عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران تووشی كۆرۆنا بوو

بەپێی هەواڵێك كە ئاژانسی دەنگوباسی تەسنیمی ئێران بڵاوی كردەوە حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران تاقیکردنەوەی کۆرۆنای كردووەو ئەنجامەكەی پۆزەتیڤ دەرچووە.
نەخۆش كەوتنی عەبدوڵڵاهیان لە كاتێكدایە كەهەوڵی دیپلۆماسی لە ئارادایە بۆ زیندوو كردنەوەی ڕێککەوتنی ناوکی ساڵی 2015 ی ئێران لەگەڵ زلهێزانی جیهاندا.
سەبارەت بە تەندروستیی ناوبراو، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەعید خەتیبزادە ڕایگەیاند كە بارودۆخی تەندروستیی وەزیری دەرەوەی ئێران جێگیرە و بەردەوام دەبێت لە کاروباری ڕۆژانەی لە کاتێکدا خۆی کەرەنتینە دەکات.
ئەوەی پەیوەستە بەم ڕێككەوتنە ئیدارەی سەرۆک جۆبایدن بە بەردەوامی هۆشداری داوە کە کات نەماوە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕێککەوتنەو پێیوستە پەلە بكرێت.
شایانی باسە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 وڵاتەكەی لەو ڕێککەوتنە کشاندەوە. هەرچی بایدنە دەڵێت: ئەمەریکا ئەو کاتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە کە ئێران بە تەواوەتی پابەند بێت بە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە.