با پێكەوە پێگەی هەولێر لە بەغدا بەهێز بكەین  

با پێكەوە پێگەی هەولێر  لە بەغدا بەهێز بكەین   

 

 

 دیموكراسی بریتییە كۆمەڵێك پرەنسیپ و لە هەمانكاتیشدا پرۆسەیە. پرینسیپەكان هیچ مانایەكیان نابێت، ئەگەر لە پرۆسەیەك، یان چەند پرۆسەیەكدا نەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و، باشترین پرۆسەی خستنە گەڕی دیموكراسییش هەڵبژاردنە. زۆربەی هەرە زۆری دەستوور و یاساكانی زۆربەی وڵاتان ئەم پرینسیپ و پرۆسەیەیان چەسپاندووە و بووەتە ماف. هەڵبەتە مەبەستمان هەڵبژاردنێكە كە دەرفەتی تەواو بداتە ئەوانەی دەنگ دەدەن، بێ هیچ گوشارێك دەنگ بدەن و هیچ هێز و لایەنێك نەتوانێت لە ڕێگەی ساختەكردنەوە ڕاو ئیرادەی خۆی بەسەر دەنگدەر و لایەنەكانی تری بەشداربووی ناو پرۆسەكەدا بسەپێنێت.

ئێمە لەم بەشەی كوردستاندا و بەتایبەتیش لە چوارچێوەی پارتیدا، لەمێژە ئاشنایەتیمان لەگەڵ جۆریك لە هەڵبژاردن پەیدا كردووە لە كاتی هەڵبژاردنی ئۆرگانە جیاوازەكانی پارتیدا، بەڵام وەك گەل و وەك كۆمەڵگە، هەرچەندە وەك پرینسیپ و وەك دروشمی ناوەڕۆك بەتاڵ زۆرمان دەربارەی دیموكراسی بیستووە، بەڵام ماوەیەكی زۆر نییە پرینسیپەكەی دیموكراسی لە ڕێگەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەوڵدراوە رۆحی بە بەردا بكرێت و بخرێتە بواری كردارییەوە. یەكەم هەڵبژاردن لە ساڵی ١٩٩٢دا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا و، لەو كاتەوە سەرەڕای پەككەوتنی پرۆسەكە لە كاتی شەڕی ناوخۆدا، هەڵبژاردنەكان ئەنجام دراون. دوای پەسەندكردنی دەستووری عێراقیش پرۆسەكە لەسەر ئاستی عێراقیش ئەنجام دراوە. لە سەرەتادا كەموكوڕی و كێشەیان زۆر بوو، بەڵام خەریكە دەبێتە بەشێك لە كەلتووری سیاسیمان و دەستێوەردان و سەرپێچیكردن جار لە دوای جار كەمتر دەبنەوە. هەڵبژاردنی ئەمجارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بەردەوامیی ئەو ڕێچكە دیموكراسییەیە.

زۆرجار قسە لەسەر گەورەیی و كاریگەریی حزبێك دەكرێت، بە بێ ئەوەی گرنگترین پێوەری ئەو گەورەیی و كاریگەرییە لەبەرچاو بگیرێت. لە وڵاتێكدا كە هەڵبژاردنی دیموكراسییانە بە شێوەیەكی ڕێژەیی بووەتە نەریت و ئەندازەیەكی باش پاكی و شەفافییەتی تێدا ڕەچاو دەكرێت، ڕێژەی دەنگ و ژمارەی نوێنەرانی حزب لە پەرلەمان، یان ئەنجومەنە هەڵبژێراوەكانی دیكەدا نزیكیی حزب لە جەماوەری دەنگدەرەوە دەردەخات.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە ساڵی ١٩٩٢ وەوە هەر جارێك بە تەنیا بەشداریی هەڵبژاردنێكی كردبێت لەسەر ئاستی كوردستان، یەكەم بووە و لە دواهەڵبژاردنی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨دا لەسەر ئاستی عێراق یەكەم حزب بووە. هەوڵەكانی ئەم جارەی پارتی بۆ ئەوەیە هەر بە حزبی یەكەم بمێنێتەوە و وەك هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەی داكۆكیكردن و بەرگریكردن بێت لە كورد و كوردستان. پارتی بۆ ڕاگرتن، یان دروستكردنی باڵانس لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا بەشداریی هەڵبژاردنەكان ناكات، بەڵكو بۆ ئەوەیە متمانەی زۆرترین دەنگدەران بەدەست بهێنێت و بتوانێت ئەو بەڵێنانەی لە بەرنامەی هەڵبژاردندا بە خەڵكی داوە جێبەجێیان بكات.

لە وڵاتێكدا كە سیستەمی سیاسی پلورەلیزم بێت و ڕەوایی حوكمڕانی لە رێگەی هەڵبژاردنەوە بەدەست بهێنرێت، هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا ویست و خواستێكی گوماناوییە، چونكە پرۆسەی حوكمڕانی زەحمەت دەكات. لە زۆربەی وڵاتانی دیموكراسیدا خراپترین ئەنجامی هەڵبژاردن ئەوەیە كە ڕێژەی كورسییەكانی لایەنەكانی ناو پەرلەمان بە شێوەیەك دەبێت كە پێكهێنانی حكومەت زۆر زەحمەتە، واتە باڵانسی هێز لە نێوان لایەنەكاندا دروست بێت و بەو جۆرە پەرلەمانە دەڵێن: (balanced parliament). تەنانەت كاتێكیش حكومەت پێكدەهێنرێت حكومەتێكی جێگیر نابێ و بە زەحمەت دەتوانێت كارەكان، یان بەرنامەی حكوومی جێبەجێ بكات. كاتێك یەكێتی هەوڵ دەدات لە رێگەی پێكهێنانی هاوپەیمانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرەیەك بەرامبەر (گەر نەڵێین دژ)ی پارتی دروست بكات و ناڵێت ئامانجمان بردنەوەی زۆرینەی كورسییەكانە بۆ ئەوەی حكومەت پێكبهێنین، بەڵكو بەدەستهێنانی ڕێژەیەكی ئەوتۆی دەنگە كە نەیەڵین پارتی حكومەت بەڕێوەبەرێت و، بەرنامە و بەڵێنی هەڵبژاردن جێبەجێ بكات، (هەڵبەتە ئەمە زیاتر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ڕاستە). لە دۆخێكی ئاوهاشدا تەنیا هاووڵاتی زەرەر دەكات. كەواتە ئەگەر چەمك، یان دەستەواژەی ڕاگرتنی باڵانس و ئەوەی یەكێتی مەبەستێتی لە ڕستەیەكدا رێكبخەینەوە، ئەمەی لێ دەردەچێت: (پارتی بەهێزە و زۆرینەی كورسییەكان دەباتەوە و بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ دەكات و، بەڕەكە لەژێر پێی ئێمە دەردێنی، با هاوپەیمانییەك دروست بكەین و نەیەڵین پارتی باڵادەست بێت).

سووربوونی پارتی لەسەر هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی لە ئاكامی بڕوابوون بەوەی هەڵبژاردن ئامرازێكی دیموكراتییە و مافی هەموو هاووڵاتیەكی كوردستانی و عێراقییە، هاوكات هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق داخوازیی سەرەكیی خۆپیشاندەرەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی 2019 بوو، پارتی بڕوای بەوە هەیە، دەبێت عێراقی نوێ لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی بونیات بنرێتەوە و تێیدا كورد بەهێزەوە بڕواتە بەغدا و لەم پێناوەشدا پێویستە پارتی زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و خەڵكی كوردستان پێویستە هوشیار بن كە مافەكانیان لە عێراقدا بە هێزێكی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكێكی نەتەوەیی وەك مسعود بارزانی بەدەست دەهێنرێت.

لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژوویی و بەرز ڕاگرتنی شكۆی كورد و كوردستانییەكان لە عێراق و مسۆگەركردنی بەدەستهێنانی تەواوی مافە نەتەوەیی و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ و هەستیارە، ئەركی كوردو كوردستانییانە لە ڕۆژی دەنگداندا بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بە نوێنەرانی بارزانی بدەن و پێگەی پارتی لە بەغدا بەهێز بكەن، بۆ ئەوەی پێگەی كورد لە عێراقدا بەهێز بێت و داهاتوویەكی ئارام و سەقامگیر بۆ گەلی كوردستان و عێراق زامن بكەین، چونكە پارتی نوێنەرایەتیی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە بەغدا دەكات و، كورد و كوردستانێكی بەهێز واتا پارتییەكی بەهێز لە بەغدا.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گرنگییەكی زۆر دراوە بەم هەڵبژاردنە و لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپا و وڵاتان و ڕێكخراوانی نێودەوڵەتیی دیكە ژمارەیەكی زۆر چاودێر ڕەوانەی عێراق دەكرێن، بۆ نەوەی چاودێریی پرۆسەكە بكەن. هەڵسەنگاندنی ئەوان بۆ چۆنیەتی ئەنجامدان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئەنجامەكەی ڕەوایی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت و لەسەر ئەو بنەمایە لە داهاتوودا مامەڵە لەگەڵ حكومەتی عێراق بكەن.

بڕوامان وایە ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دەبێت و، پارتی ژمارەی كورسییەكانی زیاد دەكات. هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم و بەتایبەتی لە كەركووك بە گەرمی و حەماسەتەوە بەڕێوە دەچێت، سەرەڕای بوونی كۆسپ و تەگەرەكان و ڕۆڵی خراپی میلیشیاكان.

بێگومانم جەماوەری پارتی لە ئاستی گرنگیی هەڵبژاردنەكەدان و وەك هەمیشە سەری پارتی بەرز دەكەنەوە.

 

 

 

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی

پارتی دیموكراتی كوردستان

Top