هیوا ئەحمەد مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی 24ی سەفین بۆ گوڵان: بەهێزبوونی پارتی لە بەغدا مانای مسۆگەركردنی زیاتری مافەكانی كوردستانە
لە ئێستادا بە بایەخ و گرنگییەوە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق دەڕوانرێت، پارتە بەشداربووەكان هەڵسەنگاندن و هەڵوەستەی جددی دەكەن لەسەر پرسی چۆنێتیی بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و باشتركردنی پێگەی خۆیان لە عێراقدا، بە تایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لە خولی پێشوودا حزبی ژمارە یەك بووە و، ئێستاش بە گوڕ و تینەوە بەشداری دەكات، لە بارەی ئەو پرسانە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، هیوا ئەحمەد مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی لقی 24ی سەفین، لە ڕێی گۆڤاری گوڵانەوە ئەم پەیامەی خستەڕوو:
سەرەتا بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بكەم كە گرنگیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەم هەڵبژاردنانە، لەو ڕوانگەیەوە سەرچاوە دەگرێت، كە وەك پێویستییەكی ژیانی سیاسیی هاووڵاتیان لەم هەڵبژاردنانە دەڕوانێت. بەو مانایەی ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بەهێز بێت، ئەوا دەتوانین دڵنیا بین لەوەی كە مافە نەتەوەییەكانمان و، ئەو مافانەی لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بۆ هەرێمی كوردستان چەسپێندراون، ڕووبەڕووی پێشێلكاری نابنەوە، یان بە لایەنی كەم، پارتی هەموو هەوڵێك دەخاتەگەڕ بۆ ڕێگری لە پێشێلكردنی ئەو مافانە، چونكە ئاشكرایە كە لە پەیوەندی بە بودجە و مووچە و هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە پێشێلكارییەكی زۆر بەرامبەر خەڵكی كوردستان دەكرێت، لە هەمووشی گرنگتر پرسی ماددەی 140ـە. كەواتە ئەگەر پارتی لە بەغدا بەهێز بێت، ئەوا بەرگریكار و داكۆكیكارێكی سەرسەختی بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان دەبێت، لەم ڕووەوە هەمیشە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی لە بەغدا بە گیانی نیشتمانپەروەرییەوە كاری پەرلەمانتاریی خۆیان ئەدا كردووە، بە پێچەوانەوە هەندێ لە ئەندامانی لیستەكانی دیكە هێڵە نیشتمانییەكانیان بەزاند و، بگرە هەوڵیانداوە ڕاستەوخۆ هەرێم گرێ بدرێتەوە بە بەغداوە و قەوارەی هەرێم هەڵبوەشێتەوە و، لە دەرئەنجامدا عێراق وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێم بكات، كە ئەمانە هێڵی سوورن و، نەدەبوو هەرگیز ئەو كەسانە ئەم هەڵوێستە بنوێنن، بەڵام هەروەك ئاماژەم پێ كرد، ئەندام پەرلەمانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بەرژەوەندییەكانی هەرێمیان كردبووە سەرمەشقی ئەدا و ئەركەكانیان و، سەرسەختانە پارێزگاری و بەرگرییان لێ دەكرد، ئەمەش سەروەرییەكی گەورەیە و خەڵكیش دەتوانێت لەم ئەزموونە بڕوانێت و بیكاتە بناغەی متمانەكردنەوە و دووبارە دەنگدانەوە بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە دەبینین كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە چەشنی خولەكانی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كاندیدی بەهێزن و باوەڕیان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان و بەدستهێنانی بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كورد و كوردستان هەیە، لەلایەكی دیكە ئەو كاندیدانە شارەزا و پسپۆڕی بواری جیاجیان و ئەزموونی باشیان هەیە و جێگای متمانەن، چونكە لە هەڵبژاردنی ئەم كاندیدانەدا ڕەچاوی ڕەهەندە سیاسی و ئەكادیمییەكان و ئاستی زمان و پێگەی جوگرافی كراوە، هەروەها توانایان لە ئەداكردنی كار و ئەركەكانیاندا بە چەشنێكە كە باشترین ڕۆڵ و كاراترین چالاكییان هەبێت لە نێو پەرلەماندا، لەم ڕوانگەیەوە دەڵێم: بەڵێ كاندیدانی پارتی لە ئاست ئەوەدان كە متمانە و دەنگی خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنن، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و، لەوێش بەگریكار و داكۆكیكار بن لە مافەكانی گەلی كورد و كوردستان. بۆیە ئومێدەوارم سەرجەم دەنگدەران بەشداریی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە بكەن و بچنە سەر سندوقی دەنگدان، چونكە هەروەك ئاشكرایە كە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان سیستمی هەڵبژاردنەكانی گۆڕیوە، كە پێشتر و لە خولی هەڵبژاردنەكانی پێشووتردا دەنگ بە لیست دەدرا و، هەر كاتێك كاندیدێك دەنگی زیاد لە پێویستی بەدەست بهێنایە، ئەوا دەنگە زیادەكان بۆ بەرژەوەندیی كاندیدی دوای خۆی دەبوو، بەو شێوەیە هەموو دەنگەكان هەژمار دەكران و هیچ دەنگێك لەناو نەدەچوو، بەڵام سیستمی ئەمجارە لیست نییە، بەڵكو بازنەییە و ناو و ژمارە و پارێزگای كاندیدەكەی لەسەر دیاریكراوە، هەربۆیە زۆر پێویستە ژمارە و ناوی كاندید بە باشی بزانرێت و بۆ دەنگدەر ڕوون بكرێتەوە، تاوەكو سەری لێ نەشێوێت، دەنگدەری ئێمە دەبێت زۆر وریا بن و كارتی هەڵبژاردنیان وەرگرتبێت و شارەزایی لە هەڵبژاردنی كاندیدەكەدا پەیدا بكەن. ئێستاش كات ماوە بۆ ئەوەی كارتی دەنگدان وەربگرنەوە و ئەگەر هەڵەیەك لەكارتەكەدا هەبێت، چاكی بكەن. كەواتە وردەكارییەكان بۆ دەنگدەر زۆر پێویستە و، ئەگەر دەنگدەر شارەزایی تەواوی وردەكارییەكانی دەنگدانی نەبێت، بۆی هەیە لە ڕۆژی دەنگداندا دوچاری هەڵە ببێت و نەزانێت چۆن دەنگ بدات، یان چۆن دەنگ بەو كاندیدە بدات كە خۆی مەبەستیەتی، هەروەها لە ئێستاوە پێویستە هەر كەسێك، یان سەرۆك خێزانێك كارتەكانی دەنگدانی خۆیان ئامادە بكەن و لە ڕۆژی دەنگداندا و بێ هیچ سڵكردنەوە و دواكەوتنێك، بە متمانەوە بەرەو سندوقی دەنگدان بچن. لە ڕاستیدا بەشداربوون لەدەنگدان خۆی لەخۆیدا پرۆسەیەكی سیاسییە و ئەوەی بەشداری دەكات و دەنگ دەدات، ئەوە نیشانەی هۆشیاری و ڕۆشنبیرییە، چونكە بەشداربوون لە هەڵبژاردنەكاندا، بەشداریكردنە لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا و ئەوانەی بەشداریی ئەو پرۆسە دیموكراسییە دەكەن، دەیانەوێت دەنگ بە كەسان و كاندیدانی متمانەپێكراوی خۆیان بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی چاوەڕوانكراوی خۆیان بگێڕن لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا و، نەخش و كاریگەرییان لە پرۆسەی داڕشتنی یاسا و دەركردنی بڕیارەكاندا هەبێت، بە جۆرێك كە لە كۆتاییدا و لە ناو عێراقدا كار بۆ پارێزگاریكردن و بەهێزكردنی پێگەی كوردستان بكەن، لەم ڕوانگەیەوە، گرنگە دەنگدەرانی كوردستان، بەتایبەت دەنگدەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك بڕۆن بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان و، حزبی خۆیان بكەنەوە بە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی عێراق، تا پارتی بەو پەڕی دڵسۆزی و ئەمانەتەوە بەرگری و داكۆكی لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان لە بەغدا بكات، چونكە ئێمە خاوەنی ڕابەرێكین كە دەتوانین لە ژێر ڕابەرایەتیی ئەودا بەرگری لە مافە نەتەوەییەكان و هەموو ئەو مافانە بكەین كە لە دەستووردا چەسپێندراون، دواتر بە گوێرەی هەڵسەنگاندن و دیراسەتەكانمان كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاد دەكەن، ئەویش لە سۆنگەی ئەوەی لە ڕابردوو و لە خولەكانی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا، پارتی هەڵویستی بەرچاو و جوامێرانەی هەبووە و، بە گیانی وڵاتپارێزی و نیشتمانپەروەرییەوە بەرگریی لە هەرێمی كوردستان كردووە، هەروەها لە بەرژەوەندیی عێراقیش هەڵوێستی وەرگرتووە، چونكە پارتی حزبێكە لە عێراقیشدا كار دەكات و لە عێراقدا وەزارەتی بەدەستەوەیە و بەشدارە لە سەركردایەتیی پەرلەماندا و، چەندین پۆستی گرنگ و كاریگەری لە عێراقدا هەیە، لە هەمان كاتدا وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی پارێزگاری و بەرگریی لە هەرێمی كوردستانیش دەكات، كە هەرێمێكی فیدڕاڵییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە كار لەگەڵ عێراقدا دەكەین، كە بریتییە لە تەوافوق و شەراكەت و تەوازن، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش توانرا عێراق بنیات بنرێتەوە. لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان داكۆكیكارە لە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان و شایستەی ئەوەیە جارێكی دیكە متمانەی دەنگدەران بەدەست بهێنێتەوە، لەم ڕووەوە چاوەڕوانی ئەوەین لەسەر ئەو دڵسۆزییەی پارتی، عێراقییەكانیش پاداشتی پارتی بدەنەوە، بەتایبەتی لەو شارانەی كە پارتی كاندیدی هەیە دەنگی پێ بدرێت، چونكە بەهێزبوونی پارتی لەبەرژەوەندیی هەموو عێراقە، بە كورد و عەرەب و هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانەوە، چونكە هەموو كات پارتی لە پێناو پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبوردەییدا كاری كردووە.