بە تۆمەتی بە سووک سەیرکردنی کۆنگرێس ڕاوێژکارێکی پێشووی ترامپ دەدرێتە دادگا

بە تۆمەتی بە سووک سەیرکردنی کۆنگرێس ڕاوێژکارێکی پێشووی ترامپ دەدرێتە دادگا

 

لە 6 ی مانگی یەکی ئەم ساڵدا خۆپیشانداران هێرشێكیان كردە سەر بینای کۆنگرێسی ئەمریكا، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا پـێکهێنرا بۆ لێكۆڵینەوە، ئەوە بوو  ڕۆژی سێشەممە دەنگی دا بۆ دادگاییکردنی ستیڤ بانن کە نووسەرێکی موحافیزکارو ڕاوێژکارێکی باڵای پێشووی بەڕێوەبەرایەتی ترامپ بوو، ئەمەش  بە تۆمەتی بە سووک سەیرکردنی کۆنگرێس.

لیژنەکەی کۆنگرێس ئەو ڕاوێژكارەی تۆمەتباركرد كە هاریکاریی لێکۆڵینەوەکەی نەکردووە و ئەمەش بە دروستکردنی بەربەست بۆ کارەکانی کۆنگرێس لێکدەدرێتەوە.

لەو ڕۆژەدا واتا لە ڕۆژی شەشی مانگی یەکدا دوای ئەوەی ترامپ ڕەتی کردووە دان بە شکستەکەیدا لە هەڵبژاردن بەرامبەر سەرۆک جۆ بایدن بهێنێت، سەدان پاڵپشتیکەری ترامپ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس و بەو هۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان پۆلیس بوو.

بڕیارە ئەمڕۆ پێنج شەممە تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر تۆمەتبارکردنی بانن بدەن، چونکە زۆربەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دیموکراتن، چاوەڕێ‌دەکرێت لەوێش بانن تۆمەتباربکرێت.

شایانی باسە ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانیش دەنگ بۆ تۆمەتبارکردنی بانن بدات، ئەوا ئەو تۆمەتە بۆ دادگای فیدڕاڵی لە واشنتن ڕەوانە دەكرێت بۆ ئەوەی دادگایی بكرێت.

Top