ڕەوشـی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان شانازییە بۆ هەمووان
بە شانازییەوە موسڵمانانی كوردستان بە تێگەیشتنێكی جوان لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام حاڵی بوون. خودای گەورە لە قورئانی پیرۆز لەگەڵ هەموو مرۆڤەكان بێ جیاوازی دەدوێت و فەرموویەتی:
(( يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَىٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ ۚ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)) الحجرات / ۱۳ واتە: ئەی خەڵكینە ئێوەمان هێناوەتە بوون، لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ، ئینجا ئێوەمان دابەش كردووە لە سەر نەتەوە و خێل و عەشیرەت، ئەویش تەنیا بۆ لێك جیاكردنەوە و یەكترناسین و هیچی تر، ئەوە لای خوا ڕێزدارترە كە تەقوای زیاترە، خودای گەورە زانا و لێزانترە .
هەروەها خوای گەورە دەفەرموێت: ((لَا إِكْرَاهَ فِي الدِّينِ)) البقرة / ۲٥٦
واتە: زۆركردن لە ئاییندا نییە .
كەواتە پێكەوەژیان هۆكاری سەرەكیی سەقامگیری هەر وڵاتێكی پێشكەوتوو و خۆڕاگرە، بۆیە كوردستان جگە لە زۆرێك لە شانازییەكانی، گەورەترین و بەهێزترین شانازیی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە، پێكەوە ژیانی ئایینی لە كوردستان تابلۆیەكی جوانی پیشانی گشت وڵاتانی دونیا داوە، هەر ئەوەشە وای كردووە، كوردستان لەسەر پێی خۆی بوەستێت بەرامبەر ئەو هەموو نەهامەتی و دژایەتییەی كە لە بەرامبەری دەكرێت. ئەگەر تەماشا بكەین، دەبینین پێكەوەژیانی ئایینی وەكو نموونەیەكی جوان لە چەند ناوچەیەك ڕەنگی داوەتەوە، لەوانە:
١:عەنكاوە لەگەڵ گەڕەك و گوندە نزیكەكانی
٢:قەزای شەقڵاوە.
٣: قەزای دیانا.
٤:قەزای كۆیە.
٥: قەزای شێخان.
٦: بەشێك لە گەڕەكەكانی دهۆك.
٧: گەڕەكەكانی عارەبان و تەعجیل، جوو و موسڵمانان.
لەگەڵ چەندین شوێنی دیكە لە شار و شارۆچكە و قەزا و ناحیە و گوندەكانی كوردستان كە نموونەی جوانیان پێشكەش كردووە، لە گوندێكی بچووك هەم مزگەوت و هەم كەنیسەشی لێیە، یان مزگەوت و پەرستگای ئایینێكی دی بوونی هەیە.
هەندێك نموونەی پێكەوەژیان لە نێوان پەیڕەوانی ئایینەكان لە كوردستان :
١: لە قەزای شێخان سێ ئایینی سەرەكی بوونی هەیە، موسڵمان و ئێزیدی و مەسیحی، كاتێك مانگی ڕەمەزان دێت، ئەوانەی ئێزیدی و مەسیحین و دراوسێی موسڵمانێك بن، نانی نیوەڕۆیان لێنانێن، دەڵێن لەكاتی لێنانی شیوەكە بۆنی بۆ ماڵی دراوسێ موسڵمانەكەمان دەڕوات و ئەوان پێی ئازار دەخۆن، هەروەها لە بووك گواستنەوە و تەعزیە و خێر و شەڕ لەگەڵ یەكتر بەشدارن.
لەساڵی ( 1946_ ١٩٤٧ ) لە قەزای شێخان لە گەڕەكێكی نوێ كە موسڵمانان خانوویان لێ دروست كرد، شوێنێكیان دەویست بۆ مزگەوت، زەوییان دەست نەكەوتبوو، دواتر لە لایەن میری ئێزیدییان پارچە زەوییەك كرا بە دیاری بۆ موسڵمانان بۆ ئەوەی مزگەوتی لەسەر دروست بكەن، مزگەوتەكە تا ئێستاش ماوە، ئەمەش پێی دەگوترێت ڕۆحی پێكەوەژیان .
لە دەڤەری شارەزوور و پێنجوێن پیاوێكی زانا و ناودار هەبوو بە ناوی شێخ مەعروف، دیارە كچێكی مەسیحی بۆ كوڕەكەی دەخوازێت، بۆ یەك چركەش سەر ناخەنە سەری كە موسڵمان بێت، بە مەرجی موسڵمانبوونیش نەیانخواستبوو، بۆیە كاتێك منداڵێكی كوڕیان دەبێت، باوكی منداڵەكە ناوی لێ دەنێت (محمد) كاتێك شێخ مەعروف پێی دەزانێت، ڕازی نابێت و ناوی لێ دەنێت (عیسا) و بە كوڕەكەی دەڵێت: ئێستا بۆ خۆت و خێزانت وەكو یەكە.
هەروەها لە قەزای شەقڵاوە قەشە بەڕێزەكان لە مانگی مەولوود بەشداری ئاهەنگی یادی لەدایكبوونی پێغەمبەر محەمەد ( د.خ ) دەكەن لە مزگەوتەكان و لەیادی لەدایكبوونی پێغەمبەر عیسا (ع) مامۆستایانی ئایینی ئیسلام بەشداری دەكەن لە ناو كەنیسەكان، تا گەیشتووەتە ئەوەی وتاریش لە یادەكە پێشكەش بكەن و، ستایشی ئەو یەكتر قەبووڵكردنانە دەكەن، موسڵمانان و مەسیحییەكان و ئێزیدییەكان و ئایینزاكانی دیكەش لە هەموو خۆشی و ناخۆشیی یەكدی بەشدارن، بەتایبەتی لە پرسە و ماتەمێنی.
لە سەرەتای هاتنی (داعش) بەداخەوە كە دژی مرۆڤایەتی بوون، دەستیان لە هیج كەس نەپاراست و قوربانیی سەرەكی خوشك و برایانی ئێزیدی بوون، دواتر مەسیحییەكانی مووسڵ و شارەكانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق ئاوارەی كوردستان بوون، ئەوكات مامۆستایانی ئایینی ئیسلامی دەرگای مزگەوتەكانیان بە ڕووی خێزانە ئێزیدییەكان كردەوە، تاكو جێگای گونجاویان بۆ دابین كرا و، زۆرێك لە موسڵمانان گریانیان لەگەڵ ئەوان تێكەڵ ببوو.
لە سەردەمی كەرەنتینە و ڤایرۆسی كۆرۆنا بەڕێز مەتران بەشار سەردانی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانی كرد و بەشێكی زۆر لە (موعەقیم و ماسك)ی بە دیاری بۆ مامۆستایان و مزگەوتەكانی هێنابوو.
حەفتا ساڵ بەر لە ئێستا لە سەرجەم وڵاتانی عەرەب بە ناوی ئایین سەرجەم جووەكانیان لە وڵاتەكانیان بە زۆرەملێ گواستەوە، وڵاتی عێراقیش لەوان بەدەر نەبوو و بەشداریی ئەو تاوانە گەورەیەی كرد.
دەگێڕنەوە كاتێك كە جووەكانی كوردستان ماڵاواییان لە موسڵمانانی دراوسێ و شەریك و هاوڕێكانیان دەكرد، بە گریان و دەست لەملكردن ماڵاواییان دەكرد و، موسڵمانانی كورد زۆر پێی دڵگران بوون، بەڵام لەژێر ستەمی حكومەتی ئەوكات كە هیچ دەسەڵاتێكیان نەبوو، تا كۆتا وێستگەكان خوشك و برا جووەكانیان بە گریان و چاو پڕ لە فرمێسك بەڕێ كردوون، تاكۆ ئێستاش هەندێك لە بەتەمەنەكان باسی سەردەمی ئەو كاتمان بۆ دەكەن، كە چەندە بە ئارامی و ئاسوودەیی پێكەوە ژیاون.
لە دامەزراندنی كۆماری كوردستان جوو و مەسیحی و ئێزیدی پۆستی باڵای وەكو وەزیر و پارێزگار و كەسی دەستڕۆیشتوو لە ڕیزەكانی حكومەت هەبوون. لە ئێستاشدا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەزیریان هەیە و لە پەرلەمانی كوردستان شوێنیان هەیە بە كۆتا و لە چەندین شوێنی دی پۆستی باڵایان هەیە، لە هەمووشی گرنگتر لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبەرایەتیی تایبەت بە نوێنەرایەتی ئایینەكان هەیە،
وەكو:
١: ئایینی مەسیحی .
٢: ئایینی ئێزیدی .
٣: ئایینی جوو
٤:ئایینی سابیئەی مەندایی
٥:ئایینی زەردەشتی
٦: ئایینی بەهائی
لەگەڵ نەتەوەكانی وەكو:
١: كورد
٢: توركمان
٣: عەرەب
٤: شەبەك
ئەمەش باشترین بەڵگەیە بۆ ئەو تابلۆ جوانەی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییە كە پێی دەڵێن: كوردستان، تكایە ئەو تابلۆ جوانەی پێكەوە ژیان بپارێزن و كوردستان ئاوەدان.
(*)
كارگێڕ و وتەبێژی لقی هەولێری یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان