كێ بچێتە بەغدا باشە؟
ئەگەر بە وردی ڕامانێكمان هەبێت لە سەر بارودۆخی عێراق، دەبینین، هەڵبژاردن لە زۆربەی كاتەكاندا سەنگی مەحەك نەبووە بۆ چارەسەری كێشەكانی ناو عێراق، بەتایبەتی لە ئێستادا كە هێزی چەكداری ناحكوومی و میلیشا لە دەرەوەی یاسا و دەوڵەت بڕیار دەدەن، ئەوەش بنەما بەهێزەكانی دەوڵەتی كە ئابووری و سەقامگیرییە، لەرزۆك كردووە. واتە سەقامگیری و ئاسایشێكی جێگر و یاساسەروەری بوونی نییە، تاكو بتوانرێت بە پەرلەمان و یاسا گرفتەكان یەكلا بكرێنەوە، سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش ڕاستە تا دەنگ و كورسیی كورد زۆرتر بێت، زیاتر كاریگەری دەبێت لە سەر پێگەی كورد لە بەغدا، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی كورد هەرگیز هۆكار نەبووە بۆ ئەوەی بتوانێت ڕێگر بێت لە دەركردنی یاسایەك، ئەگەر حیسابی بۆ پێكهاتەی گەورەی كورد نەكردبێت، چونكە زۆرینەی پەرلەمانتارەكان، هەر چەند جیاوازی و ناكۆكی لە نێوان خۆیان هەبووبێت، بەڵام لە بەرامبەر كورد زوو یەكیان گرتووە و پلان و پیلانیان لە دژی كوردستانیان داڕشتووە. ئەگەرچی ناكرێت بوترێت ژمارەی كورسیی پەرلەمان بۆ كورد گرنگ نییە، بەڵام لە ئێستای عێراقدا نە سەروەریی یاسا، نە ئابوورییەكی بەهێز، نە سەقامگیریی سیاسیی ئەو وڵاتە، ئەوە نییە كە پەرلەمان بتوانێت، كێشەكان و بڕیارەكانی بۆ یەكلا بكاتەوە. ئەوە دۆخە نالەبارە كۆمەڵێك فاكتی هەیە، یەكێكیان ئەوەیە كە عێراق لە ئێستادا سەربەخۆیی سیاسی نییە و خۆی مەرجەعی بڕیاری خۆی نییە، واتە هێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان لەگەڵیدا هاوبەشن لە دیاریكردنی هەر بڕیار و جووڵەیەكدا، كاركردن و دەوڵەتداری لە بارودۆخێكی ئاوادا ئاسان نییە، كە بەغدا ببێتە جەمسەرێك یان بەشێك لەگەڵ ئەو هێزە ناوخۆیی و ئیقلیمییانەی كە بڕیارەكان دەردەكەن. لە كەشێكی ئەوتۆی سیاسیدا ئەگەرچی كورد كاری بەرچاوی بۆ دەستەبەری شەراكەتی ڕاستەقینە كردووە و لە پێناوی بەرژەوەندیی هاوبەشدا بەردەوام پەنای بۆ وتووێژ و دانوستان بردووە، بۆیە دەبێت بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە عێراق و كاریگەریی لەسەر ناوخۆ و ناوچەكانی دەوروبەریشی بەشێكی بەرچاو بێت لەو هاوكێشەیە، كە بە بێ بەشداریی كورد نەتوانرێت، لەسەر چارەنووسی ئەو وڵاتە بڕیارێك بدرێت، بەڵام ئەمە دەیەوێت تا كورد بچێتە ئەو پێگەیە و ئەمەش بە تەنیا بە بە كورسیی پەرلەمان ناكرێت.
ئەو دابەشكارییە كە بۆ عێراق كراوە و سێ پێكهاتەی كورد و شیعە و سوننە دەگرێتەوە، لە سەر حیسابی كورسیی پەرلەمان نەكراوە، تا بە تەنیا كورسییەكانی پەرلەمان زامنی بكەین، مەترسیی گەورەش ئەوەیە كە بە دەستووریش زامن نەكراوە، تا لێی بێ خەم بین. بۆیە دەبێت بە هەوڵی زیاتر ڕێكاری دیكە پێگە و بوونی خۆمان بهێڵینەوە، بە تایبەتی لە ئێستادا ڕێككەوتنەكە لە سەر حیسابی ئەو سێ پێكهاتەیەش خەریكە تێك دەچێت، ئەوەتا سوننە بەردەوام لە لاوازبووندایە و توێندراونەتەوە، سیمای وڵات لە ئێستادا وڵاتێكی عەرەبیی مەزهەبییە كە تەنیا شێعە تێیدا باڵادەستە، كە پارە و میلیشیا و سەرچاوەی ئابووریی وڵاتیش هەر لای ئەوانە. بۆیە عێراق وردە وردە بەرەو تێكچوونی ئەو هاوكێشەیە دەڕوات، كە لەسەر ئەو سێ پێكهاتەیە داڕێژدرابوو. ئەوە جێی مەترسییە و بێگومان كوردیش ئەگەر وریا نەبێت، قوربانیی گەورە و زەرەرمەندی ئەو تێكچوونە دەبێت. بۆیە گرنگە پارێزگاری لە كورسییەكانی پەرلەمانمان بكەین، بەڵام لە دەرەوەی ئەوە كورد دەبێت خۆی بە بەشێك لەو پێكهاتە نیشتمانییە بزانێت لە عێراق و زیاتر خۆی بخاتە ناو ئەو هاوكێشەیەی كە بڕیار دەدات بۆ عێراق و خۆی بە بەشێك لە پرۆسە نیشتمانییەكە بزانێت بۆ پارێزگاری لە بوونی عێراقێكی فرەیی، چونكە مانەوەی عێراق وەك پێكهاتەی دەوڵەتێكی فرەیی، زامنی مانەوەی هەرێمی كوردستانیشە نەك تەنیا كورد لە بەغدا، بۆ ئەمەش نابێت تەنیا چاوی لە كورسیی پەرلەمان و پۆستی سەرۆك كۆماری بێت، چونكە وەك وتمان، ئەوانە ئێستا بڕیاردەری یەكەم و یەكلاكەرەوەی كێشەكان نین. كورد دیپلۆماسییەكی كارامەی پێویستە و پێگەیەكی بەهێزی دەسەڵاتی دەوێت، سەركردەی كاریزما و بە ئەجندای دەوێت، پارتێكی دەوێت سەركردایەتیی ئەمە بكات و، لە ناو ئەو هاوكێشە ئیقلیمی و نێودەڵەتییەدا هەل بدۆزێتەوە و خۆی بگونجێنێت و بەرژەوەندیی هاوبەش دروست بكات. ئەمانە و پاراستنی دەستكەوتەكان پارتێكی تۆكمەی دەوێت كە خاوەن ئەو سەركردە كاریزما و بڕیاردەر و خاوەن ئیعتیبارە بێت لای وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمی، بێگومان ئەمەش لەم هەرێمەدا تەنیا لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەبیندرێت كە خاوەنی ئەو سەرۆكە كاریزمایە بێت و توانای ئەو هێزە و هەوڵانەی هەبێت، وەك لە ماوەی ڕابردووشدا توانی بە هێزی دیپلۆماسی سەرنجی زۆر لە وڵاتان ڕابكێشێت و هەولێر بكاتە مەڵبەندی دیپلۆماسی و دانوستان و لێك نزیك كردنەوە، ئاواش دەتوانێت ئەو ئەزموونە بەرێتە بەغدا و ئەو كار لەسەر عەقڵییەت كردن و دیپلۆماسییە سەركەوتووە بەكار بهێنێت و، بەرژەوەندیی هاوبەش بدۆزیتەوە و، خۆی بكاتە جەمسەرێكی گرنگ لە نێوان هاوكێشەكەدا. تاكو بە مە نەك تەنیا پارێزگاری لە پێگەی كورد بكات لە عێراق، بەڵكو كورد بە ڕاستی ڕۆڵی هەبێت لە ئیدارەدانی عێراق و لە بڕیارسازیی سیاسی بۆ ئێستا و داهاتووی ئەم وڵاتە بەشدار بێت و، بە بێ كورد هیچ شتێك بۆ عێراق یەكلا نەكرێتەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان، جگە لە هێزە دیپلۆماسییە بەرچاوەكەی، توانیویەتی ناوخۆی هەرێمیش لە ئاستێكی بەرز و بەهێزی سەقامگیری ڕابگرێت و، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش حكومەتێكی سەركەوتوو بووە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا لە ڕووی حوكمڕانییەوە نموونەی جوانی پێشكەش كردووە. كەواتە پارتێك كە لەسەر ئاستی حوكمڕانی، حزبی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەهێز بوو، دەتوانێت شان بداتە ژێر باری ئەو بەرپرسیاریەتییە كە خوشگوزەرانی و خزمەتگوزاری و دەستكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەی مسۆگەر بكات.