بەسام عەلی بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە: هەڵەبجەییەكان دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن

بەسام عەلی  بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە:  هەڵەبجەییەكان دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن

 

 

پارتی دیموكراتی كوردستان لە هاوكێشەی سیاسیی عێراقدا هێزێكی كارا و كاریگەرە و ڕۆڵی گەورەی لە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ئەم وڵاتەدا هەیە، بۆیە لەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەشد بەشدارییەكی چالاكانە دەكات و، بە باوەڕ و متمانەبەخۆبوونەوە، لە ڕێی كار و كۆششی جددییەوە دەیەوێت ئەنجامی بەرچاو بە دەست بهێنێت. لەم بارەیەوە بەسام عەلی بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕێی گۆڤاری گوڵانەوە بەم جۆرە پەیامی خۆی بۆ هەڵبژاردنەكان خستەڕوو:

 

 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گەلی كوردو كوردستان گرنگییەكی تایبەتی خۆی هەیە، بەتایبەت لەوەدا كە سەرجەم ئەو یاسایانەی پەیوەندیدارن بە مافە دەستووری و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان و، پەیوەستن بە قەوارەی سیاسی و ئابووریی ئەم هەرێمەوە لەو ئەنجومەنەدا، گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و دواتر دەنگی لەسەر دەدرێت. لەم ڕوانگەیەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بە گرنگییەكی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەم هەڵبژاردنە و، ژمارەیەك كاندیدی بەتوانا و دڵسۆزو شارەزای دەستنیشان كردووە، پارتی پێشتریش سەری ڕمی بەرگریكاری مافەكانی گەلی كوردستان بووە و، لە بەغدا سەلمێنەری ئەوە بووە كە بەردەوام داكۆكیكارە لە سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق و كوردستان بەجیاوازیی نەتەوەیی و ئاینی و بیر و هزریانەوە، هەرواش لەسەر ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانی، كە ڕێبازی پێكەوەژیان و كولتووری لێبوردەیی و پاراستنی مافەكانی خەڵكی كوردستان بووە و، پارتی بەردەوام خزمەتكردنی خەڵكی بە شانازی داناوە و، كاری لە پێشینەی ئەندامان و كادیرەكانیش خزمەتكردن دەبێت بە گەلەكەیان، هەروەكو جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی ئاماژەی پێ دا، كە كەم قسە بكەن و، زۆر كار بكەن.

هەڵەبجەییەكان و خەڵكی تەواوی ئەم سنوورە، كە سەردەمێكی زۆر ببوونە قوربانی و زیانێكی زۆریان بەركەوتووە، لە هەموو كەس زیاتر دەزانن هەر كاتێك لە عێراقدا پارتی بەهێز بووبێت، ئەوان بوونەتە خاوەنی ماف و دەستكەوتی مێژوویی و، هەر كاتێكیش پارتی بەهێز نەبووە، زیانی گەورەیان بەركەوتووە. هەر لەسەر داوای سەرۆك بارزانی و لە سەردەمی سەرۆكایەتیی جەنابیان بوو كە هەڵەبجە بووە پارێزگا و، دواتر لە سەردەمی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی كاروبارە ئیدارییەكانی تەواو كران، بۆیە ئێمە خۆمان بە خاوەنی هەڵەبجە و مافی هەڵەبجەییەكان و تەواوی سنوورەكە دەزانین، بە سەیدسادق و پێنچوێن و قەزای شارەزووریشەوە، هەر بۆیە هەڵەبجەییەكان دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن، ئەو كاندیدانەی هەڵگری هزری نەتەوەیی و نیشتمانین و، بە جورئەتەوە لە بەغدا بەرگری لە مافەكانیان دەكەن، پەرلەمانتارێكن دەتوانن كار بكەن بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعس، كە پشكی شێر بەر خەڵكی ئێمە لە شەهید و زیندان و كیمیاباران و ماڵوێرانی دەكەوێت و، دەبێت هەموو ئەو یاسایانەی باس لە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان دەكات، بخرێنە كار و، لە ڕووی پراكتیكییەوە لە بەغدا كاریان پێ بكرێت، ئێمە كاندیدی ژمارە 22 لە بازنەی 3 دكتۆر ئەشواق جاف-مان هەیە، كە یەكێكە لە پەرلەمانتارەكانی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق و، بە ئەزموونی خۆی سەلماندوویەتی كە نەك تەنیا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی هەموو عێراق پەرلەمانتارێكی لێهاتوو و بەتوانا و دڵسۆزە. لێرەوە داوا لە سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەماوەری نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی ئەم دەڤەرە دەكەم، لە سەرجەم بازنەكان، لە رۆژی 10/10 لە كەرنەڤاڵێكی جەماوەریدا، بڕۆنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بە بەربژێرەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن، كە بەئەزموون و بەتوانان و، لە ڕابردووشدا سەلماندوویانە پەرلەمانتاری بەجورئەت و پڕ زانیاری و دڵسۆزن بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی هاووڵاتیان. هەڵەبجەییەكان یەكەمین قوربانیی شۆڤێنییەت و ڕەگەزپەرستی و دژایەتیكردنی نەتەوەیی بوون، هەر بۆیە ئومێدمان زۆرە، ئەمجارە كاندیدەكانی پارتی تاقی بكەنەوە، بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافەكانی خەڵكی هەڵەبجە بكەن.

نوێنەرانی پارتی لە بەغدا جیاواز لە نوێنەرانی زۆر لە لایەنە سیاسییەكانی دیكە، سەرقاڵی بەرگریكردن و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان بوون، ئەوان بەرگریكارێكی سەرسەختی قەزییەی كورد بوون و، توانییان بە خۆڕاگری و پشوودرێژییەوە، شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان بەدەست بێهێنن، لە هەرێمی كوردستانیشدا لە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە و مووچە و قەیرانی پەتای كۆرۆنادا، هەر پارتی بوو كە لە ڕۆژە سەختەكاندا دەستبەرداری میللەتەكەی نەبوو و، بەرپرسیارانە سەرەڕای هەموو تۆمەت و ناوزڕاندنەكان، بەڵام فریای خەڵك كەوت و نەیهێشت زیانی گەورە بەر میللەتی كورد بكەوێت و، بە دەردی میللەتانی دیكەی ناوچەكە بچین.

پەیامی ئێمە بۆ دەنگدەرانی سنووری بازنەی 3 لە هەڵەبجە و سەیدسادق و قەزای شارەزوور ئەوەیە، نوێنەرانی پارتی لە بەغدا ئەركی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەیان جێبەجێ كردو، لە ئێستاشدا ئەركی جێبەجێكردنی خزمەتگوزاری و پێشخستنی ئەم پارێزگایە و دامەزراندنی دامەزراوەییەكانیان لەسەر شانە و، بە سەختی داكۆكی لە مافی قوربانیانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدان دەكەن و، ئەركی داكۆكیكردنی ماڵوێرانییەكانی دیكەی ناوچەكانیان لەسەر شانە، ئومێدیشمان زۆرە ئەمجارە هەڵەبجەییەكان دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی بدەن و، دڵنیایان دەكەمەوە كە كار لەسەر هەموو ئەو كەیسانە دەكەن، كە تایبەت بە داواكاری و مافی ڕەوای خەڵكی ئەم سنوورەن.  

Top