دەبێت كورد بۆ دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق مەرجی پێشوەختەی هەبێت
ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە بكەین، دەتوانین بڵێین: یەكێك لە سیما جوانەكانی ئەم هەڵبژاردنە بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو ئەوەیە ساختەكاریی كەمی تیا كراوە، هەتا ئەگەر لە هەندێك شوێن كارتی دەنگدەریان كڕیوە و بردوویانە دەنگیان پێ داوە، بەڵام ساختەكاریی بەرچاو ئەگەر كرابێت، بە ڕیگەی كۆمپیوتەر و سۆفت وێر كراوە، هەر بۆیەشە دەبینین دەنگی حزبەكانیش كەمی كردووە و، وەك هەڵبژاردنەكانی دیكە دەنگی زۆریان بەدەست نەهێناوە.
سیمایەكی دیكەی جیاوازیی ئەم هەڵبژاردنە ئەوە بوو كە بۆ یەكەم جار بازنەی هەڵبژاردنەكانی بچووك كرانەوە و دەنگدەر لە بازنەی بچووكدا دەنگی دا، لەناو ئەم سیستمە تازەیەدا، لەوانەیە خەڵكانێك كاندید كرابن، تەنیا لەبەر ئەوەی لە بازنەی خۆیان ناسراون و لەوانەیە ئەزموونێكی ئەوتۆی سیاسیشیان نەبیت و، بە باشییش عەرەبی نەزانن، هەتا بتوانن لە پەرلەمانی عێراقدا ڕۆڵی خۆیان ببینن.
ئەم سیستمە تازەیە نەخشەی سیاسیی عێراقی گۆڕی، بۆ نموونە هەردوو هاوپەیمانیی حەكیم و عەبادی كە لە هەڵبژاردنی پێشوو پێكەوە 64 كورسییان هەبووە، ئەمجارە بە هەردووكیان چوار كورسییان بەدەست هێناوە.
لێرەدا گۆڕانكاریی گرنگ، ئەو گۆڕانكارییە بووە كە لە ماڵی عەرەبی شیعە ڕووی داوە. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ماڵی شیعە چۆن خۆیان ڕێكدەخەنەوە؟ بێگومان بە مەزندەی من، بۆ ئەوەی دەسەڵات لە دەستی عەرەبی شیعە بمێنێتەوە، كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستتێوەردان دەكات، هەر بۆیە ئەگەر بەپێی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بێت، تەیاری سەدر 73 كورسی هەیە و كوتلەی گەورەیە، لەو لاوە لە چوارچێوەی هەمانگیی شیعە كە مالیكی و عامری سەرۆكایەتی دەكەن، هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ و بانگەشەی ئەوە دەكەن، ئەوانیش دەتوانن كوتلەی گەورە دروست بكەن، هەندێك ئاماژەش لە سەردانی سەدر بۆ بەغدا دەخوێندرێتەوە كە نزیكبوونەوەیەك لە نیوان ئەو و مالیكی دروست دەبێت، ئێران لەم پرسەدا هەوڵدەدات زۆرینەی پەرلەمانی لە دەستی شیعەدا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی كورد و سوننە تەنیا بەشداری پێ بكەن.
لێرەدا ئەگەر ئەو پرسیارە بكەین: ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی هەڵبژاردنەكان چۆن وەبەرهێنان لەم سەركەوتنە دەكات بۆ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەو سەردانانەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای كۆی لایەنە سیاسییەكان بەوانەی لە هەڵبژاردن كورسییان بە دەست هێناوە، بەوانەشی بەدەستیان نەهێناوە، ئەم جووڵانەی پارتی زەمینەسازكردنە بۆ ئەوەی هەمووو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەژێر چەتری سەرۆكایەتیی هەرێم كۆببنەوە و، لە ناوماڵی كوردستان تەبایی و یەكڕیزی دروست بێت، بۆ ئەوەی كورد لە پرۆسەی دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق باسكی بەهێز بێت و، بتوانێت پێداگری لەسەر مافەكانی خۆی بكات.
پارتی وەك حزبێكی سیاسی كە خاوەنی مێژوویەكی دێرینە لە هونەری دانوستاندن، دەبێت ڕۆڵێكی پێشڕەوانە لەم پرۆسەیەدا بگیرێت و، ڕێگە نەدات ئەوەی بە متمانەی خەڵك بە دەستمان هێناوە، لەسەر مێزی دانوستاندن بیدۆڕێنین، بۆیە گرنگە پارتی، یان ئەگەر هاوپەیمانییەكی كوردستانی دروست بوو (زۆر باشتر)، دەبێت مەرجی پێشوەختە دابنێن، ئەمەش واتە (ئێمە لەگەڵ ئێوە وەك هاوپەیمان ڕێككەوتووین كە ئەم بەرنامەیە جیبەجێ بكرێت، ئەگەر ئەم بەرنامەیە وەك خۆی جێبەجێ نەكرا، دەبێت چی بكەین؟ ئەوا لەم حاڵەتەدا، دەبێت ئەو مەرجە هەبێت كە هەموو حكومەتەكە بە دەست لە كار كێشاوە دابنرێت)، گرنگە ئەمە بكرێتە دیكۆمێنتێك و دیكۆمێنتەكەش بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكرێت. بۆیە دووبارەی دەكەمەوە، دانوستاندنی ئەمجارەی پارتی دیموكراتی كوردستان، یان هاوپەیمانیی كوردستان دەبێت دانوستاندنێكی چارەنووسساز بێت و، پیتەكان بە جوانی خاڵبەندی بكرێن، بۆ ئەوەی ڕابردوو جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە.