گرنگی بازاڕی سه‌رمایه‌ (بۆرس) بۆ ئێستا و داھاتووی كوردستان

گرنگی بازاڕی سه‌رمایه‌ (بۆرس) بۆ ئێستا و داھاتووی كوردستان


وه‌ك دیاره‌ له‌ كوردستان ھه‌ر جاره‌و له‌ به‌ر ھۆكارێك رێژه‌ی ھه‌لاوسان به‌ره‌و ھه‌ڵكشانه‌ و رۆژ به‌ رۆژ رێژه‌كه‌ به‌رزتر ده‌بێت، كه‌ ئه‌مه‌ كۆمه‌ڵێك ھۆكاری ھه‌یه‌ و شێوازی چاره‌سه‌ركردنی خۆیشی ھه‌یه‌.
وه‌ك ده‌زانین سێ جۆر بازاڕ ھه‌یه‌: ١-بازاری كالا و خزمه‌تگوزاری ٢-بازاری پاره‌ یان نه‌قد ٣-بازاڕی سه‌رمایه‌ یان بۆرس.
وڵاتان له‌ كۆنه‌وه‌ ھه‌ر له‌ كاتی دروستبوونی بازاڕی كالا و خزمه‌تگوزاری به‌ دوای رێكاری كۆنترۆل كردن و بنبركردنی ھه‌لاوسان گه‌ڕاون له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ بازاڕی كالا و خزمه‌تگوزاری دا خواست زۆره‌ و خستنه‌روو كه‌مه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ھۆی دروستبوونی ھه‌لاوسان. بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ رابردوودا ده‌وڵه‌تان په‌نایان بردۆته‌ به‌ر بازاڕی پاره‌ یان نه‌قد كه‌ تا ئێستاش به‌كار دێت و بانكه‌كانیان به‌كارھێناوه‌ وه‌ك ئامرازێك بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی خواست و راكێشانی پاره‌ی زیاده‌ی خه‌ڵك و رێگری كردن له‌ دروستبوونی ھه‌لاوسان. به‌ڵام ئه‌م بازاڕه‌ش كاریگه‌ری خۆی نه‌بوو و نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویست ئامانجی ده‌وله‌تان بۆ كونترۆل كردنی ھه‌لاوسان بپێكێت، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ كاتی قه‌یران و ئه‌زمه‌كان خه‌لك به‌ لێشاو رووی كردۆته‌ بانكه‌كان بۆ راكێشانی پاره‌كانیان و ئه‌مه‌ش بۆته‌ ھۆی سه‌رھه‌لدانی ھه‌لاوسان. كه‌واته‌ بازاری پاره‌ نه‌یتوانیوه‌ كاری خۆی بكات له‌ نه‌ھێشتنی ھه‌لاوسان.
ئه‌مه‌ وای كرد كه‌ بازارێكی تر دروست بێت به‌ ناوی بازاری سه‌رمایه‌ یان بۆرس، گرنگی ئه‌م بازاره‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ پاره‌ی زیادی خه‌ڵك له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بچێته‌ نێو بازاڕی كالا و خزمه‌تگوزاری، ده‌چێته‌ نێو بازاری سه‌رمایه‌ به‌ كرینی پشكی كۆمپانیاكان و كۆمپانیاكانیش ده‌توانن پاره‌ی پێویست بۆ وه‌به‌رھێنانی زیاتر دابین بكه‌ن و كالای زیاتر به‌رھه‌م بێنن و خستنه‌روو زیاد بێت و به‌مه‌ش ھاوسه‌نگی دروست ببێت له‌ نێوان خواست و خستنه‌روو و رێگری ده‌كات له‌ دروستبوونی ھه‌لاوسان، له‌ لایه‌كی تر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمپانیاكان سه‌رمایه‌كانیان به‌ تێچوونێكی كه‌م و له‌ فرۆشتنی پشك و قه‌واله‌ ده‌ست كه‌وتووه‌، ده‌توانن كالاكانیان به‌ نرخێكی ھه‌رزانتر ئاراسته‌ی بازاره‌كان بكه‌ن. ھه‌روه‌ھا ئه‌مه‌ واده‌كات كه‌ كێبركێیه‌كی ته‌ندروست له‌ نێوان كۆمپانیاكان دروست بێت كه‌ سه‌ركه‌وتوو بن له‌ چالاكییه‌كانیان و بتوانن متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ده‌ست بێنن و زۆرترین رێژه‌ی پشكه‌كانیان بفرۆشن و سه‌رمایه‌ی پێویست به‌ده‌ست بێنن.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت باسی گرنگترین خالی به‌ھێزی بازاری سه‌رمایه‌ بكه‌م كه‌ له‌ بازاره‌كانی تردا نییه‌. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌چێته‌ نێو بازاری سه‌رمایه‌، به‌ ئاسانی ناتوانێت لێی ده‌رچێت و له‌ كاتی دروستبونی ئه‌زمه‌ و قه‌یران، حكومه‌ته‌كان ده‌توانن ده‌رچوون و ھاتنه‌ناوه‌وه‌ی پاره‌ له‌ ناو ئه‌و بازاره‌ بیخه‌نه‌ به‌ر ده‌ستی خۆیان و كۆنترۆلی بكه‌ن. واتا نه‌قد كاتێك ده‌توانێت له‌ بازاری سه‌رمایه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ جێگره‌وه‌ی ھه‌بێت و ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ ھۆی رێگری كردن له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ی نه‌قد له‌ بازاری سه‌رمایه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌ بازاڕی پاره‌ یان نه‌قد نه‌ده‌كرا و ھه‌ر ده‌م مه‌ترسی ده‌رچونی نه‌قد له‌ بازاڕی پاره‌ ھه‌یه‌ و حكومه‌ته‌كان ناتوانن سیاسه‌ته‌ ئابوورییه‌كانیان جێ به‌ جێ بكه‌ن.
كه‌واته‌ بازاڕی سه‌رمایه‌ نه‌ ته‌نیا وه‌سیله‌یه‌كه‌، به‌لكۆ پێویستیه‌كه‌ كه‌ جێگره‌وه‌ی نییه‌ له‌ ئێستای ئابوری جیھان.
كوردستان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وله‌ت نییه‌ و نه‌یتوانیوه‌ سیاسه‌تی بازاری پاره‌ جێ به‌ جێ بكات بۆ رێگری له‌ ھه‌لاوسان، به‌لام من پێموایه‌ كه‌ ده‌توانێت تا راده‌یه‌ك سیاسه‌تی بازاری سه‌رمایه‌ پیاده‌ بكات له‌ كوردستان و گرنگیه‌كی ته‌واو بداته‌ ئه‌و بواره‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م جۆره‌ بازاره‌ بۆ كوردستان نه‌ ته‌نیا بازاری كۆنترۆل كردنی ھه‌لاوسانه‌، به‌لكو به‌ سیاسه‌تێكی دروستی ئابوری و شه‌فاف و ھه‌بونی ململانێی ته‌ندروستی كۆمپانیاكان ده‌كرێت ببێته‌ ھۆی بوژانه‌وه‌ی ئابوری كوردستان و سیاسه‌تی ئابوری بكه‌وێته‌ سه‌ر رێچكه‌ و رێره‌وی دروستی خۆی.

 

 

(*) 

دكتۆرا له‌ كارگێڕی داھێنان و مامۆستای زانكۆِ

 

Top