گرنگە لایەنی كوردستانی لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان بەشداریی هاوپەیمانییەكان بكات

گرنگە لایەنی كوردستانی  لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان بەشداریی هاوپەیمانییەكان بكات

 

 

ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021 بۆ ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق جۆرێك لە گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسیی عێراقدا دروست كرد، ئەو لایەنانەی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و تەیاری سەدر و تەقدوم، كە كورسیی باشیان بەدەست هێناوە، جۆرە هاوسەنگییەك لە هاوكێشەی سیاسیی عێراقی ئایندەدا دروست دەكەن، بەڵام ئەوەش ئاشكرایە كە ململانێیەكی نێودەوڵەتی و هەرێمیی قورس لەسەر عێراق هەیە، ئەم ململانێیەش بە سەر دوو بەرەدا دابەش بوون، كە بەرەیەكیان ئەمریكا و دەوڵەتانی كەنداون، بەرەكەی دیكەشیان كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە، ئەو هیز و لایەنانەی دەنگی باشیان بە دەست هیناوە، بە شێوەیەكی گشتی دەكریت بە میانڕۆ وەسفیان بكەین، ئەمەش بەو مانایەی‌ هەموو هێڵكەكانیان ناخەنە سەبەتەی ئەمریكاوە، واتە بە شێوەیەكی نەم و میانڕۆ جۆرە هاوسەنگییەك لە پەیوەندییەكانیان هەیە و، هەڵگری بۆچوونی تازەن، ڕاشكاوانەتر بریتین لە تەیاریكی ئەقڵانی تێكەڵ بە پرسی مەدەنی، ئەمەش واتە ئامانجیان ئەوەیە دیموكراتیەتێكی نیشتمانی و مەزهەبی لەبەر چاو بگیرێت و عێراقی داهاتوو بەرەو عێراقیكی دەستووری هەنگاو هەڵبگریت.

لەبەر ئەمەدا، ئێران لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوەی پیرۆزبایی هەڵبژاردن و ئاكامەكانی لە عێراقییەكان كرد، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی خۆی تێكەڵی بارودۆخی سیاسیی عێراق نەكردووە و، خۆی وەك تەماشاكەر نمایش كردووە، ئەمەش یەكێكە لە سیفەتەكانی سیاسەتی كۆماری ئیسلامی كە سەرەتا خۆی كەمتر تیكەڵ دەكات، هەتا بە تەواوەتی دیمەنی پرۆسە سیاسییەكە دەردەكەوێت و، هەركاتێك پێویستی كرد، یان وێنای پرۆسەكە بە دڵی ئەو نەبوو، ئەوا خۆی تێكەڵ دەكات و، كێشە دروست دەكات بۆ ئەوەی هاوكێشەكە بە لای خۆیدا ڕاست بكاتەوە.

پرسێكی دیكە كە پێویستە پیش كۆبوونەوەی پەرلەمان هێز و لایەنە سیاسییەكان لەسەری ڕێك بكەون، پرسی هەر سێ پۆستی (سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانە)، پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم سێ پۆستە وەك خۆیان لە نێوان (كورد و سوننە و شیعە) دەمێنێتەوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە، ئەزموونی 17 ساڵی ڕابردوو ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەم پرسە بووەتە عورفێكی سیاسی دەستووری و پێناچێت گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، لەوانەیە دەموچاوەكانی كورد و شیعە و سوننە لەو پۆستانە بگۆڕێن، بەڵام پۆستەكان لای هەر سێ پێكهاتەكە دەمێنێتەوە.

كورد و ئاكامەكانی هەڵبژاردن

لەگەڵ ئەوەی گوتاری حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەم هەڵبژاردنەشدا هەر گوتارێكی نەریتی پیشان بوو، كە هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەبوو، بەڵام ئاكامی هەڵبژاردن سەلماندی قەوارەی هەر حزبیكی سیاسی چەندە، هەر بۆ نموونە: پارتی دیموكراتی كوردستان 33 كورسی هێناوە، كە دەكاتە ڕێژەی 52.5%ی كۆی كورسییەكانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها یەكێتی نیشتمانی لە كۆی 63 كورسیی كورد 16 كورسی بەدەست هێناوە، نەوەی نوێش وەك بزووتنەوەیەكی نوێ و وەك بەدیلی بزووتنەوەی گۆڕان خۆی دەرخست و، حزبە ئیسلامییەكانیش چەند كورسییەكی شەرمنانەیان هێناوە.

ئەم ئاكامە پێمان دەڵێت: دەنگدەر دەنگی بۆ پاكێجی داواكارییەكانی نەداوە، بەڵكو دەنگی بۆ قەبارە و قورسایی و كاریزمای حزبەكە داوە، هەر بۆیە دەبینین كە قورسایی كاریزمای بارزانی كاریگەری خۆی هەبووە، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەو ژمارە زۆرەی كورسی بەدەست هێنا.

لێرەوە ئەگەر بپرسین: ئایا ئەو سێ لایەنەی لە هەر سێ پێكهاتەی كورد و سوننە و شیعە (پارتی و تەقدوم و سەدر) چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئاكامە دەكەن؟ ئایا دەتوانن پێكەوە ببنە هاوپەیمانێك و كوتلەی گەورە لەناو پەرلەمانی عێراق دروست بكەن؟ یان ئەگەر پرسیارەكە بە جۆرێكی دیكە بكەین و بپرسین: ئایا بەرژەوەندیی كورد لەگەڵ كام لایەنە (سوننە یا شیعە)‌ هەتا هاوپەیمانی لەگەڵدا بكات؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێین: كورد لێكەوتەیەكی جوگرافی لەگەڵ عەرەبی سوننە هەیە، بەڵام سیاسی و مێژوویی و ڕیشەیی نا، لە ئێستاشدا كۆمەڵگەی سیاسیی عەرەبی سوننە، كۆمەڵگەیەكی فرە پێكهاتەی هەمەجۆرە و مەرجەعێك كۆیان ناكاتەوە، بۆیە ئەم پەرش و بڵاوییەیان جۆریك لە ئینتهازیەتی پێ بەخشیون و ناتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت، ئەمە جیا لەوەی شارەكانیان لە شەڕی دژی داعش كاول بووە و، هێشتا بە تەواوەتی جووڵەیەكی پەرەپێدان و بونیادنانەوە دەستی پێ نەكردووەتەوە. بۆیە من وای بۆدەچم، پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەب زیاتر تەكتیكی بێت، نەك ستراتیژی، خۆیشمان لە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بینیمان كە عەرەبی سوننە هیچ هەڵویستێكی بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەبوو.

هەرچی پەیوەندی نیوان كورد و عەرەبی شیعەیە، ڕاستە لە نێوانیاندا پەیوەندییەكی سیاسی و مێژوویی و خەباتی هاوبەش بوونی هەیە، بەڵام كاتێك شیعەی عەرەبیش گەیشتنە دەسەڵات، پاشەكشەیان لە زۆر پرس كرد، كە ئەو پرسانە داوای ڕەوای گەلی كوردستان بوون، بۆ نموونە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور. شیعەكان بە ڕاشكاوی پاشەكشەیان كرد و كارێكیان كرد، ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ نەكرێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە 56 ماددەی دەستووریی دیكەش هەن، هەر لەلایەن ئەوانەوە پاشەكشەی لێ كراوە و پێشێل كراون.

لە ناو ئەم واقیعەدا، لایەنی دانوستاندنكاری كوردستان پێویستە هەوڵ بدات، ئەو دەرفەتانەی بۆی دێنە پێشەوە، سوودیان لێ وەربگرێت و، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان دانوستانەكان ئاراستە بكات، بۆیە ئەمەش پێویستی بە شاندێكی دانوستاندنكاری بەهێز و خاوەن لۆژیك هەیە، كە لەم بازنەیەدا گرەوی گەورە دەكەوێتە سەرشانی پارتی و لۆژیكی سەرۆك بارزانی، كە دەبێت زۆر بە باشی و بۆ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان وەبەرهێنان لەو سەركەوتنە بكەن، كە لەم هەڵبژاردنانە بەدەستیان هێناوە.

بێگومان بەرپرسیاریەتی سەرشانی سەرۆك بارزانی، بەرپرسیاریەتییەكی دوولایەنەیە، ئەمەش واتە هەم بەرپرسیاریەتی لەسەر شانە بەرامبەر كوردستان، هەم بەرامبەر بە عێراقیش..

- سەبارەت بە بەرپرسیاریەتیی سەرۆك بارزانی بەرامبەر بە كوردستان، ڕاماڵینی ئەو پەرتەوازەییەیە كە پێشتر بوونی هەبووە و ئێستا دوای ڕاگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن، لایەنی لێكتێگەیشتن زیاتر بووە و، چاوەڕێی ئەوە لە سەرۆك بارزانی دەكرێت، كە ئەم سەركەوتنە زیاتر بۆ یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان وەبەرهێنانی تێدا بكات.

- سەبارەت بە عێراق، ئاشكرایە ئێستا عێراق بەرەو پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوە دەچێت، بۆ ئەم پرۆسەیەش دوو پرس هێجگار گرنگن، یەكەمیان: ئەندازەی دەستووری و دامەزراوە دەستوورییەكانە، ئاشكرایە سەرۆك بارزانی بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، كە دەبێت دەستوور وەك یەك سەفقە جێبەجێ بكرێت، ئەم پێداگرییەی سەرۆك بارزانی، دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ ئەوەی دووبارە بونیادنانەوەی عێراق لە چوارچێوەی ئەندازەی دەستوور بێت و، دامەزراوە دەستوورییەكانیش وەك (پەرلەمان، حكومەت، سەرۆكایەتیی كۆمار، دەسەڵاتی دادوەری، سوپا، دامەزراوەكانی ئاسایش، ئەنجومەنی فیدڕاڵی و.. هتد) ببنە دامەزراوەیەكی كاریگەر و عێراق بەرەو بونیادنانەوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتیی ڕاستەقینە هەنگاو هەڵبگریت.

لە هەمبەر ئەم دوو بەرپرسیاریەتییەی دەكەوێتە سەر شانی سەرۆك بارزانی، مێژووی دانوستاندنەكانی پێشتر بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق سەلمێنەری ئەزموونی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی-ن، كە ئەویش خۆی لە ڕێككەوتنی هەولێری 2010 بۆ پیكهێنانی كابینەی دووەمی نووری مالیكی بەرجەستە دەكات. سەرۆك بارزانی لە ڕێككەوتنی هەولێر زۆر جەختی لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان كردەوە، لە هەمانكاتدا زۆر جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، دەستوور وەك سەفقەیەك جێبەجێ بكرێت و، بە كردەیی عێراق ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی، بەڵام ئەوكات وەك خۆی ڕێككەوتنەكەی هەولێریان جێبەجێ نەكرد و، خۆیان زەرەریان كرد و، عێراقیان گەیاندە ئەو دۆخە ئاڵۆزە، ئێستاش ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ لۆژیكی بارزانی، جارێكی دیكە عێراقیان لە دووڕێیانی (دەوڵەت و نادەوڵەت)یان بۆ ڕزگار ناكرێتەوە.

 

 

Top