پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی(58)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کادیرانی ئێزگەی دەنگی کوردستان.
ئەمڕۆ(58)ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان تێدەپەڕێ، ئەو ئێزگەیەی بە بڕیاری(بارزانی نەمر) دامەرزرا بۆ ئەوەی شانبەشانی خەباتی پێشمەرگە دلێرەکان و رۆڵەکانی گەلەکەمان رۆڵی گرنگ و کاریگەری خۆی ببینێ و ببێتە بڵندگۆیەکی راستەقینەی بەرجەستەکردنی ئامانجەکانمان.
ئێزگەی دەنگی کوردستان لەو قۆناخەی دامەزراندنیدا هەنگاو و دەسکەوتێکی بەبایەخ و بەرچاو بوو بۆ وشیارکردنەوە و جۆشدانی جەماوەر بۆ بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان و رووبەڕوبونەوەی ستەم و زۆرداریی.
جێدەستی دەنگی کوردستان لەو کاروانە پڕ بەخشش و بەرهەمدارەی دا روون و دیارە و وەک مێژوو و راگەیاندن، کە هەمیشە لەو بوارەدا پێشەنگ بووە و هەر بە پێشەنگیش بەردەوام دەبێ لە رووی پلان و بەرنامەو گەنجینەی بە ئەرشیفکراوی دەوڵەمەندی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان.
مایەی شانازییە ئەو دەنگە زوڵاڵە تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە خزمەتگەیاندن بە دۆزی رەوای گەلەکەمان و خواست و ویستی هاوڵاتییان، بۆیە لەو هەلومەرجەش وەک هەمیشە شانبەشانی دەزگا و کەناڵەکانی دیکەی راگەیاندن بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆتان هەڵسن لە خستنەڕووی پەیام و بەرنامەی پارتیمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق و هاندانی هاووڵاتیان بۆ بەشداریکردن لەو پرۆسەیە.
بەو بۆنەیەوە و وێرای گەرمترین پیرۆزباییمان لە ئێوە و بیسەرانتان، پشتیوانی خۆمان بۆ ئێزگەی دەنگی کوردستان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین بۆ کارنامەی داهاتووتان زیاتر بە پلانی ریکوپێک بەرەو پێش بچن و خزمەت بە کولتوور و فەرهەنگی هەمەرەنگی کوردستانی بکەن.
مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٧ـی ٩ـی ٢٠٢١