پڕۆژە یاسایەكی ئەمریكا بۆ یارمەتیدانی سیستەمی دژە مووشەکی ئیسرائیل

پڕۆژە یاسایەكی ئەمریكا بۆ یارمەتیدانی سیستەمی دژە مووشەکی ئیسرائیل

 

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاوی كردووەتەوە كە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ، پڕۆژە یاسای یارمەتیی یەك ملیار دۆلاری بۆ سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئیسرائیل پەسەند کرد.

هاوكات ئاماژەی بەوە كردووە كە نوێنەرانی دیموکرات بە پەسەندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە، ویستویانە بە شێوەیەک لە شێوەکان وەڵامی ئەو ڕەخنانەی کۆمارییەکان بدەنەوە کە پێیان وایە دیموکراتەکان پشتیوانیی ئیسرائیل ناکەن.

 

لەلایەكی دیكەوە (لۆید ئۆستن) وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی (بێنی گانتز) پەیامی پشتیوانی ئیدارەی جۆ بایدنی بۆ بەهێزکردنی سیستەمی دژە مووشەکی ئیسرائیل ڕاگەیاند.

 

پرۆژە یاساکە لە کۆتاییدا بە 420 دەنگی ئەرینی لە بەرامبەر 9 دەنگی نەرینیدا پەسەند کرا و بۆ پەسەندکردنی کۆتاییش ڕەوانەی ئەنجومەنی سینات دەکریت.

 

جێگەی باسە ئەمریکا لە دە ساڵ پێش ئێستاوە دەستی کردووە بە پشتیوانیی دارایی لە سیستەمی بەرگریی مووشەکی ئیسرائیل و تاکو ئیستاش پتر لە 1.6 ملیار دۆلاری بۆ بنیاتنان و پاراستنی ئەو سیستەمە تەرخان کردووە.

 

 

 

 

Top