ئەڵمانیا دانانی سیم و تەلی لە سنووری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە شەرعی ناوبرد

ئەڵمانیا دانانی سیم و تەلی لە سنووری دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە شەرعی ناوبرد

 

 

لە لێدوانێكدا هۆرست زیهۆفەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا هەوڵەکانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپای بۆ پاراستنی سنوورەکانیان بە جووڵانەوەیەکی شەرعیی ناوبرد.

ئەو لێدوانانە دوای ئەوە هات کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، لەوانە نەمسا و پۆڵەندا داوای دابینکردنی پارەیان لە برۆکسل کرد بۆ دانانی پەرژین و سیم و تەل لە ناوچە سنوورییەکانیان بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی کۆچبەران.

وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا سەبارەت بە دروستکردنی ئەم دیوارە بە پەیامنێری  تابلوید بیلدی گوتی: پێمان وایە پاراستنی سنوورە دەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا و ڕێگریکردن لە دەروازە نایاساییەکان شەرعییە.

وتیشی، کۆنتڕۆڵی ئەڵمانیا لەسەر سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ پۆڵەندا توندتر کراوە و 800 پۆلیسی ئەڵمانیا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی زیاتر بۆ ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات بڵاوکراونەتەوە  تەئکیدیشی کردەوە ئەگەر پێویست بکات ئامادەیە ژمارەی ئەو هێزە زیاد بکات.

بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی پێنج هەزار و حەوت سەد کۆچبەر بە سنووری ئەڵمانیا و پۆڵەندا تێپەڕیون.

زیهۆفەر پرسی داخستنی سنوورەکەی لەگەڵ پۆڵەندا ڕەتکردەوە لەگەڵ ئەوەشدا ئەو وتی کە هەفتەی ڕابردوو نامەیەکی بۆ ماریۆش کامینسکی پۆڵەندی نووسیوە و پێشنیاری ئێشکگریی هاوبەشیان کردووە لە ناوچە سنوورییەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران، ماریۆس کامینسکیش وەڵامی دایەوە کە پۆڵەندا پشتگیری تەواوی ئەو جۆرە ڕێوشوێنانە دەکات.

12  وڵات لەوانە نەمسا، بولگاریا، قوبرس، کۆماری چیک، دانیمارک، ئیستۆنیا، یۆنان، هەنگاریا، لیتوانیا، لاتڤیا، پۆڵەندا و سلۆڤاکیا پێشتر لە میانەی کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی یەکێتیی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ واژوو نامەیەکیان لە برۆکسل داواكرد،   بۆ ئەوەی پارەی دروستکردنی بەربەستی سنوری بۆ ڕێگەگرتن لە هاتنەناوەوەی کۆچبەرە نایاساییەکان بدات.

پۆڵەندا دەڵێت بۆ دروستکردنی پەرژینێکی لەو جۆرە پێویستی بە 350 ملیۆن یۆرۆ هەیە و لە ئێستادا هەزاران سەربازی لە ناوچە سنوورییەکانی خۆی جێگیرکردووە و لیتوانیا دەستی کردووە بە دروستکردنی پەرژینێکی سیم و تێل بەدرێژایی سنووری خۆی لەگەڵ بیلاروسیا.

ئورسۆلا فان سەرۆکی کۆمیسۆنی ئەوروپا بە فەرمی ڕایگەیاند: داواکارییەکانی دەوڵەتانی ڕەتکردۆتەوە و گوتی: کۆمیسۆنی ئەوروپا هیچ بڕە پارەیەک بۆ دانانی سیم و دیوارەکان تەرخان ناکات.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top