بوونی پارتی وەك پارتێكی بەهێز لەسەر ئاستی عێراق ڕەوایەتی بە قەزییەی كورد و دەستەبەركردنی مافەكانی دەدات
مەلا مستەفا بارزانی ڕابەری نەتەوەیی و ڕۆحی، فێری كردووین كە چۆن (شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت)، ڕێبازی بارزانی لەسەر بنەمای كوردایەتی و بەرگریكردن و پاراستنی هەموو پێكهاتە كوردستانییەكان دامەزراوە و، كادیر و ئەندام و جەماوەری پارتییش هەر لەسەر ئەو ڕێبازە پیرۆزە، درێژەپێدەری خەبات و نوێەرایەتیی گەلەكەیانن، بۆ ئەوەی گەلی كوردستان ئاسوودە و ئارام و سەقامگیر بژی.
هەر لەسەر ئەم بیروباوەڕە مرۆڤایەتی و بەرزەی كوردایەتی، لە ڕۆژەكانی یەكەمی ڕاپەرینە مەزنەكەی گەلی كوردستان، سەرۆك مسعود بارزانی لە وتارە مێژووییەكەیدا لەشاری كۆیە باسی گرنگیی گۆڕینی شەرعییەتی شۆڕشگێڕیی بۆ شەرعییەتی نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستانی كرد و، هزری دیموكراتی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بۆ گەلی كوردستان مسۆگەر كرد، بەمەش هەڵبژاردن و ئازادی و دیموكراتی هاوشێوەی خەبات و شۆڕش و بەرخۆدان، دەستكەوتێكی پارتی دیموكراتی كوردستانە و درێژەپێدەری ئەو خەبات و خزمەتەی خەڵكە، كە لەسەر دەستی ڕابەری نەتەوەیی كورد مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە.
ئەمڕۆش كە گەلەكەمان بەرەو سندوقەكانی دەنگدان دەڕۆن بۆ هەڵبژاردنی كاندیدەكان، گرنگە بە عەقڵ و لۆژیك و ویژدانەوە دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، ئەوە سەرۆك مسعود بارزانی بوو كە بنەماكانی مافی فیدڕاڵیی بۆ گەلی كوردستان و دیموكراسی و هاوبەشیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقی لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا جێگیر كرد، پارتی بوو لە گەرمەی كێبڕكێی حزبیدا سەرقاڵی كێبڕكێ بوو بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكان و قووت و مووچەی خەڵكی كوردستان و، لە ڕۆژە سەختەكانی گەمارۆ و قەیران و شەڕی داعش و پەتای كۆرۆناشدا لەبەرپرسیارێتی هەڵ نەهات، بوونی پارتی وەكو پارتێكی بەهێز لەسەر ئاستی عێراق، ڕەوایەتی بە قەزییەی كورد و مافی كوردستانییان دەدات، بوونی پارتێكی بەهێز، واتا كوردستانێكی بەهێز لە عێراقدا، پارتی لە بەغدا لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردووشدا ئەوەی سەلماند كە لە پێناو یەكڕیزی و تەبایی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا، دەستبەرداری زۆر لەو پۆست و دەستكەوتانەش بوو كە بەپێی ئیستحقاقاتی كورسییەكانی دەستی دەكەوت.
پارتی دیموكراتی كوردستان خەبات دەكات لەپێناو جێبەجێكردنی هەموو ماددە و بڕگەكانی ناو دەستووری هەمیشەیی عێراق، بەتایبەتی جێبەجێكردنی ماددەی140 و ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەركاتێك پارتی لاواز بووە، گەلی كوردیش دەستكەوتی زۆری لەدەست داوە، هەمووان بینیمان كە چۆن لەدوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە تەواوی ئەو ناوچانەی كەوتنە ژێر دەستی میلیشیای چەكدار و هێزی نامۆ بە خەڵكی ناوچەكە، چییان بەسەر هاتووە و، ئێستا كەركووك ناناسرێتەوە، بۆیە خەڵكی تەواوی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە كەركووك و مووسڵ و دەشتی نەینەوا و دیالەوە، پێویستە كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێرن، چونكە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەتوانن لە بەغدا بەرامبەر نەیارانی كورد بوەستنەوە و، قەناعەتیان پێ بهێنن كە نەتەوەی كوردیش نەتەوەیەكە و خاك و زمان و كولتووری خۆی هەیە و، ئەو مافەشی هەیە كە لەسەر خاك و نیشتمانی خۆی ئازادانە بژی و، سەربەخۆیی و سنوورێكی جوگرافیی هەبێت و، بە تەواوی مافە تاكەكەسی و نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی شاد بێت، بۆیە كوردێكی بەهێز لە بەغدا پێویستی بە پارتێكی بەهێز و جێگیر لە سەقامگیری و پابەند بە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان هەیە.
پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو هێزەیە لە عێراق و كوردستان، كە دەتوانێت لەگەڵ عەرەبی سوننە و عەرەبی شیعە و توركمان و مەسیحی و كلدان و ئاشوور و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان پێكەوە كار بكات، ئەوەتا لە سنووری مەخموور دوو كاندیدمان هەیە، كە بە ڕەگەز عەرەبن و لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی دیكەش پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدی خۆی هەیە و، بڕوای بەوە هەیە كە هەمووان پێكەوە كاری هاوبەش ئەنجام بدەین.
پارتی دیموكراتی كوردستان زەروورەتێكی مێژووییە، نەك تەنیا بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بەڵكو تا ماوین بۆ پێكەوەژیان لە عێراق و ددان پێدانان بەمافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و دیموكراسی بۆ عێراق و سەربەخۆیی بۆ كوردستان پێویستییەكی هەمیشەییە.
(*)
ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان