ئەمریكا سەبارەت بە تایوان هۆشداریی توند دەداتە چین
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە توندی چینی تۆمەتبار کرد بە زیادکردنی گرژییەکان لە سەرانسەری گەرووی تایواندا، هۆشداریشی دا لەوەی ڕەنگە تاکتیکەكانی بەخراپی بەسەریدا بشکێتەوە.
لەم ڕەوەوە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا جۆن کیربی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند چین لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ تۆقاندن و فشار خستنەسەر تایوان و هاوپەیمان و هاوبەشەکانی دیکە، لەوانەش زیادکردنی چالاکیبە سەربازییەکانی لە دەوروبەری تایوان و ڕۆژهەڵاتی دەریای چین و باشووری دەریای چین.
كیربی ڕوونیش كردەوە كە ئەمریكا بەرژەوەندییەکی هەمیشەیی هەیە لە ئاشتی و سەقامگیریی سەرانسەری گەرووی تایواندا، بۆیە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی تایوان تاوەکو توانا بەرگرییەکانی خۆی بپارێزێت. داواشی لە پەکین كرد پابەندی بەرپرسیارێتیەکانی بێت بۆ چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ململانێکان لەو وڵاتەدا.
شایانی باسە لەم دواییانەدا چین زیاتر لە 150 فڕۆکەی جەنگی بەسەر ئاسمانی تایواندا فڕاندووە.