لە یەمەن نزیكەی (16) ملیۆن كەس مەترسیی برسێتییان لەسەرە
![لە یەمەن نزیكەی (16) ملیۆن كەس مەترسیی برسێتییان لەسەرە](https://gulanmedia.com/public/images/posts/20210924095217_original_6.webp )
لە میانی کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزدا لەسەر قەیرانی مرۆیی یەمەندا، دەیڤد بیزلی سەرۆکی ئاژانسی خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە 16 ملیۆن کەس لە یەمەن ڕووبەڕووی ئەوپەڕی هێڵی برسێتی دەبنەوە و دەشڵێت لە مانگی تشرینی یەكەمدا ئەگەر کۆمەکی پارە دابین نەکرێت، ئەوا بڕی خۆراک بۆ ملیۆنان کەس لەو وڵاتەدا دەبڕدرێت.
دەیڤد بیزلی ڕوونیشی كردەوە کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەڵمانیا، ئیمارات، سعودیە و بەخشەرانی دیکە کۆمەکیان دەکرد لەکاتێکدا بەرنامەی جیهانی خۆراک هەر لەم ساڵدا پارەی تەواو بووبوو، بەهۆی ئەوەوە توانیمان بەر بگرین بە برسێتی لەرادەبەدەر و کارەسات.
لەلای خۆشیەوە ئەنتۆنیۆ گۆترێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاناژەی بەوە كردبوو كە كاتی خۆی بۆ ئەم ساڵ پێشنیاریان كردبوو و داوای 3.85 ملیار دۆلاریان کردبوو بۆ یەمەن، بەڵام بەخشەرەکان بەڵێنیان دابوو كە کەمتر لە نیوەی ئەو بڕە واتە 1.7 ملیار دۆلار دابین دەكەن.
گوڵان- بەهادین جەلال