ئەڵمانیا لە پشتیوانیکردنى هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبیێت

ئەڵمانیا لە پشتیوانیکردنى هەرێمى کوردستان بەردەوام دەبیێت

بەیانیى ئەمڕۆ سێشەممە 2021/10/26 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە بەڕێز مارتین یێگەر، باڵیۆزى تازەى ئەڵمانیا لە عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا هەڵبژاردنەکانى عیراق، ئەنجامەکانى و خوێندنەوە و پێشنبینییەکان بۆ داهاتووى پرۆسەى سیاسى لە وڵات، برەودان بە پەیوەندییەکانى ئەڵمانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان و دۆخى عیراق بەگشتى، تاوتوێ کران.

بەڕێز باڵیۆزى ئەڵمانیا دڵنیایى دا و دووپاتى کردەوە کە دواى هەڵبژاردن و بە هاتنە سەرکارى حکوومەتێکى تازە لە بەرلین، هەمان سیاسەت و مامەڵەى ئەڵمانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمى کوردستان وەک خۆى درێژە دەکێشێت و وڵاتەکەى لە پشتگیریى عیراق و هەرێمى کوردستان، هەروەها وەک ئەندامێکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش بەردەوام دەبێت. ئاماژەى بەوەش دا کە لە نزیکەوە لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە بۆ چاکسازى و یەکخستنەوەى پێشمەرگە کار دەکەن و ڕۆڵى بەڕێز سەرۆکى هەرێمى کوردستانى لەمبارەیەوە بە گرنگ لە قەڵەم دا.

لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پیرۆزباییى دەستبەکاربوون و هیواى سەرکەوتن بۆ بەڕێز باڵیۆزى ئەڵمانیا، سوپاس و پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ ئەڵمانیا دەربڕى و دووپاتى کردەوە کە هاوکارى و پشتگیریى سەربازى، مرۆیى و سیاسیى ئەڵمانیا بۆ هەرێمى کوردستان هەرگیز لە بیر ناکرێن و بەردەوامیى پشتگیریى ئەڵمانیاى بۆ عیراق و هەرێمى کوردستان بە مایەى خۆشحاڵى و گرنگ و پێویست زانى.

پێشهاتەکانى ئەفغانستان، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هاوبەش، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە بەڕێز کونسولى گشتیى ئەڵمانیا تیایدا ئامادە بوو.

Top