پارتی لەسەر ئاستی عێراق ڕكابەری دەكات
لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، پارتی بە هێزێكی گەورەوە بەشدارە و ڕكابەریی هاوپەیمانێتییە گەورەكان دەكات، لە ناوخۆش پارتی خەریكی چاكسازی و ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوەدانییە و لەسەر بەڵێنەكانی خۆی بەردەوامە.
ڕكابەرییەكەی پارتی بۆ پاراستنی دەستكەوت و بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە، بۆ وەدەستخستنی مافەكانی خەڵكی كوردستانە. كاتێك كار دەگاتە پێكهێنانی حكومەت، سەرجەم ئەو لایەنانەی كە خۆیان هیچیان پێ نییە بۆ خەڵك، وەك هەمیشە چاویان لە دەستی پارتییە تاكو بێبەش نەبن لە وەرگرتنی پشكەكان، بۆیە پێم سەیرە هەندێك حزبی ناو حكومەت لە ئاست ئەو بێدەنگییەی پارتی، دێت بانگەشە بە ناوهێنانی پارتییەوە دەكات و پێیان وایە بەو جۆرە متمانە بەدەست بێنن. بەڵام زوو زوو لەبیریان دەچێت، كە دواجار دەبێت بچنەوە بەر دەرگای سەرۆك بارزانی.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك پارتێكی سیاسیی كوردستانی لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا خەباتی سیاسی دەكات، كە جیاوازە لەگەڵ قۆناغەكانی ڕابردوو كە خەباتی شۆڕش و چەكدارین، زۆرێك لە هێزە سیاسی و ڕژێمەكانی عێراق هەوڵیانداوە كار بۆ لاوازكردن و تەنانەت لەناوبردنی پارتی بكەن و كردوویانە، بەڵام خەیاڵیان خاوە كە بتوانن ئەو ئەو ئامانجە گەورەی كە پارتی هەیەتی، لەبەین بەرن.
ئەو حزبانە هەر لە كۆنەوە ئەو شێوە یارییانەیان تاقی كردووەتەوە، دواجار نەیانتوانیوە زەفەر بە پارتی ببەن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە دوای هەڵبژاردن، ئەو لایەنانە چۆن لە ڕوویان دێت، بێن داوای شەریكی و پێكەوە كاركردن لە پارتی بكەن؟
پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕابەرایەتیی سەڕۆك بارزانی سەنگی گەورەی بۆ نەتەوەی كورد گەڕاندووەتەوە و لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەیش پارتی داكۆكیكارێكی سەختە لە مافە زەوتكراوەكان و پاراستنی گەلی كورد، بۆیە لەسەر جێبەجێكردنی ئامانجە نەتەوایەتییەكان هەرگیز چۆك بۆ هیچ دوژمن و نەیارێك دانادات.
هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، تا ئۆتۆنۆمی و دواجار سیستمی فیدڕاڵیەت و ڕیفراندۆم، زۆر بەرپرسیارانە بەو ئەركە نیشتمانییانەی هەڵساوە و بەپێی قۆناغە جیاوازەكانی هەموو ئەمانەی ئەنجام داوە.
پارتی لە بەرپرسیارێتی نەترساوە، لەهیچ هێزێكی جیهانیش ترسی نەبووە، ئەوەی قەناعەتی پێ هاتووە، كردوویەتی و هەمیشە لە پاڵ دۆزی ڕەوای گەلەكەی وەستاوە و بەردەوامە لە خەبات.
جنێو و نازڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە كارێكی ناڕەوا و دوورە لە بەهای مرۆڤایەتی، بە داخەوە لای هەندێ لایەن كەلتووری جنێودان و تۆمەتی بێ بنەما بووەتە ڕێچكەیان و پێیان وایە بە ناوهێنان و برینداركردنی لایەنی بەرامبەر دەنگیان لە زۆری دەدات و كورسی پێ زیاد دەكەن. بەڵام دواجار دەبێت وەبیر خۆیان بهێننەوە كە دوای هەڵبژاردن یەكتری دەبیننەوە و دێنەوە ناو حكومەتەكەی پارتی.
پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە ڕاستگۆ بووە لەگەڵ خەڵكی كوردستان، لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لەسەر ئەو بەرنامانە دەدوێت كە ستراتیژین بۆ كورد، هیچ كات دروشمێك بەرز ناكاتەوە كە نەتوانێت جێبەجێی بكات، پارتی ڕای وایە بانگەشەی هەڵبژارن واتە نمایشكردنی ئەو پڕۆژە و بەرنامەیەی كە كاریان لەسەر دەكرێت، نەك زمانی ڕووی لە لایەنەكان و شەڕی دەروونی و بەگژداچوونەوە بێت، پارتی ئەوەی لە ڕابردوودا كردوویەتی و ئەوەی لە ئایندەشدا كاری بۆ دەكات، ئاراستەی جەماوەری دەكات. پارتی لە هەموو قۆناغە سەختەكاندا سەربەرزانە هەستی بەرپرسیاریەتی بەهێزتر بووە و دڵسۆزانە لە پێناو نیشتماندا ئەركەكانی خۆی بەجێ گەیاندووە، جیاواز لەو لایەنانەی كە لە كاتی سەركەوتنەكان خۆیان بە شەریك دەزانن و لە كاتی دژواری و سەختیەكانیش لە بەرپرسیاریەتی هەڵدێن.
بۆیە پێویستە ئەوە بڵێین: گەل هۆشیارە و دەزانێت كێ بەرپرسیار و خەمخۆرە و كێ تەنیا لە چوارچێوەی دروشمدا دەخولێتەوە. ئێدی خەڵك بێزارن لە هاشوهوش و تۆمەت هەڵبەستن و جنێو، خەڵكی كوردستان كرداریان دەوێت، سەقامگیری و ئارامییان دەوێت، دڵنیان لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە میدانی ململانێكاندا قسەكان دەكات بە كردار و لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا پشت لە گەلەكەی ناكات.