ئێران مانۆڕێكی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز دەست پێ كرد

ئێران مانۆڕێكی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی تەنگەی هورمز دەست پێ كرد

بەپێی هەواڵێكی تەلەڤزیۆنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو وڵاتە دەستی بە مانۆڕیکی سەربازی كردووە لە باشووری ڕۆژهەڵات و لە نزیک تەنگەی هورمز. مانۆڕەكەش كە پێرێ یەك شەممە دەستی پێ كرد، بریتییە لە مەشق و ڕاهێنانی لەشکری لە ڕووبەرێکی یەک ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشەدا كە كەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی تەنگەی هورموز و دەریای عومان و باکووری ئۆقیانووسی هیندیدا.

لە لای خۆیەوە تەلەفزیۆنی ئێران چەند وێنەیەكی مانۆڕە لەشکرییەکەی بڵاوکردۆتەوە و هەلیکۆپتەری جەنگی و تانک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) و کەشتی جەنگی و بەلەمی تیژڕەوییان تێدا بوو.

ئەمەو ئەدمێراڵ مەحمود موسەوی ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەم مەشق و ڕاهێنانە ئاگاداركردنەوەیەكە بۆ دوژمنەکانمان(بە گوتەی موسەوی) ، هەروەها بۆ هەموو ئەوانەی مەبەستی خراپیان هەیە بەرامبەر تاران.

هەر لە هەواڵێكی دیكە نزیك لەمە، هێزەکانی پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ڕایانگەیاندبوو كە  هەفتەی ڕابردوو شکستیان بە هەوڵێکی هێزی دەریایی ئەمەریکا هێناوە لە دەریای عومان بۆ دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەک  كە نەوتی ئێرانی هەڵگرتبوو.

 

Top