لە ئەڵمانیا هێرشبەرێك بە چەقۆ چەند سەرنشینی شەمەندەفەرێك بریندار دەكات
پۆلیسی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: دوێنێ لە ناو شەمەندەفەرێك لە شاری بایرون هێرشبەرێك بە چەقۆ چەند کەسێکی بریندار كرد، لە کۆتاییدا ئەنجامدەرەکە دەستگیرکرا.
پۆلیسی بایرون لە بەیاننامەیەکدا گوتی: بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان چەند کەسێک برینداربوون.
پۆلیس بە ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیتد پرێسی ڕاگەیاند: کاتژمێر 9ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ لە ڕێگای تەلەفۆنەوە ئاگادار كراین سەبارەت بە هێرشەکەی ئەو شەمەندەفەرەی ئەو ڕووداوەی تێیدا ئەنجامدراوە، شەمەندەفەرەكە لە ڕێگای نێوان شارەکانی ڕگنسبورگ و نورنبرگ بوو لە ویلایەتی بایرون.
ڕۆژنامەی بیلد-ی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، کە سێ کەس برینداربوون، دوو کەسیان لە دۆخێکی خراپدا بوون و دەست بە جێ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە، وتەبێژێکی پۆلیسی ناوخۆ ڕایگەیاند: کە هیچ یەکێک لە بریندارەکان مەترسیی گیان لە دەستدانیان نییە.
ئەو شەمەندەفەرە تیژڕۆیە لە وێستگەی سویبرسدۆرف وەستا، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری هێرشەکە بڵاونەکراوەتەوە.
وتەبێژی هێڵی ئاسنینی ئەڵمانیا گوتی: وێستگەی سویبرسدۆرف داخراوە و گەشتی شەمەندەفەری نێوان ڕگنسبورگ و نورنبرگ ڕاگیراوە.
گوڵان: سەردار خەلیل