بە هۆی بەشداری کردنیان لە کوشتنی ساڵح سەمەد حوسییەکان نۆ کەسیان لە سێدارە دا

بە هۆی بەشداری کردنیان لە کوشتنی ساڵح سەمەد حوسییەکان نۆ کەسیان لە سێدارە دا

 

بزووتنەوەی ئەنساروڵای یەمەن ڕایگەیاند: کە نۆکەس بەهۆی ڕۆڵیان لە تیرۆركردنی ساڵح سەمەد، کە یەکێکە لە بەرزترین بەرپرسانی یاخیبووی حوسییەكان، لەسێدارەدران.

ساڵح سەمەد کە لە ساڵی 2016 وە تا مردنی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی شۆڕشی یەمەنی کرد، لە مانگی نیسانی 2018 لە کاتی هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانی سعودیە لە هەرێمی حودەیدەی ڕۆژئاوای یەمەن کوژرا.

ئاژانسی هەواڵی سەبا، نزیک لە حوسییەکان ڕایگەیاند: بەیانی ڕۆژی شەممە لە مەیدانی تەحریری شاری سەنعای پایتەخت لەبەر چاوی جەماوەر نۆ کەسەكە گوللە باران كران.

دەسەڵاتی دادوەریی حوسییەكان سزای لەسێدارەدانی بۆ 16 کەس داوە لەم کەیسەدا، ئەمڕۆ 9 كەسیان گولـلەباران كرد و ئەو حەوت کەسی دیکەی كە ماون سزای بۆ دەركردوون، بریتین لە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و محەمەد بن سەلمان، شازادەی عەرەبستانی سعودی، چەند كەسی دیكەش كە ناوەكانیان ئاشكرا نەكردووە .

لە کاتی هێرشەکەدا، باڵیۆزی سعودیە لە واشنتۆن لە پەیامێكی تویتەریدا گوتی:"بە شانازییەوە ئۆپەراسیۆنی هێزی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی كۆتایی هات و کوژرانی فەرماندەیەکی یاخیبووی رادەگەیەنێت" محەمەد بن سەلمان چاودێریی ئەو هێرشە ئاسمانییەی دەکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی  حوسییەكان.

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top