پارتی بە خزمەتگوزاری ڕووی لە چەمچەماڵ كردووە، بۆیە داوا لە خەڵكی دەكەم دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن

پارتی بە خزمەتگوزاری ڕووی لە چەمچەماڵ كردووە، بۆیە داوا لە خەڵكی دەكەم دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن

 

 لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەین، بۆ ئەوەی كورد بە هێزەوە بچێتەوە بەغدا و پارتی زیاتر خزمەتی خەڵكی كوردستان بكات، ڕاستە چەند ساڵێكە بە هۆی نەداری و هەژاری و شەڕ و شەڕی تیرۆر و ململانێی توندی حزبییەوە، خەڵكی نائومێد بووە، بەڵام ئەم نائومێدییە نابێت كاریگەریی لەسەر بابەتی قەومی و نیشتمانی بكات، ئەگەر كورد لە بەغدا پێگەی لاواز بێت و، كاندیدی نیشتمانپەروەر و نەتەوەیی نەنێرینە بەغدا، مافەكانی ئێمە كە لە دەستوور و یاسا لە عێراقدا چەسێندراون، ئەوەندەی دیكە نەك هەر پەراوێز دەخرێن، بەڵكو هەموو ئەو ماف و دەستكەوتانەش كە هەن، دەكەونە مەترسییەوە، تێڕوانینی ئێمە بۆ هەڵبژاردنی عێراق دەبێت لە سەر بنەمای تێڕوانینی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت و، بە بەرپرسیارییانە لەم پرسە هەستیارەی نەتەوەكەمان و ئایندەی گەلەكەمان هەڵسوكەوت بكەین، كە بابەتێكی جیاوازە لە پرسی نێوخۆی هەرێمی كوردستان و لە ڕۆژی دەنگدان هەر كەسێك بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان بۆ ئەوەی دەنگەكانی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق كەم نەكاتەوە و ئەو دەنگانە كاریگەریی نەكاتە سەر مافە ڕەواكانمان لە دەستووری عێراق.

من لە پێگەی هیچ هێزێكی كوردی كەم ناكەمەوە و هەموو هێز و لایەنێكی كوردی خەسڵەتێكی نیشتمانپەروەریی و نەتەوەیی تێدایە، بەڵام بۆ ئەمڕۆ گرنگترین هێز و لایەنی سیاسی لە ساحەكەدا پارتی دیموكراتی كوردستانە كە بە بەهێزی ماوەتەوە و توانیوێتی سەرەڕای ئەو هەموو فشار و هێرشانە لە سیاسەتی لە نێوان هەرێم و عێراق خۆڕاگر بێت لە بابەتەكانی دەستوور و ناوچە جێناكۆكەكان و كێشەكانی كەركووك و هێزی پێشمەرگە و دەیان ماف و شایستەی دارایی دیكەی خەڵكی كوردستان لە عێراق، بە كردەوەش سەلماندوویەتی كە پێداگر و بەرگریكار بێت، لەمانەش گرنگتر پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی هێزێكی یەكگرتووی جێگیرە و لە ساحەكەدا بە بەهێزی ماوەتەوە و ڕووبەڕووی داگیركارانی كورد بووەتەوە و هێزێكی ڕەقەم یەكە و دوژمنانی كوردیش حیسابی وردی بۆ دەكەن. دەتوانم بڵێم: پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هێزەیە كە كوردستان دەپارێزێت و پێویستە پشتیوانی لێ بكرێت و لە عێراقدا زیاتر پاڵپشتی بكرێت و هان بدرێت بۆ زیاتر داواكردنی مافی كورد و كوردستانییەكان .

لەمەش گرنگتر من لە چەمچەماڵم و نزیكە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانەوە كە هەڕەشەی سڕینەوەی ناسنامەی كورد و داگیركردنی خاك و دەركردنی خێزانە كوردەكانی لە سەرە، پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی هێزێكی جێگیر و بە دیسپلینەوە ئامادە نییە سازش لەسەر داگیركردنی ئەو ناوچانە بكرێت، لە كاتێكدا ئێمە چەندین ساڵە لە تەواوی ئەو ناوچە كوردستانییانە دابڕاوین و هێز و دەسەڵاتمان لەوێ نییە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تیرۆریستەكان جێگای خۆیان باشتر لە تەواوی ناوچەكە بكەنەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەنجامدانی تەعریب و تەرحیل لە چەندین گوندی ناوچەكە، خۆ ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان هاونیشتمانیان دەنگی بۆ بدەن و لە بەغدا بەهێزتر بێت، ئەوا پێداگریی زیاتر دەكات بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بچێتەوە ناوچەكە و ئەو خانەوادە و كوردە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزانە لە مەترسیی تەرحیل و تەعریب دەرباز بكات. هێزێكی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان نەك تەنیا بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان گرنگە، بەڵكو بۆ چەمچەماڵ و تەواوی ناوچە سنوورییەكان بە ناوچە جێناكۆكەكان گرنگە. من خۆزگەم دەخواست هەموو كورد لە 16ی ئۆكتۆبەر پاڵپشتی پارتی بكردایە و لە كەركووك دەرنەچووایە، یان بەهێزەوە بە یەكگرتوویی و تەبایی بگەڕاباينەتەوە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان، خۆ كە ئەمە ناكرێت، دەبێت پاڵپشتیی پارتی بكرێت لەمەدا، نەك پاڵپشتیی هەندێك حزب و هێز و لایەنی سیاسی بكەین كە خۆیان تەسلیمی هێزی داگیركەری كەركووك كردووە و لەبەر چاویان ئازاری كورد دەدرێت و، تەعریب و تەرحیل دەكرێن و، هیچیان بۆ ناكەن، بۆیە لە مەسەلەی كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كە ئێستا داگیر كراون، پارتی باشترین بەدیلە كە خەڵكی دەنگی بۆ بدات و ئەویش بەرگریی لێ بكات.

لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدەرانی كورد دەبێت ڕەچاوی بابەتی خزمەتگوزاریی بكەن، كە یەكێكە لە هەرە بابەتە گرنگ و هەستیارەكان و گرنگییەكەی لە بابەتە قەومی و نیشتمانییەكان و مافە دەستوورییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كەمتر نییە، هەمووشمان دەبینین جیاوازیی نێوان ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لەگەڵ ناوچەكانی دیكە چەند جیاوازە، ئەمڕۆ كە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕووی كردووەتە چەمچەماڵ و هەموو شارەكانی دیكەی ئەم دەڤەرە، بەڵام من زیاتر لەسەر چەمچەماڵ قسە دەكەم، كە ئێمە كێشەیەكی هەرە سەرەكی و كۆنمان هەیە و تا ئێستا چارەسەر نەكراوە، ئەویش كێشەی كەم ئاوییە و بە سوپاسەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێگەی نوێنەرەكانیەوە هەنگاوی كردەیی ناوە و چارەسەرێكی خێرای دۆزیوەتەوە بۆ چارەسەری كەم ئاوی لە چەمچەماڵ بە تەرخانكردنی 7 ملیار و 600 ملیۆن دینار و تەنیا كۆمپانیایەك ماوە بە كارەكە هەڵسێت و دەست بە جێبەجێكردنی بكرێت، ئەمە و بەڵێنی ئەوەشیان داوە پڕۆژە گەورەكە كە ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵە، كاری جددی لەسەر بكرێت، لە بەرنامەشماندایە و قسەشمان لەگەڵ سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە، كە ئێمە لە بابەتی پترۆدۆلاری داناغاز و دامەزراندنی گەنجانی ئەم سنوورە لە گەورە كۆمپانیاكان ئاگادار بین و، ئەم بابەتە لە ڕیزبەندی پێشەوە بێت، بۆ چەمچەماڵییەكان.

من لە ئێستادا وەكو هاووڵاتییەكی ئەم سنوورەی چەمچەماڵ قسە دەكەم، كە خەڵكی چەمچەماڵ پێویستە بە دەنگ ئەم هەنگاوە كردەییەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بچێت و دەنگ بە پارتی بدەن، ئەمە لە هەموو وڵاتانی پێشكەوتووی دونیای ئەوروپا و ئەمریكا مۆدێلە، خەڵك پشتیوانی لە حزب دەكات، بۆ ئەوەی مووچە و خزمەتگوزاریی بۆ فەراهەم و دەستەبەر و دابین بكرێت، حزبیش لە بەرامبەردا ڕوو دەكاتە ئەو ناوچانەی پێگەی جەماوەری تێدا بەقوەتە و خزمەتی دەكات، بۆیە داواكارم لە خەڵكی چەمچەماڵ بە دەنگ داواكارییەكەمانەوە بێت و دەنگ بە پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكەی بدەن، بۆ ئەوەی ئەم دەرگایەی كراوەتەوە، بەردەوام بێت و خزمەتی زیاتری چەمچەماڵ و تەواوی سنوورەكە بكرێت.

Top