نەخۆشخانەی ئاکرێ و هۆڵی لەدایکبوونی منداڵان کرایەوە

نەخۆشخانەی ئاکرێ و هۆڵی لەدایکبوونی منداڵان کرایەوە

بە بڕی دوو ملیۆن دۆلار نەخۆشخانەی ئاکرێ نۆژەن کرایەوە و بەشی لەدایكبوونی منداڵانیشی تێدا دروستكرا.
ڕۆژی یەکشەممە 19/9/2021 بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دهۆک و قایمقامی ئاکرێ نەخۆشخانەی ئاکرێ پاش نۆژەنكردنەوەی کرایەوە.
دكتۆر سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگه‌یاند: دوای نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی ئاکرێ و دابینكردنی هه‌موو پێداویستییەکان بۆ نەخۆشخانەکە ئەوە نەخۆشخانەكە دەكەوێتە خزمەتی هاوڵاتیانی قەزای ئاكرێ .
سامان بەرزنجی هەروەها رایگەیاند: دروستکردنی هۆڵی نەشتەرگەری و لەدایکبوون لە نەخۆشخانەی ئاکرێ بۆ خەڵکی سنوورەکە گرنگە هەر بۆیە ئەو بەشەش لەناو نەخۆشخانەكەدا دەكرێتەوە.
هەروەها بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای دهۆک رایگەیاند: نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکە و دروستکردنی هۆڵی نەشتەرگەری و لەدایکبوون لەلایەن رێکخراوی ئایسپۆی ئیتاڵییەوە ئەنجام دراوە هاوكات ئاماژەی بەوەشدا كە نەخۆشخانەکە 31 تەختی ژن و منداڵبوون لەخۆ دەگرێت و نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی هۆڵەکانیش بە دابینکردنی کەلوپەلە پزیشکییەکانەوە بەگشتی دوو ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجكراوە.

Top