ئــایــدن مــەعـــرووف وەزیری كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: وەزارەتی پێكهاتەكان لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرجەستەی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانە
ئاشكرایە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرنامەیەكی ئومێدبەخشەوە دەستی بە كار كرد، كە تەوەری سەرەكیی ئەم بەرنامەیەش ئەنجامدانی چاكسازی و برەودان بە پڕۆژەكانی گەشەپێدان و ڕەچاوكردن و پەرەپێدانی ماف و پێگەی پێكهاتەكان بوو. بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسانە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئایدن مەعرووف وەزیری كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا.
* ئێوە وەك پێكهاتەی توركمان وەزیرن لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەم كابینەیەش بە كابینەی چاكسازی ناسراوە، ئایا هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەدای حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆنە و، تاچەند ڕاستگۆیانە ئەو بەرنامەیەی كە ڕایگەیاندووە، هەنگاوی بۆ جێبەجێكردنی هەڵگرتووە؟
- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە كاردەكات كە لە كاتی ڕاگەیاندنی كابینەكە ڕایگەیاندووە، ئەم بەرنامەیەش زۆر گرنگ بووە و، لە ڕووی چاكسازی و كارە خزمەتگوزارییەكانیشەوە هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، كە بە شێوەیەكی باش و چالاك ئەنجام دراون، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت كە سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان پابەند بووە بە بەرنامەكەی كە ڕایگەیاندبوو، چونكە هەموو وەزیرە بەڕێزەكان و سەرۆكی حكومەت لە كابینەی نۆیەم، بە یەك تیم كار دەكەن، هەر بۆیە جەخت لەوە دەكەمەوە كە حكومەت كاری خۆی زۆر بە سەركەوتووانە و جددییانە و بە باشی ئەنجام داوە.
* بوونی وەزیریك بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەزموونێكی تازەیە، مەبەست لە بوونی ئەم وەزارەتە چییە؟ ئایا بۆ ئەوەیە كە پێكهاتە جیاوازەكان هاوسەنگی لە ئاستی بەشدارییاندا دروست بكرێت و، تاچەند ئەم هاوسەنگییە بۆ پێكهاتەكان لە كابینەی نۆیەمدا پارێزراوە؟
- هەبوونی ئەم وەزارەتە لە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەت لە كابینەی نۆیەمدا خۆی لە خۆیدا گرنگیدانە بە بوون و داواكاری و مافەكانی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان و، بەشداری پێكردنیان بە شێوەیەكی چالاك لە ئێستادا، ئەمەش خۆی لە خۆیدا تایبەتمەندیی خۆی هەیە، ئەو مەلەفەش لە ناو حكومەتی هەرێمدا بە پاڵپشتیی حكومەت سەركەوتوو بووە، لە ڕاستیدا بوونی ئەو وەزارەتە بەرجەستەكاری واقیعی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان و ئایین و ئایینزاكانە لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و لە هەولێر بە تایبەتی، واتە دروستكردنی ئەم وەزارەتە بۆ پێكهاتەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، هەنگاوێكی زۆر باش و ئەرێنی و بوێرانە بووە، بەتایبەتی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی نەتەوەی توركمان و كلدان و ئاشووری و سریانی لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستاندا. بێگومان وەزارەتەكە بە پاڵپشتیی حكومەتی هەرێم تا ئێستا كاری باشی بۆ پێكهاتەكان ئەنجام داوە. لەلایەكی دیكەوە دامەزراندنی چەندین بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و بەڕێوەرایەتی و دامودەزگای تایبەت بە پێكهاتەكان لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، بووەتە هۆی برەودانی زیاتر بە هاوسەنگی لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستاندا، هاوسەنگییەكەش تەنیا بانگەشە نییە، بەڵكو ئەو هاوسەنگییەی لە كابینەی نۆیەمدا هاتووەتەدی ڕەنگدانەوەی لە واقیعدا هەبووە و حكومەت بە بێ جیاوازی بەرگریی لە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەرێمی كوردستان دەكات.
* ئەوەی لە كابینەی نۆیەم هەستی پێ دەكەین، ئەوەیە كە ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆك وەزیران وەك یەك تیم كار دەكەن و، وێڕای ئەوەی لە پەرلەمان فراكسیۆنەكان كێشەیان هەیە، بەڵام لە ناو حكومەت هەست ناكەین، وەزیرەكان هیچ كێشەیەكیان هەبێت، ئایا نهێنیی ئەم كاری یەك تیمییە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟
- كاركردنی بە یەك تیمی وەزارەتەكان بۆ كارێزمایی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، كە كاریگەریی زۆر ئەرێنیی لە سەر ئەدای حكومەت هەیە و، كاریگەریی زۆر گرنگ و باشی هەبووە لەسەر بەڕێوەبردنی كاروبارەكان و جێبەجێكردنی كار و پڕۆژەكان و هەڵگرتنی هەنگاوی بەهێز و پراكتیكی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی. دەبێت ئاماژە بەوەش بكەین كە ئەو ململانێ و جیاوازییەی لە نێوان حزب و لایەن و فراكسیۆنەكان لە ناو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەمە بە كارێكی ئاسایی دادەنرێت، بەڵام جیاوازی و ململانێی ناو پەرلەمان هیچ كاریگەری لەسەر كاری یەك تیمیی ناو حكومەتی كوردستان دروست نەكردووە، كە لێرەدا دووبارە پێویستە دووپاتی بكەمە، كە ئەمە زیاتر بۆ جددییەت و كاریزمایی و لەخۆبوردەیی و كاركردنی بەڕێز سەرۆكی حكومەت دەگەڕێتەوە.
* لە كابینەی نۆیەمدا هەنگاوەكان بۆ ئەوەن بایەخێكی زیاتر بە وەبەرهێنان لە هەردوو بواری كشتوكاڵ و پیشەسازیدا هەڵبگرێت، ئەمەش بۆ بونیادنانی ژێرخانێكی ئابووریی پتەو، ئایا تا چەند ئەم ئاراستەیەی وەبەرهێنانە سەركەوتنی بەدەست هێناوە؟
- ئەوەی تائێستا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە لە ڕووی پراكتیكەوە كابینەی نۆیەم لە وەبەرهێنان و بوارەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاریشدا سەركەوتووانە كاری كردووە و، لەم كەرتانەدا پڕۆژەی جۆراوجۆر هەیە و لە داهاتوودا كاریان لەسەر دەكرێت، نیشاندانی جددییەتی حكومەتیشە لە جێبەجێكردن و گەشەپێدانی ئەو كەرتانەدا كە ڕۆژانە كاریان لەسەر دەكرێت. هەر بۆیە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان و ئەو وەزارەت و دامودەزگایانەی تایبەتن بە وەبەرهێنان لەو كەرتانەی باسمان كرد، سەركەوتووانە كارەكانیان جێبەجێ كردووە، ئەمەش مایەی گەشبینی و دڵنیاییە بۆ داهاتوو.
* پێكهاتەی توركمان لە ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا خاوەنی سكرتێری پەرلەمانی كوردستانن، ئەمەش مانای ئەوەیە پێكهاتەی توركمان لە ناوەندی بڕیاری سیاسیی كوردستانن، ئایا تا چەند ئەم بەشدارییەی ئێوە سەرنجی نەتەوەی توركمانی لە بەشەكانی دیكەی عێراق ڕاكێشاوە؟
- هەبوون و بەشداریپێكردنی پێكهاتەكان، بە تایبەت توركمان لە حكومەت و پەرلەمان و بڕیاری سیاسی و دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان كارێكی زۆر باشە، و كاریگەریی ئیجابییشی لەسەر نەتەوەی توركمان هەیە، لەلایەكی دیكەوە نەتەوەی توركمان لە عێراق نەتەوەیەكی دیارە، كە ئەوانیش بە شێوەیەكی ئیجابی سەیری ئەو بەشدارییەی توركمان و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان دەكەن، كە بەشدارن لە حكومەت و پەرلەمان و هەموو جومگە و كایەكانی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستان. ئێمە لەم ڕووەوە ئومێدەوارین ئەوەی بۆ پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان دەستەبەر كراوە، هاوشێوەی ئەمەش لە عێراق بۆ پێكهاتەكان دەستەبەر بكرێت، هەروەها ئێمە وەك وەزیر و وەزارەتی كاروكاروباری پێكهاتەكان، كارەكانمان زۆر بە ڕێكوپێكی بەڕێوە دەچێت و، ڕۆژانە سەردانی شوێن و لای پێكهاتەكان لە هەموو هەرێمی كوردستان دەكەین و، لە نزیكەوە هەوڵمانداوە كێشە و گرفتی پێكهاتەكان بزانین و بە پاڵپشتیی حكومەت و بە تایبەت جەنابی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان ئەو كێشە و گرفت و داواكاریانە چارەسەر بكەین، و لەهەقیقەدا سەرۆكی حكومەت و تیمی ئەنجومەنی وەزیران بەجددی بەدەنگ داخوازی و چارەسەری كێشەكانمانەوە دێن.