لە منداڵەوە ئاشتی

لە منداڵەوە ئاشتی

«گەر بمانەوێت ئاشتیی ڕاستەقینە لە سەرتاسەری جیهاندا سەقامگیر بكەین، دەبێت سەرەتا منداڵەكان فێر بكەین» ئەمە درووشمی چالاكییەكی ناوازە بوو، هونەرمەند هیوا عەبدوڵڵا جەواد بۆ منداڵانی یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری كەركووكی ڕێك خست.

تاریق كارێزی

هونەرمەند بیەوێت لە نێو نەتەوەكەیدا كەسێكی كارا و چالاك بێت، ڕێ و ڕێكاری هەمەجۆری لە بەر دەستدایە. هیوای هونەرمەند لە گەڕەكی هاوپشتی (ئەسرا و مەفقوودین)ی شاری كەركووكدا نیشتەجێیە، لەو گەڕەكەدا جگە لە كورد، نەتەوەی دیكەش دەژین، ئەو لە ڕێی سۆشیال میدیاوە بانگەوازێكی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بڵاو كردەوە، كە تێیدا ڕوونی كردەوە، منداڵانی شار دەتوانن بەشداری لە پیشانگایەكی كراوەدا بكەن، كە لە كۆڵانێكی ئەو گەڕەكەدا دەكرێتەوە، شوێنی نمایشكردنی بەرهەمەكانیش، قەد دیواری ماڵانی ئەو كۆڵانە دەبێت.

هیوای هونەرمەند دەڵێت: «ژمارەیەكی لە مەزندە بەدەر منداڵانی شار بەدەم بانگەوازەكەوە هاتن، بە درێژایی ڕۆژ تا درەنگانی شەو، منداڵان بەرهەمی خۆیان، ئەو نیگارانەی بە قەڵەم ڕەنگ لەسەر كاغەز و كارتۆن دەیانكێشان، بۆ لای منیان دەهێنان»، هەروەها دەڵێت: « ئەو منداڵانە زۆر سەرگەرمانە و دڵگەرمانە كارەكانی خۆیان بۆ ماڵەوەم دەهێنا، زوو زوو لە زەنگی ماڵەوەیان دەدا، لە بەر دەرگا پێیان دەگوتم، مامۆستا ئەم نیگارەی من چۆنە؟ بە لای تۆوە جوانە؟ بە دڵتە؟ منیش ڕێنمایی دەكردن، بەرچاوڕوونیم پێ دەدان، هانم دەدان كاری باش و باشتر بكەن و نیگاری جوانتر بكێشن».

هەروەها دەڵێت: «پڕۆژە هونەرییەكە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر منداڵانی لەدەوری خۆی كۆ دەكردەوە، بەرهەمێكی زۆری منداڵان هاتە بەر دەست، ئیدی بڕیار درا لە ڕۆژی جیهانیی منداڵاندا پیشانگاكە بكرێتەوە، بۆ هەموو كەسێكیش بێت سەردانی بكات، ئیدی لە كات و وادەی دیاریكراودا، دیواری ڕەق و ڕووتەنی كۆڵانێكی گەڕەكی هاوپشتی، گۆڕدرا بە پیشانگایەكی زۆر سەرنج ڕاكێشی نیگاری منداڵان، لەو ڕۆژەدا شەپۆلی شادییەكی زۆر بەدەم گڕوگاڵی منداڵانی بەشداری پیشانگاكە، ئەو كۆڵانەی گەڕەكی گرتەوە».

بۆ مێژووی هونەر لە شاری كەركووك و تەواوی كوردستاندا، كردنەوەی پیشانگای منداڵانی هاوپشتی، وەك خاڵێكی گەش بۆ هونەرمەند و پەروەردەكارێك تۆمار دەكرێت، كێ ناڵێ ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەو منداڵانەی لە پڕۆژە پیشانگا لاكۆڵانەكەی هیوا عەبدوڵا جەواد بەشدار بوون، كەسانی بلیمەت و بەتوانایان تێدا هەڵناكەوێت؟ مەزندەكردنی دواڕۆژ سپاردە بە نادیارییە، هەر چییەك بێت ئاكامی ئەو پڕۆژە خۆبەخشە جوانەی هیوای هونەرمەند، لە كرۆكدا كارێكی ئەرێنییە و كارایی دەستەبژێر و ئەرك و بەرپرسیاریەتیی ئەو دەخاتە ڕوو.

لە منداڵەوە ئاشتی
لە منداڵەوە ئاشتی
لە منداڵەوە ئاشتی
Top