وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: بە ئیرادەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرفتەكانی كەمئاوی چارەسەر دەكرێن

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار: بە ئیرادەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرفتەكانی كەمئاوی چارەسەر دەكرێن

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت دەكاتەوە کە بە ئیرادەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان تواندرا گرفتی كەمئاوی چارەسەر بكرێت و ئێستاش 297 پرۆژە بە گوژمەی دوو ترلیۆن و 887 ملیار دینار لە سێكتەری ئاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا لەژێر جێبەجێكردندان.
پەیجی فەرمی وەزارەتی شارەوانی لە تۆری کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) بڵاویکردووەتەوە كە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی رایگەیاندووە كە بەپێی رێنوێنییەکانی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكانی كەمئاوی كە بەهۆی وشكەساڵییەوە دروستبووە ئەوە بەرنامەیەكی تایبەت داندرا و لەلایەن سەرۆكی حكومەتیشەوە لە قۆناغی یەكەمدا زیاتر لە پێنج ملیار دینار و دواتر مانگانە ملیارێك و 250 ملیۆن دینار بۆ چارەسەری گرفتی كەمئاوی تەرخان كراوە و بەهۆیەوە تواندرا گرفتەكە تاڕادەیەكی كۆنترۆڵ بكرێت.
هەروەها لەبارەی ئەو پرۆژانەی ئێستا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە سێكتەری ئاو جێبەجێ دەكرێن ئەوە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەكات كە ئێستا 297 پرۆژە بە گوژمەی 2 ترلیۆن و 887 ملیار دینار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لەژێر جێبەجێكردندان كە بەشێكیان پرۆژەی ستراتیژی و گەورەن و بەشێكیشیان پرۆژەی ناوەندین، هەندێكیشان ئەو پرۆژانەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان جێبەجێ دەكرێن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە ئاماژەكردن بە ئیرادەی سەرۆكی حكومەت بۆ بەردەوامیدان بە پرۆژەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە ڕۆژانە و سەرەكییەكان بۆ هاووڵاتییان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هۆكاری بەردەوامی پرۆژەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لە كاتی قەیرانی دارایی و كۆرۆنادا، بۆ ئیرادەی سەرۆكی حكومەت و پابەندبوونی كابینەی نۆیەم بەرامبەر بە هاوڵاتییان دەگەڕێتەوە، دەشڵێت: هەر ئەو ئیرادەیە بوو لە ناخۆشترین بارودۆخی پەتای كۆرۆنا و قەیرانی داراییدا بەپێی رێنوێنییەکانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان نەوەستان.
ساسانی عەونی پێیوایە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری منەت نییە بەسەر هاووڵاتییانەوە و لەمبارەشەوە دەڵێت: پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری منەت نییە بەسەر هاوڵاتییانەوە و سەرۆكی حكومەتیش بەردەوام جەخت دەكاتەوە كە هاوڵاتییانی كوردستان شایستەی باشترین خزمەتكردنن

Top