەستوور وەك یەك سەفقە ئەركێكی هاوبە شە و ئەگەر لایەنەكانی دیكە ئامادەباشییان هەبێت، ئەوا لایەنی كوردستانییش پێشوازی لێ دەكات.

بێگومان لەگەڵ ئەوەی سەردانی ئەمجارەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ڕێككەوتنی پێكهێنانی حكومەت نییە و، تەنیا گۆڕینەوەی بیروڕایە لەسەر داهاتووی پرۆسەی سیاسیی عێراق، بەڵام ئەو پەیامانەی لەم سەردانە هەستی پێ دەكرێت، ئەوەیە كە جۆڕیك لە ڕەشبینی سەبارەت بە داهاتووی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و جۆرە گەشبینییەك بۆ كردنەوەی دەروازیەك بۆ ڕێكخستنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدای لێ دەخوێندرێتەوە.

Top