بۆ ئەوەی لە بەغدا كورد مافەكانی بە دەست بهێنێت دەنگ بە كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن
پارتی دیموكراتی كوردستان نەك هەر بەهێزترین پێگەی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵكو حزبێكی گەورە و كاریگەری نێو گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیشە و ڕۆڵ و كاریگەریی بەرچاوی خۆی هەیە، دەرئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی عێراق و كوردستانیش ئەمەیان سەلماندووە، ئەمجارەش پارتی بە گوڕ و تینەوە بەشداری هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق دەكات و بە ئومێد و متمانەوە هەنگاو هەڵدەگرێت و چاوی لەوەیە وەك هەمیشە بە پێگەیەكی بەهێزەوە بچێتەوە بەغدا بۆ ئەوەی درێژە بە تێكۆشانی خۆی بدات لە پێناو بەرجەستەكردن و بەدیهێنانی زیاتری دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان.
پارتی خاوەن مێژوویەكی دەوڵەمەندی كوردایەتییە، پارتی لە ڕۆژە سەختەكاندا نوێنەرایەتیی گەلی كوردستانی كردووە و هەرگیز موساوەمەی لە قەزییەی نەتەوەكەی نەكردووە، ئامادەش نەبووە ڕۆژێك لە ڕۆژان خاكی خۆی بفرۆشێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان، خاوەنی ناوەندێكی بڕیاری بەهێزە و سەرۆك مسعود بارزانی ئاراستەی دەكات و، پارتییەكان و جەماوەرەكەی پابەندن بە دیسیپلینی نەتەوەیی و نیشتمانی، نوێنەرەكانی پارتی لە بەغدا بە ئەزموون سەلماندوویانە كە پابەندی یەكڕیزی و داكۆكیكارێكی سەرسەختی مافەكانی نەتەوەی كورد و كوردستانیانن و نوێنەرایەتی هەموو گەلی كوردستان دەكەن بە جیاوازی نەتەوەیی و ئایین و ئاینزاكانیەوە. ڕێبازی پارتی شێوازی خەباتی بۆ كادیر و ئەندام و جەماوەرەكەی پارتی دیاری كردووە، هەر كاتێك فشار و هێرش بۆ گەلی كوردستان و مافە ڕەواكانی ئەم گەلە هاتووە، هەر پارتی بووە ڕیزی پێشەوەی موقاوەمەت و خەباتی بەرنەداوە و لەم پێناوەدا شەهید و قوربانی پێشكەش كردووە و، سەری بۆ هیچ دوژمنێك نەچەماندووە. بوونی مەرجەعییەتێكی باڵا لەناو پارتی وای كردووە ئەم حزبە بە جیاوازیی نەتەوە و ئایین و بیروباوەڕەكانیەوە دواجار لەسەر یەك ڕێبازی خەبات و بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان كۆك بن و، لە بەغدا یەك نوێنەرمان خۆی نەفرۆشتووە لە بەرگریكردن لە مافەكانی گەلی كوردستانیش سازشیان نەكردووە.
لەسەر ئاستی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان پارتی بوو لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە سەری نەچەماند و ڕووبەڕووی هەموو ئەو هێرشانەش بووەوە كە كاریان لە سەر سڕینەوەی ناسنامەی گەلی كوردستان دەكرد، بۆیە ئەركی سەرشانی كەركووك و كەركووكییەكانە لە ڕۆژی دەنگدان هەمووان بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بە ویژدانەوە دەنگ بدەن و دەنگ بە هەردوو كاندیدی پارتی لە بازنەی 1 ژمارە 30 شاخەوان عەبدوڵا و كاندیدی بازنەی 2 ژمارە 52 مامۆستا نەجوا حەمید بدەن. بۆ ئەوەی كورد لە بەغدا بەهێز بێت، هەروەكو چۆن لە هەموو سیستەمێكی فیدڕاڵیدا مەرجە هەرێمە فیدڕاڵییەكان بەهێز و یەكگرتوو بن، بۆ ئەوەی حكومەتی فیدڕاڵی بە سەریاندا زاڵ نەبێت، پێویستە كورد بەهێز و بە یەكگرتووییەوە لە بەغدا بێت، بۆ ئەوەی تەواوی مافەكانی دەستەبەر بێت، بۆ ئەم كارەش پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو پارتێكی بەهێز و سەقامگیر و خاوەن ئەزموون و بەرگریكار لە قەزییەی كورد و پارێزگاریكردن لە خاك و نیشتمان رۆڵی خۆی هەیە. كورد دەبێت ئەو ڕاستییە بزانێت ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە بۆ ڕاستكردنەوەی دۆخی ناسەقامگیریی سیاسیی عێراقە و ئەگەر نوێنەرانی كوردستان پارتێكی بەهێز لە پشتیان نەبێت لە بەغدا، ئەوا مافەكانی گەلی كورد دەكەوێتە مەترسییەوە و كاریگەریی لەسەر ژیان و بارودۆخی هەمووان دەبێت.
پارتی بەهێزە بە سەرۆك مسعود بارزانی، كە هەموو كوردی هەرێمی كوردستان و كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان دەزانن سەركردەیەكی لۆكاڵی نییە و سەركردەیەكی دیاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانە، ئەو پارتەی ئەم سەركردە گەورەیە ڕابەرایەتی دەكات، ئەوا سەرۆك بارزانی دەتوانێت كاریگەریی جددی لە سیاسەتی نێوخۆی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بكات و، ئەندامەكانی پارتی لەژێر رێنماییەكانی سەرۆك بارزانی باشتر كاردەكەن و تەنانەت هەموو لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستانیش گوێی لێ دەگرن و هەوێنی یەكڕیزی نەتەوەی كورد و چارەسەركردنی مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستانە لە عێراقێكی ناسەقامگیردا.
(*)
بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك