سیستمی هەڵبژاردن و گۆڕانكاریی گەورە لە نەخشەی سیاسیی عێراقدا
هەڵبژاردنی 10ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەو ڕاستییەی بۆ هەموو لایەك ئاشكرا كرد، كە سیستمی هەڵبژاردن چۆن بێت، ئاكامی هەڵبژاردنیش هەر بەو شێوەیە دەبێت. لەمەوە ئەگەر بەراوردێك لە نێوان هەڵبژاردنەكانی نیسانی 2018 و ئۆكتۆبەری 2021 بكەین، دەبینین جیاوازییەكی گەورە لە ئاكامەكانی سیستمی یەك بازنەیی لە ئاستی یەك پارێزگا و سیستمی چەند بازنەیەك لەسەر ئاستی یەك پاریزگا دروست كردووە، بەمەش گۆڕانكارییەكی زۆر گەورە بە سەر نەخشەی سیاسیی عێراقدا هاتووە، ئەم گۆڕانكارییەش بە تەواوی پرۆسەی دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق دیار دەبێت و كاریگەریی گەورەی لەسەر دەبێت.
ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە لەسەر ئاستی كوردستان، قەوارەی ڕاستەقینەی پارتی دیموكراتی كوردستانی پیشان دا، ئەمەش لەو ڕوانگەیەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆی 63 كورسیی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق 33 كورسی بەدەستهێناوە، ئەم ئاكامە هەر لە سەرەتاوە جۆرێك لە لێكتێگەیشتینی لەسەر ئاستی كوردستان دروست كردووە و مەزندەی ئەوە دەكریت، ئەم ئاكامە ببیتە بناغەیەكی باش بۆ سەقامگیریی سیاسی لە كوردستاندا.
لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی عەرەبی سوننەش تا ڕاددەیەكی زۆر قەوارەی تەقدومی پێشخستووە و، لە دوای ئەویش هاوپەیمانیی عەزم بە پلەی دووەم دێت، ئەم ئاكامە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی عەرەبی سوننە بەرەو یەكخستنەوەی تواناكانی خۆیان هەنگاو هەڵدەگرن، ئامانجیانە كە دەست بە دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو كاولكارییانە بكەن كە شارەكانی سوننە بە هۆی شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە بە سەریاندا هاتووە.
گۆڕانكاریی گەورە و چاوەڕواننەكراوی ئاكامەكانی ئەم هەڵبژاردنە لەسەر كۆمەڵگەی عەرەبی شیعەیە كە بە شێوەیەكی گەورە پەرتەوازەیی لە ناوماڵی شیعە دروست كردووە، هەروەها گۆڕانكاری لەسەر ئاستی هێزەكانی شیعە دروست كردووە، لەم گۆڕانكارییەشەدا كەمكردنەوەی كورسییەكانی (عەبادی و حەكیم) لە 64 كورسیی هەڵبژاردنەكانی 2018 بۆ تەنیا چوار كورسی لە هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری ڕابردوو، باشترین ئاماژەیە بەوەی كە چ گۆڕانكارییەكی گەورە لە ناو كۆمەڵگەی شیعە هاتووەتە ئاراوە، لەمەش گرنگتر ڕەتكردنەوەی ئاكامەكانی هەڵبژاردنەكان لەلایەن هاوپەیمانی (چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە) ئاماژەیەكی مەترسیداری دیكەیە كە پرۆسەی پیكهێنانی حكومەتی داهاتوو، جیا لەوەی پرۆسەیەكی ئاسان نابێت، بەڵام لە دەستتێوەردانی دەرەكیش بە دوو نابێت.
بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گرنگە، گوڵان مێزگردیكی كراوەی بۆ هەر یەك لە بەڕێزان (پڕۆفیسۆر شێرزاد نەجاڕ، د.ساحیب قارەمان و د.نەجدەت ئاكرەیی) ڕێكخست و بەمجۆرە ئەو پرسە گرنگە لەو مێزگردەدا تاوتوێ كرا.
پڕۆفیسۆر شێرزاد نەجاڕ:
بارودۆخی سیاسی دەخوازێت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش ڕێكبكەون
ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەی پیشان داین كە سیستمی هەڵبژاردن كاریگەریی گەورەی لەسەر ئاكامەكانی هەڵبژاردنەكان هەیە، ئەمەش واتە سیستمەكە چۆن بێت، ئاكامەكەش هەر بەو شێوەیە دەبێت، هەر بۆ نموونە: هەڵبژاردنەكانی 2018 لە چوارچێوەی سیستمی هەر پارێزگایەك و بازنەیەك ئاكامێكی هەبوو، ئەمجارەش لە چوارچێوەی سیستمی هەر پارێزگایەك و چەند بازنەیە ئاكامێكی دیكەی پیشان داین، هەر بۆیە ئەم سیستمە تازەیە ئاكامێكی نوێی ئەوتۆی هێنایە ئاراوە كە نەخشەیەكی سیاسیی نوێیش لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا دروست بێت، ئەم ئاكامە نوێیە جۆرێك لە پەرتەوازەیی لەناو ماڵی شیعە دروست كرد كە ماوەی 10 ساڵە ئەمریكا و دەوڵەتانی عەرەبی هەوڵدەدەن ئەو پەرتەوازەییە دروست بكەن و بۆیان نەكرا، بەڵام ئاكامی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەی دروست كرد، بۆیە هەتا ئەگەر بڵێین پەرتەوازەییەكە بەو شێوەیەش نییە، بەڵام لایەنەكانی شیعە لەناو خۆیاندا تووشی كێشە و ململانێی گەورە كردووە. پرسیار ئەوەیە بۆچی ئاكامەكانی هەڵبژاردن توانی ئەم پەرتەوازەییە دروست بكات؟ بێگومان لەبەر دوو هۆكاری سەرەكی:
1- كوتلەی شیعە كە حكومەت و وەزارەتەكانیان لە دەستدا بووە، لە جێبەجێكردنی خواستی هاووڵاتیاندا شكستیان هێناوە.
2- هەژموونی ئێرانی لە سەر پرۆسەی سیاسیی عێراق شتێكی بەرچاو بووە، ئەمەش نیگەرانی لای هاووڵاتیان دروست كردووە.
كەواتە ئەو دەستەبژێرەی ئەمجارە بوونەتە ئەندامی پەرلەمان، دەستەبژێرێكن بە كاریگەریی سیستمی هەڵبژاردن و كاریگەریی هەوڵەكانی لەبەریەكهەڵوەشانی ماڵی شیعە و هێزی حزبەكان لە بازنەكانی هەڵبژاردن هەڵبژێردراون، بۆیە پرسیار لێرەدا دەبێتە ئەوەی ئایا ئەم دەستەبژێرە، دەستەبژێرێكی لێهاتوون، یان تەنیا دەستەبژێرێكن بە دەنگی حزبەكانیان هەڵبژێردراون؟ لەسەر ئەم پرسە لەسەر كاندیدی هەموو لایەنەكان (بە لایەنە كوردستانییەكانیشەوە) تێبینی زۆرن و، بەشی زۆریان بەو ئاستە لێهاتوو نین، كە ئومێدیان لەسەر هەڵبچنرێت.
لایەنیكی دیكە وێڕای تیبینییەكان لەسەر ئەو دەستەبژێرەی دەبنە ئەندامانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، ئیشكالییەتێكە كە بۆ قاعیدە دەستوورییەكەیان دروست كردووە، بەپێی قاعیدەی دەستووری، سیستمی سیاسیی عێراق، سیستمێكی پەرلەمانی و دیموكراتی و فیدڕاڵییە، بەپێی ئەم سیستمە هەر هێز و لایەنێكی سیاسی لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی یەكەمی هێنا، ئەو هیزە ڕادەسپێردرێت بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی دیاركراودا (30ڕۆژ) حكومەت پێكبهێنێت، ئەگەر سەركەوتوو نەبوو، ئینجا هێزی دووەم ڕادەسپێردرێت، بەڵام لە سیستمی پەرلەمانی عێراقیدا، ئیشكالیەت بۆ قاعیدە دەستوورییەكە دروست كراوە و، دەڵێن: نەخێر، فراكسیۆنی گەورە حكومەت پێكدەهێنێت، لە كاتێكدا ئەمەش دیاری نەكراوە، فراكسیۆنی گەورەی پێش هەڵبژاردن، یان ئەو فراكسیۆنە گەورەی كە دوای هەڵبژاردن دروست دەكرێت، سەبارەت بەم ئیشكالیەتە دادگای دەستووری تەفسیرێكی كردووە، بەڵام ئەو تەفسیرەی دادگای دەستووری لەژێر گوشارێكی گەورەی سیاسیدا كرا، هەر بۆیە ئەگەر هەمان پرس ئاراستەی دادگای فیدڕاڵیی ئەڵمانیا، یان ئەنجومەنی دەستووری فەرەنسی بكرایە، ئەوان تەفسیرێكی دیكەیان دەبوو، بۆیە لەسەر پرسی دروستكردنی گەورەترین فراكسیۆن ئیشكالیەتێكی گەورە هەیە، ئەم ئیشكالیەتە گەیشتووەتە ئەوەی كە داوای هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەشێك هەیە لە ئەدای پەرلەمانی عێراق ڕازی نییە، كە ئەم ڕازینەبوونەش هەبوو، ئەوا كاریگەریی گەورە لەسەر پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دروست دەبێت.
لێرەوە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەگەرەكانی پێكهێنانی فراكسیۆنی گەورە، لەسەر ئەم پرسە هەندێك دەڵێن: یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە (تەیاری سەدر و سوننە و كورد) هاوپەیمانییەك لە 190 كورسی پێكبهێنن و حكومەت دروستكەن، بەڵام پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەوانەی ناویان لە خۆیان ناوە (چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە) كاردانەوەیان چۆن دەبێت، لانیكەم هەتا ئێستا بیانوویەكیان پیشان داوە كە ئاكامی هەڵبژاردنەكان ڕەت دەكەنەوە، باشە سبەی ئەگەر ئەو حكومەتەی سەدر پێكیدەهێنێت، ئەوان ڕەتی بكەنەوە چ كێشەیەك دروست دەبێت؟
لەناو ئەم هەموو ئیشكالیاتەنەدا، كە هۆشیاریی سیاسی لاواز بوو، دەستەبژێری حاكم هەموو تەركیزیان خستە سەر بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان و بەرژەوەندیی گشتییان ئیهمال كردووە. پرسیار ئەوەیە چارەنووسی ئەو وڵاتە بەرەو كوێ دەچێت؟
سەبارەت بە دەستتێوەردانی دەرەكیی، پرسیار ئەوەیە: ئایا ئێران و ئەمریكا لەناو ئەم كێشمەكێشە واز لە بەرژەوەندیی خۆیان دەهێنن و ئامادەن لە پێناوی عێراقدا سازش بكەن؟ ئەمە لە كاتێكدا پرسەكە پرسێكی عێراقییە و پەیوەندی بە عێراقییەكانەوە هەیە، بەڵام هەردوو جەمسەری ئێران و ئەمریكا كێشەی لەسەر دروست دەكەن، ئەمەش ئایندەیەكی ناڕۆشن دروست دەكات.
لەناو ئەم پرسە ئاڵۆزەی عێراقدا، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ شێوازی لایەنی كوردستانی لەسەر ئەم پرسە گرنگە، ئەوەی ئیستا تێبینی دەكرێت، هەموو لایەنەكان لە یەك خاڵدا هاوئاواز دەبن، كە داوای یەكڕیزی دەكەن، بەڵام لەسەر ئەم پرسە من دەڵێم: لە سیاسەتدا ڕێككەوتن لەسەر خاڵی هاوبەش لە یەكڕیزی گرنگترە، واتە هەموو لایەنەكان لە سەر بەرنامەیەك ڕێكبكەون، گرنگترین خاڵە هاوبەشەكان بریتین لە:
1- مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بەپێی دەستوور زامن و جێبەجێ بكرێن.
2- ماددەی 140 لە چوارچێوەی سەقفێكی زەمەنی دیاریكراودا جێبەجێ بكرێت و ئەو پرسە بە هەڵواسراوی كۆتایی پێ بهێنرێت.
3- لەسەر ئاستی ئەو مافانەی پەیوەستن بە كوردستان و عێراقەوە، پرسی نەوت و گاز لە چوارچێوەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵی چارەسەر بكرێت.
4- سندوقی داهاتەكان دابنرێت و بەپێی دەستوور بە سەر عێراقییەكاندا دابەش بكرێت.
ئەم پرسە گەوهەرییانە و ئەو بارودۆخەی ئێستا كوردستان و عێراقی پێدا تێدەپەڕێت و، لە هەمووشیان گرنگتر بەرژەوەندیی گشتیی كوردستان فەرزی دەكات كە دەبێت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر خاڵی هاوبەش ڕێكبكەون، بۆ ئەوەی بتوانن لە پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراقدا ڕۆڵیان هەبێت.
بۆ پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراق پێویستمان بە چەند ڕیۆشوێنە كە بیگرینەبەر، ئەوانیش بریتین لە:
یەكەمیان: دامەزراوەی بەهێز.
دووەمیان: حوكمی یاسا كە دەسەڵاتی دادوەری و فیكرەی یاسا و دەستووریش دەگرێتەوە.
ئەگەر بپرسین: ئایا ئەمانە لە ئێستای عێراقدا بوونیان هەیە؟ بە ڕاشكاوی دەڵێم: لەو دەستەبژێرانەی كە ئێستا لە عێراقدا دەسەڵات بەڕێوە دەبەن، نابینرین. بۆیە دەگەینە سەر دووڕێیانێكی دیكە، ئەویش ئەوەیە ئەگەر لە پرۆسەی بونیادنانەوەی عێراق شكستمان هێنا چیمان بەسەر دێت؟ بێگومان زانستی سیاسەت دەڵێت بەرەو هەڵدێر دەچین.
كاتێك باس لە ئەركی قورسی ناو ئەو پرۆسەیە دەكەین، كێشەكە ئەوەیە ماوەی 18 ساڵە كێشەمان لەسەر چەمكی فیدڕاڵیەت هەیە، بەشێكی زۆری لایەنە عێراقییەكان كە وتووێژ لە سەر ئەو چەمكە دەكەن، ئاشكرا نەبوو «چەمكی فیدڕاڵیەت» لای ئەوان چ مانایەكی هەیە. ڕاستە لە ناو دەستووری عێراقدا بە شێوەیەك پێناسەی ئەم چەمكە كراوە، بەڵام ئەم پێناسەیە پێویستی بە ڕیفۆرمێكی دەستووری هەیە. هەر بۆ نموونە، ئەڵمانیا لە ساڵی 1949 فیدڕاڵییەتی جێبەجێ كرد، بەڵام لەو كاتەوە دووجار ڕیفۆرمی گەورەی ئەنجام داوە.
بۆ ئیمەش لە عێراقدا ڕیفۆرمی لەم جۆرە زۆر پێویست و گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەوە ماوەی 18 ساڵە ئەو دەسەڵاتانەی فیدڕاڵی كە پەیوەستن بە هەرێمی كوردستانەوە جێبەجێ ناكرین، بۆیە دەبێت مەخرەجێك بۆ ئەمە دروست بكرێت، ئەم مەخرەجەش بە ڕیفۆرمی دەستووری دەبێت. كە بەهێزترین خاڵی ئەم ریفۆرمە بۆ هەرێمی كوردستان ئەمە دەبێت:
(ئهگهر هاتوو دهسهڵاتی فیدرالی ههڵنهستا به جیبهجیكردنی ئهو دهسهڵاتانهی له دهستوردا هاتوون و ئهم جیبهجێ نهكردنهش زیانی له ههرێمیك له ههرێمه فیدراڵیهكاندا، ئهوا ئهو ههرێمه دهتوانێت خۆی یاسا دهربكات و ئهو دهسهڵاتانه جێ بهجێ بكات).
كەواتە ئەركی تیمی دانوستاندنكاری كوردستان قورس دەبێت، لەناو ئەم تیمەشدا بەپێی ئاكامەكانی هەڵبژاردن ئەركی سەرشانی تیمی پارتی دیموكراتی كوردستانی قورستر كردووە، هەر بۆیە كە قورسایی بەو ئاستە بێت، ئەوا ڕۆڵی سەرۆك مسعود بارزانی لە ناو پرۆسەكەدا زۆر بەهێز دەبێت و دەتوانێت ڕۆڵێكی كارا بگێڕێت، نەك تەنیا بۆ زامنكردنی مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان، بەڵكو بۆ جێبەجێكردنیان، بۆ ئەمەش گرنگە سوود لە پرۆسەی سیاسیی لوبنان وەربگرێت، كە پەیڕەوەی (ثلث المعطل) دەكەن، ئەمەش بەو مانایەی هەر یەكێك لە سێ پێكهاتەكە مافی ڤیتۆی هەیە دەتوانێت هەر بڕیارێكی ئەنجوومەن یان داوای ئەوە بكات حكومەت دەست لەكار بكێشێتەوە، بۆیە ئەگەر پرانسیپێكی لەمجۆرە وەك مەرج دابنرێت و لە ڕێككەوتنەكە دابنرێت، ئەمە دەبێتە زامنێك بۆ ئەوەی دەقی ڕێككەوتنەكە باشتر جێبەجێ بكریت و، ئەگەر نەیانتوانی جێبەجێشی بكەن، ئەوا دەبێت هەموو حكومەتەكە دەست لەكار بكێشێتەوە.
دكتۆر نەجدەت ئاكرەیی:
گرنگە لایەنی كوردستانی
لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان بەشداریی هاوپەیمانییەكان بكات
ئاكامی هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021 بۆ ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق جۆرێك لە گۆڕانكاری لە نەخشەی سیاسیی عێراقدا دروست كرد، ئەو لایەنانەی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان و تەیاری سەدر و تەقدوم، كە كورسیی باشیان بەدەست هێناوە، جۆرە هاوسەنگییەك لە هاوكێشەی سیاسیی عێراقی ئایندەدا دروست دەكەن، بەڵام ئەوەش ئاشكرایە كە ململانێیەكی نێودەوڵەتی و هەرێمیی قورس لەسەر عێراق هەیە، ئەم ململانێیەش بە سەر دوو بەرەدا دابەش بوون، كە بەرەیەكیان ئەمریكا و دەوڵەتانی كەنداون، بەرەكەی دیكەشیان كۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردنە، ئەو هیز و لایەنانەی دەنگی باشیان بە دەست هیناوە، بە شێوەیەكی گشتی دەكریت بە میانڕۆ وەسفیان بكەین، ئەمەش بەو مانایەی هەموو هێڵكەكانیان ناخەنە سەبەتەی ئەمریكاوە، واتە بە شێوەیەكی نەم و میانڕۆ جۆرە هاوسەنگییەك لە پەیوەندییەكانیان هەیە و، هەڵگری بۆچوونی تازەن، ڕاشكاوانەتر بریتین لە تەیاریكی ئەقڵانی تێكەڵ بە پرسی مەدەنی، ئەمەش واتە ئامانجیان ئەوەیە دیموكراتیەتێكی نیشتمانی و مەزهەبی لەبەر چاو بگیرێت و عێراقی داهاتوو بەرەو عێراقیكی دەستووری هەنگاو هەڵبگریت.
لەبەر ئەمەدا، ئێران لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوەی پیرۆزبایی هەڵبژاردن و ئاكامەكانی لە عێراقییەكان كرد، بەڵام هێشتا بە تەواوەتی خۆی تێكەڵی بارودۆخی سیاسیی عێراق نەكردووە و، خۆی وەك تەماشاكەر نمایش كردووە، ئەمەش یەكێكە لە سیفەتەكانی سیاسەتی كۆماری ئیسلامی كە سەرەتا خۆی كەمتر تیكەڵ دەكات، هەتا بە تەواوەتی دیمەنی پرۆسە سیاسییەكە دەردەكەوێت و، هەركاتێك پێویستی كرد، یان وێنای پرۆسەكە بە دڵی ئەو نەبوو، ئەوا خۆی تێكەڵ دەكات و، كێشە دروست دەكات بۆ ئەوەی هاوكێشەكە بە لای خۆیدا ڕاست بكاتەوە.
پرسێكی دیكە كە پێویستە پیش كۆبوونەوەی پەرلەمان هێز و لایەنە سیاسییەكان لەسەری ڕێك بكەون، پرسی هەر سێ پۆستی (سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانە)، پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا ئەم سێ پۆستە وەك خۆیان لە نێوان (كورد و سوننە و شیعە) دەمێنێتەوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە، ئەزموونی 17 ساڵی ڕابردوو ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەم پرسە بووەتە عورفێكی سیاسی دەستووری و پێناچێت گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، لەوانەیە دەموچاوەكانی كورد و شیعە و سوننە لەو پۆستانە بگۆڕێن، بەڵام پۆستەكان لای هەر سێ پێكهاتەكە دەمێنێتەوە.
كورد و ئاكامەكانی هەڵبژاردن
لەگەڵ ئەوەی گوتاری حزبە سیاسییەكانی كوردستان لەم هەڵبژاردنەشدا هەر گوتارێكی نەریتی پیشان بوو، كە هیچ گۆڕانكارییەكی تێدا نەبوو، بەڵام ئاكامی هەڵبژاردن سەلماندی قەوارەی هەر حزبیكی سیاسی چەندە، هەر بۆ نموونە: پارتی دیموكراتی كوردستان 33 كورسی هێناوە، كە دەكاتە ڕێژەی 52.5%ی كۆی كورسییەكانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها یەكێتی نیشتمانی لە كۆی 63 كورسیی كورد 16 كورسی بەدەست هێناوە، نەوەی نوێش وەك بزووتنەوەیەكی نوێ و وەك بەدیلی بزووتنەوەی گۆڕان خۆی دەرخست و، حزبە ئیسلامییەكانیش چەند كورسییەكی شەرمنانەیان هێناوە.
ئەم ئاكامە پێمان دەڵێت: دەنگدەر دەنگی بۆ پاكێجی داواكارییەكانی نەداوە، بەڵكو دەنگی بۆ قەبارە و قورسایی و كاریزمای حزبەكە داوە، هەر بۆیە دەبینین كە قورسایی كاریزمای بارزانی كاریگەری خۆی هەبووە، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەو ژمارە زۆرەی كورسی بەدەست هێنا.
لێرەوە ئەگەر بپرسین: ئایا ئەو سێ لایەنەی لە هەر سێ پێكهاتەی كورد و سوننە و شیعە (پارتی و تەقدوم و سەدر) چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم ئاكامە دەكەن؟ ئایا دەتوانن پێكەوە ببنە هاوپەیمانێك و كوتلەی گەورە لەناو پەرلەمانی عێراق دروست بكەن؟ یان ئەگەر پرسیارەكە بە جۆرێكی دیكە بكەین و بپرسین: ئایا بەرژەوەندیی كورد لەگەڵ كام لایەنە (سوننە یا شیعە) هەتا هاوپەیمانی لەگەڵدا بكات؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێین: كورد لێكەوتەیەكی جوگرافی لەگەڵ عەرەبی سوننە هەیە، بەڵام سیاسی و مێژوویی و ڕیشەیی نا، لە ئێستاشدا كۆمەڵگەی سیاسیی عەرەبی سوننە، كۆمەڵگەیەكی فرە پێكهاتەی هەمەجۆرە و مەرجەعێك كۆیان ناكاتەوە، بۆیە ئەم پەرش و بڵاوییەیان جۆریك لە ئینتهازیەتی پێ بەخشیون و ناتوانرێت پشتیان پێ ببەسترێت، ئەمە جیا لەوەی شارەكانیان لە شەڕی دژی داعش كاول بووە و، هێشتا بە تەواوەتی جووڵەیەكی پەرەپێدان و بونیادنانەوە دەستی پێ نەكردووەتەوە. بۆیە من وای بۆدەچم، پەیوەندیی نێوان كورد و عەرەب زیاتر تەكتیكی بێت، نەك ستراتیژی، خۆیشمان لە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بینیمان كە عەرەبی سوننە هیچ هەڵویستێكی بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەبوو.
هەرچی پەیوەندی نیوان كورد و عەرەبی شیعەیە، ڕاستە لە نێوانیاندا پەیوەندییەكی سیاسی و مێژوویی و خەباتی هاوبەش بوونی هەیە، بەڵام كاتێك شیعەی عەرەبیش گەیشتنە دەسەڵات، پاشەكشەیان لە زۆر پرس كرد، كە ئەو پرسانە داوای ڕەوای گەلی كوردستان بوون، بۆ نموونە لە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور. شیعەكان بە ڕاشكاوی پاشەكشەیان كرد و كارێكیان كرد، ئەو ماددە دەستوورییە جێبەجێ نەكرێت، ئەمە بێجگە لەوەی كە 56 ماددەی دەستووریی دیكەش هەن، هەر لەلایەن ئەوانەوە پاشەكشەی لێ كراوە و پێشێل كراون.
لە ناو ئەم واقیعەدا، لایەنی دانوستاندنكاری كوردستان پێویستە هەوڵ بدات، ئەو دەرفەتانەی بۆی دێنە پێشەوە، سوودیان لێ وەربگرێت و، لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان دانوستانەكان ئاراستە بكات، بۆیە ئەمەش پێویستی بە شاندێكی دانوستاندنكاری بەهێز و خاوەن لۆژیك هەیە، كە لەم بازنەیەدا گرەوی گەورە دەكەوێتە سەرشانی پارتی و لۆژیكی سەرۆك بارزانی، كە دەبێت زۆر بە باشی و بۆ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان وەبەرهێنان لەو سەركەوتنە بكەن، كە لەم هەڵبژاردنانە بەدەستیان هێناوە.
بێگومان بەرپرسیاریەتی سەرشانی سەرۆك بارزانی، بەرپرسیاریەتییەكی دوولایەنەیە، ئەمەش واتە هەم بەرپرسیاریەتی لەسەر شانە بەرامبەر كوردستان، هەم بەرامبەر بە عێراقیش..
- سەبارەت بە بەرپرسیاریەتیی سەرۆك بارزانی بەرامبەر بە كوردستان، ڕاماڵینی ئەو پەرتەوازەییەیە كە پێشتر بوونی هەبووە و ئێستا دوای ڕاگەیاندنی ئاكامەكانی هەڵبژاردن، لایەنی لێكتێگەیشتن زیاتر بووە و، چاوەڕێی ئەوە لە سەرۆك بارزانی دەكرێت، كە ئەم سەركەوتنە زیاتر بۆ یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان وەبەرهێنانی تێدا بكات.
- سەبارەت بە عێراق، ئاشكرایە ئێستا عێراق بەرەو پرۆسەی دووبارە بونیادنانەوە دەچێت، بۆ ئەم پرۆسەیەش دوو پرس هێجگار گرنگن، یەكەمیان: ئەندازەی دەستووری و دامەزراوە دەستوورییەكانە، ئاشكرایە سەرۆك بارزانی بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەكات، كە دەبێت دەستوور وەك یەك سەفقە جێبەجێ بكرێت، ئەم پێداگرییەی سەرۆك بارزانی، دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ ئەوەی دووبارە بونیادنانەوەی عێراق لە چوارچێوەی ئەندازەی دەستوور بێت و، دامەزراوە دەستوورییەكانیش وەك (پەرلەمان، حكومەت، سەرۆكایەتیی كۆمار، دەسەڵاتی دادوەری، سوپا، دامەزراوەكانی ئاسایش، ئەنجومەنی فیدڕاڵی و.. هتد) ببنە دامەزراوەیەكی كاریگەر و عێراق بەرەو بونیادنانەوەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتیی ڕاستەقینە هەنگاو هەڵبگریت.
لە هەمبەر ئەم دوو بەرپرسیاریەتییەی دەكەوێتە سەر شانی سەرۆك بارزانی، مێژووی دانوستاندنەكانی پێشتر بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق سەلمێنەری ئەزموونی لۆژیكانەی سەرۆك بارزانی-ن، كە ئەویش خۆی لە ڕێككەوتنی هەولێری 2010 بۆ پیكهێنانی كابینەی دووەمی نووری مالیكی بەرجەستە دەكات. سەرۆك بارزانی لە ڕێككەوتنی هەولێر زۆر جەختی لەسەر مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان كردەوە، لە هەمانكاتدا زۆر جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە، دەستوور وەك سەفقەیەك جێبەجێ بكرێت و، بە كردەیی عێراق ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی، بەڵام ئەوكات وەك خۆی ڕێككەوتنەكەی هەولێریان جێبەجێ نەكرد و، خۆیان زەرەریان كرد و، عێراقیان گەیاندە ئەو دۆخە ئاڵۆزە، ئێستاش ئەگەر نەگەڕێنەوە بۆ لۆژیكی بارزانی، جارێكی دیكە عێراقیان لە دووڕێیانی (دەوڵەت و نادەوڵەت)یان بۆ ڕزگار ناكرێتەوە.
دكتۆر ساحب قارەمان:
دەبێت كورد بۆ دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق مەرجی پێشوەختەی هەبێت
ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە بكەین، دەتوانین بڵێین: یەكێك لە سیما جوانەكانی ئەم هەڵبژاردنە بە بەراورد بە هەڵبژاردنەكانی پێشوو ئەوەیە ساختەكاریی كەمی تیا كراوە، هەتا ئەگەر لە هەندێك شوێن كارتی دەنگدەریان كڕیوە و بردوویانە دەنگیان پێ داوە، بەڵام ساختەكاریی بەرچاو ئەگەر كرابێت، بە ڕیگەی كۆمپیوتەر و سۆفت وێر كراوە، هەر بۆیەشە دەبینین دەنگی حزبەكانیش كەمی كردووە و، وەك هەڵبژاردنەكانی دیكە دەنگی زۆریان بەدەست نەهێناوە.
سیمایەكی دیكەی جیاوازیی ئەم هەڵبژاردنە ئەوە بوو كە بۆ یەكەم جار بازنەی هەڵبژاردنەكانی بچووك كرانەوە و دەنگدەر لە بازنەی بچووكدا دەنگی دا، لەناو ئەم سیستمە تازەیەدا، لەوانەیە خەڵكانێك كاندید كرابن، تەنیا لەبەر ئەوەی لە بازنەی خۆیان ناسراون و لەوانەیە ئەزموونێكی ئەوتۆی سیاسیشیان نەبیت و، بە باشییش عەرەبی نەزانن، هەتا بتوانن لە پەرلەمانی عێراقدا ڕۆڵی خۆیان ببینن.
ئەم سیستمە تازەیە نەخشەی سیاسیی عێراقی گۆڕی، بۆ نموونە هەردوو هاوپەیمانیی حەكیم و عەبادی كە لە هەڵبژاردنی پێشوو پێكەوە 64 كورسییان هەبووە، ئەمجارە بە هەردووكیان چوار كورسییان بەدەست هێناوە.
لێرەدا گۆڕانكاریی گرنگ، ئەو گۆڕانكارییە بووە كە لە ماڵی عەرەبی شیعە ڕووی داوە. پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە: ماڵی شیعە چۆن خۆیان ڕێكدەخەنەوە؟ بێگومان بە مەزندەی من، بۆ ئەوەی دەسەڵات لە دەستی عەرەبی شیعە بمێنێتەوە، كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستتێوەردان دەكات، هەر بۆیە ئەگەر بەپێی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بێت، تەیاری سەدر 73 كورسی هەیە و كوتلەی گەورەیە، لەو لاوە لە چوارچێوەی هەمانگیی شیعە كە مالیكی و عامری سەرۆكایەتی دەكەن، هەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ و بانگەشەی ئەوە دەكەن، ئەوانیش دەتوانن كوتلەی گەورە دروست بكەن، هەندێك ئاماژەش لە سەردانی سەدر بۆ بەغدا دەخوێندرێتەوە كە نزیكبوونەوەیەك لە نیوان ئەو و مالیكی دروست دەبێت، ئێران لەم پرسەدا هەوڵدەدات زۆرینەی پەرلەمانی لە دەستی شیعەدا بمێنێتەوە، بۆ ئەوەی كورد و سوننە تەنیا بەشداری پێ بكەن.
لێرەدا ئەگەر ئەو پرسیارە بكەین: ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی هەڵبژاردنەكان چۆن وەبەرهێنان لەم سەركەوتنە دەكات بۆ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەو سەردانانەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای كۆی لایەنە سیاسییەكان بەوانەی لە هەڵبژاردن كورسییان بە دەست هێناوە، بەوانەشی بەدەستیان نەهێناوە، ئەم جووڵانەی پارتی زەمینەسازكردنە بۆ ئەوەی هەمووو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەژێر چەتری سەرۆكایەتیی هەرێم كۆببنەوە و، لە ناوماڵی كوردستان تەبایی و یەكڕیزی دروست بێت، بۆ ئەوەی كورد لە پرۆسەی دانوستاندنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق باسكی بەهێز بێت و، بتوانێت پێداگری لەسەر مافەكانی خۆی بكات.
پارتی وەك حزبێكی سیاسی كە خاوەنی مێژوویەكی دێرینە لە هونەری دانوستاندن، دەبێت ڕۆڵێكی پێشڕەوانە لەم پرۆسەیەدا بگیرێت و، ڕێگە نەدات ئەوەی بە متمانەی خەڵك بە دەستمان هێناوە، لەسەر مێزی دانوستاندن بیدۆڕێنین، بۆیە گرنگە پارتی، یان ئەگەر هاوپەیمانییەكی كوردستانی دروست بوو (زۆر باشتر)، دەبێت مەرجی پێشوەختە دابنێن، ئەمەش واتە (ئێمە لەگەڵ ئێوە وەك هاوپەیمان ڕێككەوتووین كە ئەم بەرنامەیە جیبەجێ بكرێت، ئەگەر ئەم بەرنامەیە وەك خۆی جێبەجێ نەكرا، دەبێت چی بكەین؟ ئەوا لەم حاڵەتەدا، دەبێت ئەو مەرجە هەبێت كە هەموو حكومەتەكە بە دەست لە كار كێشاوە دابنرێت)، گرنگە ئەمە بكرێتە دیكۆمێنتێك و دیكۆمێنتەكەش بۆ خەڵكی كوردستان ئاشكرا بكرێت. بۆیە دووبارەی دەكەمەوە، دانوستاندنی ئەمجارەی پارتی دیموكراتی كوردستان، یان هاوپەیمانیی كوردستان دەبێت دانوستاندنێكی چارەنووسساز بێت و، پیتەكان بە جوانی خاڵبەندی بكرێن، بۆ ئەوەی ڕابردوو جارێكی دیكە دووبارە نەبێتەوە.