دكتۆر بەشیر حەداد سیاسەتمەدار و جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:  هەمووان لە چاوەڕوانی ئەوەن سەرۆك بارزانی پرۆسەی سیاسیی عێراق لەم تونێڵە تاریكەی ئێستا دەرباز بكات

دكتۆر بەشیر حەداد سیاسەتمەدار و جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:   هەمووان لە چاوەڕوانی ئەوەن سەرۆك بارزانی پرۆسەی سیاسیی عێراق لەم تونێڵە تاریكەی ئێستا دەرباز بكات

سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق و زیادبوونی كورسییەكانی كورد و پەرتەوازەیی نێوماڵی شیعە و دەستتێوەردانی دەرەكی و سیناریۆكانی دامەزراندنی حكومەتی عێراق؛ تەوەرەی سەرەكیی گفتوگۆكانی گۆڤاری گوڵان بوون، لەگەڵ دكتۆر بەشیر حەداد سیاسەتمەدار و جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.

 

 

*  وەكو سیاسەتمەدار و جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەكرێت پێمان بڵێن ئەم هەڵبژاردنە چی نوێی گۆڕیوە و تایبەتمەندێتی ئەم هەڵبژاردنە لە سەر ئاستی عێراق و كوردستان چی بووە؟

- تایبەتمەندێتی هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی عێراق لە ڕووی یاسای نوێی هەڵبژاردنەكان و بازنە و بەدیهێنانی دەنگ و كورسییەكان و تەنانەت كەش و هەوای ئارامی پرۆسەكە، زۆر جیاواز بوو، هەر خۆی لە خۆیدا بچووك كردنەوەی بازنەی هەڵبژاردنەكان و دەنگدان لەسەر بنەمای تاكە كەسی، نە وەك بۆ لیستەكان جیاوازییەكی بەرچاوی هەڵبژاردنەكە بوو، لەمەشدا ژمارەیەك حزب و لایەنی سیاسی پێگەی پێشوویان لە دەست دا و، نەیانتوانی دەنگەكانی خۆیان بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و سەركەوتوو دابەشی سەر بازنەكانی هەڵبژاردن بكەن و مامەڵەیەكی ڕاست و دروستیان لەگەڵ یاساكەدا نەكرد، ئەوە بوو دەنگەكانیان پەرت و بڵاو بووەوە و كورسیی پێویستیان بەدەست نەهێنا، لە بەرامبەردا هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی دیكە كە توانییان دەنگەكانی خۆیان باش ڕێك بخەن و دەزگای هەڵبژاردنەكانیان توانییان مامەڵەیەكی باش و تێگەیشتوو لەگەڵ یاساكە و ئامانجی یاساكە و مامەڵەیەكی سەركەوتووانە لەگەڵ فرە بازنەیی بكەن، توانییان سوود لە دەنگەكانی خۆیان وەربگرن و، ڕەنگە بە دەنگێكی كەم بەڵام كورسیی زیاتریان بەدەست هێنا. هەروەها بوونی كۆمسیۆنێكی تازەی هەڵبژاردن كە پێكهاتبوو لە دادوەر و كەسانی بەتوانا جیاوازییەكی دیكەی بەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق دابوو، ئەمەش بە شاهیدی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و زۆر لایەنی نێوخۆییش كە هەموویان ئاماژەیان بەوە دابوو، ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی عێراق سەركەوتوو بووە و تا ڕاددەیەكی زۆر خاوێن و بێگەرد بووە، جیاوازییەكی دیكەی ئەم هەڵبژاردنە ئەوە بوو خودی سەرۆك وەزیرانی عێراق خۆی كاندید نەكردەوە، لە كاتێكدا لە خولەكانی دیكەدا سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكێك بوو لە بەربژێرەكان، بێگومان بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنە لە كەش و هەوایەكی ئارام جیاوازییەكی دیكەی پرۆسەی هەڵبژاردن بوو، بەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكە هەر لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و لە دوای هەڵبژاردنەكەش توندوتیژی ڕووی نەداوە و خاڵی بوو لە پەلاماردانی وێستگە و سندوق سووتان و بە چەك هەڵكوتانە سەر بنكەی هەڵبژاردنەكان.

* حیكمەتی سەرۆك مسعود بارزانی جۆرێك لە یەكگرتوویی نێوماڵی كوردی دروست كردووە و كاریگەریی لە سەر سوننە بە حەلبووسی و خەمیس خەنجەریش هەیە، ئەم هەڵوێستە سیاسییە و پێگە بەهێزەی بارزانی تا چەند خزمەتی بە پرۆسە سیاسییەكەی عێراق و پاراستنی سەقامگیری گەیاندووە؟

- هەڵوێستی سەرۆك بارزانی نەك تەنیا لە نێوخۆی كوردستاندا، بەڵكو لە هەموو عێراق و لەدەرەوەی عێراقیشدا هەڵوێستێكی زۆر ئیجابی و حەكیمانە بووە و ئاماژەی پێ كراوە و پیشوازییەكی دروست و ئەرێنی لێ دەكرێت، هەموو لایەنە سیاسییەكان ڕاستگۆیی لە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی دەبینن و متمانەی تەواویان پێیەتی، چونكە جگە لەوەی سەرۆك بارزانی خاوەنی پێگەیەكی بەهێز و خەباتێكی درێژخایەنە، نەگۆڕیی و جێگریی لە بەڵێنەكانیشدا هەیە، ئەم حاڵەتە لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و لە ناو زۆربەی لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییەكانی دیكەدا ونە، ئەوان نامتمانەیی لە نێوانیاندا هەیە، بەپێچەوانەوە سەرۆك بارزانی كاتێك بەڵێنێك دەدات، ڕاستەوخۆ بۆ لایەنی بەرامبەر زەمانەتێكە بەوەی هەڵوێستەكەی خۆی ناگۆڕێت و لە نیوەی ڕێگادا بەجێیان ناهێڵێت، من لە بەغدا و لەناو پەرلەمانیشدا لایەنەكانی دیكە و زۆر لە كەسایەتییە گەورەكانی عێراق باسی ئەم هەڵوێستە و پێگەیەی سەرۆك بارزانی-یان بۆ كردووم و، بەئاشكرا پێیان وتووم بارزانی ئەو كەسایەتییە گەورەیەی كوردە كە ناسراوە بە ڕاستگۆیی و خاوەنی هەڵوێستی نەگۆڕی خۆیەتی و هەر لایەنێك هاوپەیمانێتی لەگەڵ بكات، بە ڕاستگۆیی لەگەڵیدا دەبێت و مامەڵەی لەگەڵ دەكات و، بە هەڵوێستی جوامێرانەی هەرگیز پشتی تێ ناكات. هەڵوێستی ڕاستگۆیی و جێگیری سەرۆك بارزانی وای كردووە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لایەنە سیاسییەكان متمانە و باوەڕیان بە سەرۆك بارزانی زیاتر بێت و، پێگەی لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و ناوچەكەشدا ڕوون و ئاشكرا بێت. ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە چارەسەركردنی قەیرانەكانی سیاسیی عێراق و یەكلاكردنەوەی كێشەكانی نێو لایەنە سیاسییەكانی نێوماڵی شیعە و سوننەشدا بە هەند وەردەگیرێت و، بووەتە ئامڕازێك بۆ سەقامگیری و چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و بە هەمان شێوە لە هەرێمی كوردستانیشدا. سەرۆك بارزانی نەك هیچ كاتێك هۆكاری كێشە نەبووە لە عێراقدا بەڵكو بەردەوام بەشێكی سەرەكی و ئامراز و هۆكاری چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق و پاراستنی ئەو ئەزموونە بووە كە لە دوای 2003وە هاتوەتەئاراوە، بۆیە لایەنە سیاسییەكان زۆر چاویان لە هەڵوێستی سەرۆك بارزانی-یە و چاوەڕوانی ئەوەن لێی جەنابیان ڕۆڵێكی گەورە ببینێ لە بە یەك گەیاندنی لایەنەكان و، پرۆسەی سیاسیی عێراق لەم چەقبەستووییەی ئێستا و لەناو ئەم تونێلە تاریكەدا دەرباز بكات، هەروەها بەشێكی گرنگی بڕیاری دروستكردنی حكومەت وەكو هەموو جارەكانی دیكە سەرچاوەكەی لەلای سەرۆك بارزانی-یە لە هەولێر.

* باسی چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسیت كرد؛ هەموو دەزانین لە نێوماڵی شیعەدا ناكۆكییەكی توند لە نێوان مالیكی و سەدر هەیە؛ هیچ لایەنێكیان ئامادە نین سازش بۆ ئەوی دیكە بكات و، هیچ كاتێكیش ناتوانن بۆ پێكهێنانی حكومەت بە تەنیا زۆرینە دروست بكەن؛ پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە ئایا چارەسەرنەكردنی ئەم ناكۆكییە نابێتە هۆی دروستبوونی گرژی و كێشە و ئاڵۆزیی زیاتر؟

- لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقی ئاڵۆز و ناسەقامگیردا چاوەڕوانی زۆر ئەگەر و سیناریۆ دەكرێت، ئێستا هەموو لایەنەكان لە چاوەڕوانیی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكانن، بۆ ئەوەی ئاراستەی دادگای فیدڕاڵی بكرێت و، دادگاكەش پەسەندی بكات، ئەو كات بە دیار دەكەوێت كێشەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان چۆن چارەسەر دەكرێت، سیناریۆكان زۆرن، بەڵام ئەگەری كەوتنەوەی كێشە و توندوتیژیی گەورە بەدوور دەزانم، بە ڕای ئێمە لە دواساتەكاندا مەرجەعییەت تەدەخول دەكات و ڕێگا نادات ئەو توندوتیژییە فراوانە دروست بێت، یان هەردوو لایەنی سەرەكیی نێوماڵی شیعە بەتایبەت ئیتیلافی تەنسیقی و ڕەوتی سەدری بگەنە یەك و پێكەوە حكومەتێكی ئیتیلافی دامەزرێنن، لەكۆتاییدا كێشەكە لە نێوماڵی شیعەدایە و پێكهاتەی سوننە و كورد كێشەیان نییە و هەر دوو لا لە سەر ئەوە كۆكن، كە چاوەڕوانی ئەوە بكەن سەرەتا با شیعە نێوماڵی خۆی ڕێك بخاتەوە و بڕیارێك دەربكەن، ئەو كات سوننە و كوردیش بڕیاری خۆیان بدەن. بۆیە ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە توندوتیژییەكی گەورە دروست نابێت لە نێوان لایەنە شیعەكان كە وەكو شەڕێكی ئەهلی لێ بێت. مەرجەعییەت لەسەر مێزێك كۆیان بكاتەوە و كەسایەتیەك دیاری بكەن بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و هەمووان پێی ڕازی بن، ئەمجارەش لە عێراق حكومەت بە تەوافوقی پێكدێت نەك بە زۆرینە، چونكە هیچ لایەنێك ناتوانێت 165 دەنگ لەناو پەرلەماندا مسۆگەر بكات، بەتایبەتی كە كورد و سوننە چاوەڕێی ڕێككەوتنی نێوماڵی شیعەن و بەبێ ئەم دوو پێكهاتەیەش حكومەت دانامەزرێت.

* بەڵام ڕەوتی سەدر هەموو ڕۆژێك لێدوانێك دەدات و، هەرجارەو باسی شتێك دەكات لە حكومەتی نیشتمانی و حكومەتی سەدری و كەسێكی سەدری (قوح) بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و زۆرینەی تەوافوقی و...هتد، ئایا ڕەوتی سەدر ئاراستەیەكی دیار و ڕوونی هەیە؟

- ڕەوتی سەدر لەسەر ئاستی عێراق براوەی یەكەمە و زۆرترین دەنگی هێناوە، بەڵام لایەنی تەنسیقی شیعەش كە پێكهاتووە لە ژمارەیەك لایەنی شیعی ئەگەر پێكەوە بن لەگەڵ لایەنی دیكەش دەتوانن ژمارەی كورسییەكانیان لە ڕەوتی سەدر زیاتر بێت، ڕاستە سەدرییەكان بەردەوام دەڵێن ئێمە براوەی یەكەمین، سەرەتا سەدرییەكان لێدوانێكی گرنگیان هەبوو، دەیانوت دەبێت ئەمجارە كاندیدی حكومەت بۆ سەرۆك وەزیران كەسێكی سەدری (كوح) بێت، یان سەدری پێی ڕازی بێت، ئەوەش واتە بوارێكیان بۆ دانوستاندن و گفتوگۆكانیان هێشتووەتەوە.

* باسی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو پێكهێنانی حكومەتی عێراقت كرد، وەكو ئاشكرایە هەموو كات لایەنی دەرەكی بۆ پێكهێنانی حكومەت و لەناو سەرجەم پرۆسە سیاسییەكەدا دەستتێوەردان دەكەن، بەتایبەتی كۆماری ئیسلامیی ئێران؛ ئایا بەبێ ئێران حكومەتی داهاتووی عێراق دروست دەبێت؟

- من پێم وایە كۆمەڵێك لایەنی نێوخۆیی و دەرەكی ڕاوبۆچوونیان لەسەر پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق هەیە، لەنێوخۆ پێكهاتەكانی شیعە و سوننە و كورد بوونیان هەیە و دەبێت ڕاوبۆچوون و داخوازییەكانیان بە هەند وەربگیرێت و، بگرە لەسەر زۆر مەسەلەی تایبەت بە شیعەكانیش ڕای خۆیان هەیە، هەرچی لایەنی دەرەكیش هەیە، كۆمەڵێك وڵاتی وەكو ئەمریكا و ئێران و توركیا و وڵاتانی كەنداو، ڕۆڵیان لە یەكلاكردنەوەی گرژییەكان و دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكومەت دەبێت و، ئەم وڵاتانەش لایەنی بەهێزن لە یەكلاكردنەوەی ئەم گرژی و ململانێیانە و گەیشتن بە ڕێككەوتنێك بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە لەنێوخۆ و لە دەرەوەش هەمووان لە سەری ڕازی بن. كوردیش ئەمڕۆ هەنگاوێكی باش و بڕیارێكی باشی داوە، بەوەی نەبێتە لایەن لەگەڵ هیچ لایەنێكی شیعە و لە دژی هیچ لایەنێكی دیكەی شیعە نەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ ڕەوتی سەدری و ئیتلافی تەنسیقی، بەپێچەوانەوە سەرۆك بارزانی و لایەنە سیاسییەكان زۆر بە ژیرانە لە چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی ململانێكانی نێوماڵی شیعەن و ئەوكات لەگەڵ زۆرینەی شیعە كە ڕێككەوتن گفتوگۆكان لە سەر بنەمای پرەنسیپە نیشتمانی و نەتەوەییەكان دەست پێ دەكات، نەك بەپێچەوانەوە گفتوگۆ و ڕێككەوتن بكات، لە دژی لایەنێكی دیكە، ئەم سیاسەتەی لە ڕابردوودا نەكردووە و ناشیكات. كورد ڤێتۆی لە سەر كەسەكان نییە، بەڵكو لەسەر بنەمای بەرنامەی حكومەت و زامنكردنی ماف و ئیستحقاقە دەستوورییەكانی هەرێم گفتوگۆ و دانوستاندن دەكات.

* ئەی سەبارەت بە سەرۆك كۆماری عێراق كە كەمتر باسی لێوە دەكرێت و بۆ پشكی كوردە، ئەگەرەكانی یەكلاكردنەوەی ئەم پۆستە چۆنە؟

- بەداخەوە لەسەر زمانی ئێمە وا بڵاوكرابووەوە كە دكتۆر بەرهەم نابێتەوە بە سەرۆك كۆمار و لەم ڕووەوە نووسینگەی ئێمە ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و بەناوی منەوە ئەو قسانە ڕەت كرانەوە، من بەو شێوازە نەموتووە دكتۆر بەرهەم نابێتەوە بە سەرۆك كۆمار؛ بەڵكو وتوومە بە ڕا و بۆچوونی ئێمە هەر سێ سەرۆكایەتییەكە گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، لەوانەشە لە چوارچێوەی گفتوگۆ و ڕێككەوتنەكان هەندێك لە سەرۆكایەتییەكان دووبارە بمێننەوە، بەڵام بۆچوونی ئێمە وایە و پێشبینی دەكەم گۆڕانكاری لە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە بكرێت، هەرچی سەرۆك كۆماری عێراقە بە تەئكید ئەم پۆستە پەیوەستە بە كورد و لە نێوان پارتی و یەكێتی یەكلا دەبێتەوە بەو پێیەی گەورەترین دوو لایەنی براوەی كوردین، لە هەموو حاڵەتێكدا گرنگ ئەوەیە ئەم پۆستە بۆ كوردە، بەڵام بۆ پارتی دەبێت، یان بۆ یەكێتی و لەناو ئەم دوو حزبە چ كەسایەتییەك بە دەستی دەهێنێت، ئەمە وابەستەیە بە گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یەكێتی، ئەوەی من بزانم تا ئێستا باس لەو بابەتە نەكراوە.

* پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان سەردان و گفتوگۆكانی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان دەستی پێ كردووە، ئایا تاچەند ئەم هەڵوێستە گرنگە و یەكڕیزی و یەكدەنگیی نێوماڵی كورد تا چەند پێگەی كورد لە بەغدا بەهێز دەكات؟

- ئەمڕۆ سەردەمی هێزە، بەتایبەتی لە عێراقدا، هەر لایەنێكی سیاسی و پێكهاتەیەك بەهێز نەبێت، بەهێزەكان دەیخۆن، هەر خۆی لەخۆیدا بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان و پێكهێنانی حكومەت ململانێ و ناكۆكییەكان لە نێوان بەهێزەكانە، بۆیە پێویستە كوردیش خۆی بەهێز بكات، بەهێزیی كوردیش لە حیكمەتی سەرۆك بارزانی و بوونی كەسایەتییەكی بەهێزی وادایە كە هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبكاتەوە و كار بۆ بەهێزبوونی یەكڕیزی و یەكدەنگیی نێوماڵی كورد بكات، هەر خۆی لەخۆیدا سەردانەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاوێكی زۆر ئەرێنی و باش و ڕێكوپێك بوو، پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی ئەو لایەنانەشی كرد كە لە هەڵبژاردنەكە كورسییان نەهێنابوو، واتا هیچ لایەنێكی لەناو پرۆسەی هەڵبژاردنەكە لەبیر نەكردووە، لایەنی سیاسی لای پارتی تەنیا بە ژمارەی كورسی نییە، لایەنی سیاسی هەیە، ئەمڕۆ یەك كورسیشی نییە، كەچی پێگە و ڕۆڵی خۆی لە ناو پرۆسە سیاسییەكەدا هەیە، لایەنی سیاسی هەیە لە پەرلەمانی كوردستان و عێراقدا ژمارەی كورسی هەر نییە، یان زۆر كەمە، بەڵام خەباتی مێژوویی لەناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستاندا هەیە و كاریگەریی سیاسی و پێگەیەكی مەعنەویی خۆی هەیە، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمیش ئاماژەی بەوە دابوو، كە لایەنە سیاسییەكان هەمووان لەسەر یەك مێز كۆدەكاتەوە و گفتوگۆ دەكەن كە چۆن پێكەوە هەنگاو بەرەو بەغدا بنێن و نێوماڵی كورد بە یەكگرتوویی و یەكدەنگی بپارێزن و ڕۆڵی كورد و كوردستانییەكان لە پاراستنی دەستكەوت و بەدیهێنانی مافە ڕەواكانی بپارێزن، ئەمڕۆ كورد زیاتر لە 60 كورسی لە پەرلەمانی عێراق هەیە و ئەگەر بە تەنسیق و یەكگرتوویی و یەكدەنگی و ڕێكخستنی نێوماڵی خۆی كار بكات، ئەوا دەتوانێت لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا و لەناو پەرلەمان و حكومەت و كۆی پرۆسە سیاسییەكەدا ڕۆڵێكی گەورەی هەبێت.

 

Top