ژینگە لەنێوان دەسەڵاتی فیدڕاڵی و دەسەڵاتی هەرێمەكاندا
عەبدولڕەحمان سدیق
ماددەی 114 لە دەستووری عێراق لە حەوت بواردا دەسەڵاتی هاوبەشی لە نێوان دەسەڵاتی فیدڕاڵی و دەسەڵاتی هەرێمەكاندا دیار كردووە، كە لە خاڵی (سێیەم)دا دەڵێت: «دانانی سیاسەتی ژینگەیی بۆ زامنكردنی پاراستنی ژینگە لە پیسبوون و پارێزگارییكردن لە خاوێنیی ژینگە، بە هاوكاری لەگەڵ هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی كە خۆیان لە هەرێمێكدا ڕێك نەخستووە». بەم پێیە كاتێك پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندیی نیشان دا، بۆ چوونە نێو ڕێككەوتننامەی پاریس بۆ كەش و هەوا، ئەم هەنگاوە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.
ئێستا لە عێراقدا لیژنەیەكی باڵای تایبەت بە گۆڕانكاریی كەش و هەوا هەیە كە نوێنەری دەستەی ژینگەش ئەندامە تیایدا، هەر ئەویش سەرۆكی لیژنەی گۆڕانكاریی كەش و هەوایە لە هەرێمی كوردستان، كە ئەو لیژنەیەی هەرێمیش بە سەرۆكایەتیی نوێنەری دەستەی ژینگە و بە ئەندامێتیی نوێنەری ئەم لایەنانەیە:
یەكەم: نوێنەری هەر یەك لە وەزارەتەكانی: كارەبا، شارەوانیی، كشتوكاڵ، بازرگانی، پلاندانان، ناوخۆ، تەندروستی، گواستنەوە، سامانە سرووشتییەكان، ڕۆشنبیری و لاوان، خوێندنی باڵا، پەروەردە، ئەوقاف، دەستەی وەبەرهێنان.
دووەم: نوێنەرانی كەرتی تایبەت لە هەریەك لە ژووری بازرگانیی هەولێر، ژووری بازرگانیی سلێمانی، ژووری بازرگانیی دهۆك، ژووری بازرگانیی هەڵەبجە.
سێیەم: بەڕێوەبەرانی فەرمانگەی ژینگە لە هەر یەك لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، فەرمانگەی ژینگەی دهۆك، فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، فەرمانگەی ژینگەی ڕاپەرین.
ئەم لیژنەیەی هەرێم ڕاسپاردە و پێشنیارەكانی دەداتە لێژنەی كەش و هەوای عێراق لە ڕێگەی نوێنەری دەستەی ژینگەوە و كۆبوونەوەی دەورییان لە بەغدا و هەولێر هەیە.
لە ڕێگەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە بەغدا، دیدگای دەستەی ژینگەمان داوەتە وەزارەتی ژینگەی عێراق كە لەم خاڵانە پێك دێت:
1- حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دەستەی ژینگەی هەرێمەوە پابەندە بە گشت ئەو ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییانەی تایبەت بە پاراستنی ژینگە كە كۆماری عێراق واژۆی لەسەر كردووە و پابەندبوونی خۆی پێیانەوە ڕاگەیاندووە.
هەر لەم ڕوانگەیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان كاتێك بە ئەركەكانی خۆی هەڵدەستێت، داوای ئەو مافانەشی دەكات كە ئەو ڕێككەوتننامانە دابینیان دەكەن.
2- پەرەپێدان بە كاری لێژنەی گۆڕانكاریی كەش و هەوا لە هەرێم لە ڕێگەی:
+ یاداشتنامەی لەیەكگەیشتن لەگەڵ ژینگەی عێراق.
+ پەرەپێدان بە بەشی گۆڕانكاریی كەش و هەوا لە فەرمانگەی هونەریی دەستەی ژینگەی هەرێم.
+ سازدانی وۆركشۆپی هاوبەش لەگەڵ ژینگەی عێراق.
+ هەماهەنگیی بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی گازەكانی دوانە ئۆكسیدی كاربۆن و میسان لە ڕێگەی:
1- سوودوەرگرتن لە یارمەتییەكانی ڕێكخراوەكانی تایبەتمەندی نەتەوە یەكگرتووەكان.
2- گۆڕینەوەی داتا و زانیاری لەگەڵ ڕێكخراوە جیهانییەكان.
3- هەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوە ژینگەییە لۆكاڵییەكان.
4- هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت.
5- هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ گۆڕینی ستایلی بەكاربردن و مامەڵەی تەندروست لەگەڵ ژینگە.
6- بەشدارییپێكردنی ژنان و لاوان لە پڕۆسەی پاراستنی كەش و هەوا.
هەر لەم ڕوانگەیەوە نوێترین كاری هاوبەشی نێوان وەزارەتی ژینگەی عێراق و دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان بریتی بوو لە كۆنفڕانسی (كۆمەكی دارایی نێودەوڵەتی و بازاڕی كاربۆن و كەمكردنەوەی دەردانی گازەكانی هۆكار بۆ قەتیسبوونی گەرمی)، ئەوەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی كۆمپانیای كاپیتاڵ ئینێرجی بەریتانی بوو لە هۆڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر بە ئامادەبوونی ئێمە و هەریەك لە وەزیری ژینگەی عێراق بە وەكالەت و، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی و نوێنەرانی وەزارەت و دەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە كۆمپانیای كاپیتاڵ ئینێرجیی بەریتانی وەك كاراكردنی ڕۆڵی كەرتی تایبەت بەنیازە كۆمەك بەو پڕۆژانە بكات، كە لە بواری كەمكردنەوەی ئاسەوارە نەرێنییەكانی گۆڕانكاریی كەش وهەوا كار دەكەن.