له‌ هه‌ولێر بكوژێك ده‌ستگیر كرا

له‌ هه‌ولێر بكوژێك ده‌ستگیر كرا

به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 21/9/2021 له‌ كه‌سنه‌زان كه‌سێك له‌ نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا كوژرا، پۆلیسی هه‌ولێر رایگەیاند كە‌ به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بووه‌ و بكوژی سه‌ره‌كی و سێ كه‌سیشیان ده‌ستگیر كردووه‌.
ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 21/9/2021 په‌یجی فه‌رمیی پۆلیسی هه‌ولێر له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی (فه‌یسبووك) بڵاویكردۆتەوە كه‌ کاتژمێر( 4 )ی بەرەبەیانی ڕۆژی 21/9/2021 لە ناحیەی کەسنەزانی نزیك هه‌ولێر ڕووداوێکی کوشتن ڕوویدا و پۆلیس لێکۆڵینەوەی له‌ رووداوه‌كه‌ كرد و دەرکەوت کەسێک بەناوی (ئا، ا) لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژراوە و هۆكاره‌كه‌شی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووه‌.
پۆلیسی هه‌ولێر ئاماژەی بەوەشداوە‌ كه‌ تیمەکانیان توانیویانه‌ بکەری سەرەکی تاوانەکە بە ناوی (خ. ص) دەستگیر بکه‌ن، هەروەها سێ کەسی دیكەش بەناوەکانی (د.خ) و (م. هـ) و (هـ. ن) دەستگیر کران کە لە تاوانەكە بەشدار بوونە.
ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌: پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەم ڕووداوە كراوەتەوە و ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە دادوه‌ریش بڕیاریدا بە بەندکردنی تۆمەتباران بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزاكان.

Top