توركیا بە نیازە فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 16 لە ئەمریكا بكڕێت
ڕەجەب تەیب ئۆردوغان سەرۆک كۆماری تورکیا ڕایگەیاند كە وڵاتەکەی لە وتووێژدایە لەگەڵ ئەمەریکا بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 16.
سەرۆكی توركیا لە فڕۆکەخانەی ئەستانبوڵ بەر لە سەردانەکەی بۆ ئەفریقیا، بە پەیامنێرانی گوت: بێ گومان داوای کڕینی فڕۆکەی ئێف 16 لە ئەمەریکا پەیوەندی هەیە بە دۆسێی سەودای کڕینی فڕۆکەکانی جۆری ئێف 35ەوە.
لەم بارەوە ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە تورکیا هەوڵی دەدا تا 100 فڕۆکەی جۆری ئێف 35 بکڕێت، بەڵام ئێستا هەوڵدەدات تا قەرەبوو بکرێتەوە بەتایبەتیش بۆ ئەو یەک ملیار و چوارسەد ملیۆن دۆلارەی بۆ ئەو سەودایە تەرخانی کردبوو.
پێشتر وتووێژەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگیی جۆری ئێف 35 ڕاگیران، بەهۆی ئەوەی ئانکەرە سیستەمی بەرگریی موشەکی لە ڕوسیا کڕیوە.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە مانگی ڕابردوودا باسی لەوە دەکرد، هێشتاش تورکیا پلان و بەرنامەی هەیە بۆ کڕینی بەشی دووهەمی موشەکەکانی جۆری ئێس 400 لە ڕووسیا.
ئەمەریکا هۆشداری بە تورکیا داوە لەسەر ئەو هەنگاوە و دەشڵێت ئەگەر بێتوو تورکیا چەکی زیاتر لە ڕووسیا بکڕێت ئەوا پەیوەندییەکان دەکەونە بەر مەترسی زیاترەوە