ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بۆ گوڵان: لە ماوەی دوو ساڵی كابینەی نۆیەم  48 پڕۆژەی ڕێگاوبان بە بودجەی 711 ملیار و 480 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون

ئاگرین عەبدوڵڵا  بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بۆ گوڵان:  لە ماوەی دوو ساڵی كابینەی نۆیەم  48 پڕۆژەی ڕێگاوبان بە بودجەی 711 ملیار و 480 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون

 

 

 

ڕێگاوبانەكانمان بە شادەماری ئابووری و بەستنەوەی پارێزگا و دەڤەر و ناوچە جیاجیاكانی كوردستان دادەنرێت، ڕێگاوبانەكان و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی تونێل و پرد و بە دوو سایدكردنی ڕێگاوبانەكانی نێوان پارێزگاكان تەوەرەی سەرەكی دیداری گۆڤاری گوڵان بوو لەگەڵ ئاگرین عەبدوڵڵا بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن.

 

 

 

* وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن تا چ ڕاددەیەك توانیویەتی لە بواری ڕێگاوبانەكاندا ئەو پلانە ستراتیژییە جێبەجێ بكات كە دایڕشتووە؟

- لە مانگی تەمموزی 2019وە تاكو ئێستا لە تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان 48 پڕۆژەی ڕێگاوبان بە درێژیی 1108 كیلۆمەتر بە بودجەی 711 ملیار و 480 ملیۆن دینارمان جێبەجێ كردووە، ئەم پڕۆژانەش ڕێگای جۆراوجۆر و سیانە و چاككردنەوەو قیڕكردن لەخۆ دەگرێت، كە گرنگترینیان ڕێگای (هەولێر – كۆباڵە) كە بەشێكە لە دووسایدی ڕێگای نێوان شاری هەولێر و شاری دهۆك و بە شادەمار و ڕێگایەكی سەرەكی دادەنرێت، هەروەها ڕێگای چڕە و چەمی پێ دەوترێت و ڕێگایەكی دوو ساید بوو، تەواو كرا، ئەمە وێڕای ڕێگاكانی هەر دوو دیوی تونێلی پیرمام، ڕێگای زاخۆ- باتێلیش تەواو بووە و بە ڕووی هاتوچۆی هاووڵاتیاندا كراوەتەوە.

سەبارەت بە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرینیش كە زۆرێك لەو پڕۆژانەی كارمان لەسەر كرد لە كابینەكانی پێشوو بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە ڕێژەی جێبەجێكردنی نەچووبووە پێش، لەم ساڵ و لە ساڵی ئایندەی 2022 دا سەرجەم ئەو پڕۆژانە جێبەجێ دەكرێن. گرنگترینی ئەو پڕۆژانەش بریتین لە:

- رێگای كەلار – كفری بە درێژیی 25.6 كیلۆمەتر بە تێچوونی 53 ملیار دینار، پڕۆژەكە لە قۆناغی كۆتاییدایە و پێ دەچێت مانگێكی دیكە تەواو بێت.

- ڕێگای دووكان – چوارقوڕنە قۆناغی یەكەم بە درێژیی 18 كیلۆمەترە بە تێچوونی 51 ملیار دینار و بە دوو سایدكردن و قیرتاوكردنە و لە دوا قۆناغەكانی كۆتاییدایە و لەدوو مانگی داهاتوودا تەواو دەبێت.

- رێگای هەڵەبجە – سەیدسادق كە هێشتا تەواو نەبووە و ئیشوكاری تێدا ماوە و بڕیارە لە دوو مانگی دیكەدا بە فەرمی بكرێتەوە، ئەم ڕێگایە ڕۆڵی گرنگی هەیە لە دوو سایدكردنی نێوان هەر دوو پارێزگای هەڵەبجە و پارێزگای سلێمانی .

- رێگای پێنجوین – باشماخ بە تێچوونی 35 ملیار دینارە و كاری تێدا دەكرێت و لە ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت.

- رێگای دووكان – چوارقوڕنە كە قۆناغی دووەمی ڕێگای نێوان سلێمانی- ڕاپەڕینە و بە درێژایی 23 كیلۆمەتر و بە تێچوونی 56 ملیار دینارە، ڕێگاكە كاری باشی تێدا دەكرێت و لە ساڵی داهاتوو بە ڕووی ڕێبواران و گەشتیاران دەكرێتەوە.

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە ڕێگاوبانەكانیش بپارێزێت، پرۆژەیەكمان پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بە ناوی سندوقی پاڵپشتیی ڕێگاوبانەكان، بەوەی ئەو پارەیەی كە بەناوی ڕێگاوبان لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت، بۆ نموونە كاتێك هاووڵاتی سەنەویی ئۆتۆمبێلەكەی نوێ دەكاتەوە، ئەو بڕە پارەیەی لێ وەردەگیرێت، ئەو پارانە بدرێتە وەزارەتمان بۆ ئەوەی سیانەی ڕێگاوبانەكانی پێ بكەین و هێماكانی هاتوچۆ و ڕووناكی و ستوونی تەنیشت ڕێگاكان و چاككردنەوەی قیرەكەی پێ بكرێت. 

* یەكێك لەو ڕێگا سەرەكی و گرنگانەی كە زۆرترین گەشتیار و هاتوچۆی لەسەرە ڕێگای نێوان پارێزگای هەولێر و پارێزگای سلێمانییە، ئایا كارەكانی ئەم ڕێگایە بە كوێ گەیشتووە؟

- بەدوو ساید كردنی نێوان پایتەختی هەرێمی كوردستان و پارێزگای سلێمانی كە ڕێگاكە بە تەنیشت شاری كۆیە دەڕوات و پێنج قۆناغ لەخۆ دەگرێت كە بریتییە لە ( هەولێر- كۆیە قۆناغی یەكەم و دووەم و سێیەم و چوارەم) پاشان بە تونێلی هەیبەت سوڵتان دێیتە سەر ڕێگای دوو سایدی دووكان – چوارقوڕنە كە قۆناغی دووەمی كاری تێدا دەكرێت. بە شێوەیەكی گشتی سەرجەم ئەم ڕێگایانە بە شادەمار دادەنرێن، تەنیا ئاستەنگێك لە بەردەم جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە گرنگە نەبوونی بودجە و سیولەی نەختینەییە چونكە هەر پێنج قۆناغەكەی هەولێر- كۆیە بودجەیەكی زۆری دەوێت و بە هەر پێنج قۆناغەكە و بە تونێلی هەیبەت سوڵتانیشەوە 461 ملیار دینارمان پێویستە، ئێمە وەكو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بێ ئومێد نەبووین و لەگەڵ جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی وەزیران لە هەوڵداین بۆ دابینكردنی بودجەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە گرنگە و بەدووسایدكردنی نێوان هەولێر و سلێمانی، پاشان پارچەیەكی دیكە دەمێنێت كە پێی دەڵێن دووكان- چوارقورنە و دووكان و خەلەكان كە پارچەیەكی زۆر خراپە ماوەتەوە، هەرچۆنێك بێت، تازە دەبێت ئەم پڕۆژەیە وەكو پڕۆژەیەكی نوێ بخرێتە پلانەوە، چونكە تا ئێستا ڕەزامەندی نەبووە و لە بەرنامەدا نەبووە. بە شێوەیەكی گشتی ڕێگای نێوان هەولێر و سلێمانی بودجە و كاتی پێویستە.

* ئەی سەبارەت بە گرنگیدان بە پڕۆژەكانی دروستكردنی پرد، چ پڕۆژەیەكتان لەبەردەستدایە؟

- پردەكان بەشێكی سەرەكیی پڕۆژەكانی ڕێگاوبانن، زۆربەی ئەو پڕۆژانەی ڕێگاوبان كە ئاماژەمان پێ دان، پردی لەخۆ گرتبوو، هەندێك پڕۆژەی دیكەش لەبەردەستدایە كە تەنیا پردن، وەكو پڕۆژەی پردی گۆباڵ، یان پردی زێی گەورە كە لە دوا قۆناغەكانی تەواوبووندایە و هەولێر و دهۆك بە یەكەوە دەبەستێتەوە و 1000 مەتر درێژە و بە 59 ملیار دینار دروست دەكرێت و بە درێژترین پرد دادەنرێت لە هەرێمی كوردستان. لە ڕاپەرینیش پردێكمان هەیە كە قۆناغی باشی بڕیوە و پێی دەوترێت پردی دەربەندی ڕانیە بە تێچوونی 12 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت و، ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت، ئەم پردە لە بری پردە كۆنەكە دروست دەكرێت. 

* ماوەیەك بوو باسی ڕێگای بەپارە دەكرا، واتا زۆر لەو ڕێگاوبانانە لە رێگەی وەبەرهێنانەوە ئەنجام بدرێت، پرسیار لێرە ئەوەیە ئایا پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگاوبانی خێرا، یان (ئیكس پرێس) لەلایەن كەرتی تایبەت بە كوێ گەیشتووە؟

- دروستكردنی ڕێگاوبان لەلایەن كەرتی تایبەت و وەبەرهێنان گفتوگۆی زۆری لەسەر كراوە، دواجار گەیشتوونەتە ئەو بەرنامەیە كە سەرەتا پێویستە ڕێگاوبانێكی باشت هەبێت و دواتر بیر لەوە بكرێتەوە لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە ببینە خاوەنی ڕێگایەكی خێرا. سیاسەتی حكومەتی هەرێم لە بواری ڕێگاوبانەكانەوە ئەوە نییە ڕێگایەكی زۆر خراپت هەبێت، بەبێ بەرامبەر و ڕێگایەكی دیكەی باشت هەبێت بە پارە، لەگەڵ ئەمەشدا ئەگەر هەر وەبەرهێنەرێك بیەوێت ڕێگای خێرا دروست بكات، ئێمە پێشوازی لێ دەكەین.

* بابەتی كوالێتی و گرنگیدان بە تاقیگەكانی بیناسازی بایەخی خۆی هەیە، بەتایبەتی لە بواری دروستكردنی ڕێگایەكی ڕێكوپێك و بە مواسەفات، ئایا تاقیگەكانی ئەندازیاری لەو ئاستەدایە كە بتوانێت كۆنتڕۆڵی كوالێتیی بەرزی ڕێگاوبانەكان بكات؟

- تاقیگەكانمان ڕۆڵی گەورەیان هەیە لە پشكنین و كوالێتیی ئەو كەلوپەل و كەرەستانەی لە پڕۆژەكان بەكار دەهێنرێن و بەشێكی زۆریان بڕوانامەی ئایزۆیان هەیە، لە ئێستادا وەكو بەشێك لە پرۆسەی چاكسازیی هەوڵی ئەوەمان داوە كارەكانیان سەربەخۆ بن و مافی تەواوەتی بەڵێندەر و هاووڵاتی و حكومەت بپارێزن و دواجار پڕۆژەیەكی بە كوالێتیی بەرز و باش جێبەجێ بكرێت.

* خاڵێكی دیكەی گرنگ مەسەلەی ئەو سەرپێچییانەیە كە دەكرێتە سەر ڕێگاوبانەكانی دەرەوە، ئایا لەم بارەیەوە چیتان كردووە بۆ ئەوەی ژیانی هاووڵاتیان بە هۆی ئەم سەرپێچییانەوە نەكەوێتە مەترسییەوە؟

- بەردەوام داوامان لە هاووڵاتیان كردووە دوور بكەونەوە لە كاری سەرپێچی لەسەر ڕێگاوبانەكانی دەرەوە، چونكە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان دروست دەكات، هەروەها لە كاری سەرپێچیكردنە سەر موحەرەماتی تەنیشت ڕێگاوبانەكانیش دوور بكەونەوە، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە چەند مانگی داهاتوو بە هاوكاریی یەكە ئیدارییەكان هەڵمەتێكی لابردنی سەرپێچیەكانی سەر تەنیشت ڕێگاوبانەكان و دانانی تاسە دەست پێ دەكات و، سزای ئەو كەسانەش دەدەین كە ئەم كارە نایاساییانە ئەنجام دەدەن و دەبنە هۆی مەترسی بۆ سەر ماڵ و گیانی هاووڵاتیان، داوا دەكەین هاوڵاتیان ڕەچاوی یاسای ڕێگاوبان بكەن و دوور بكەونەوە لەسەرپێچیەكان. بە شێوەیەك بۆ ڕێگای دوو ساید دەبێت لە سەنتەری نێوان دوو سایدەكە 50 مەتر دوور بكەونەوە و ڕێگای یەك سایدیش 75 مەترە موحەرامەتی ڕێگاوبانەكان واتا 37.5 مەتر بە 37.5 مەتر دەبێت، بۆ ڕێگای گوندو ڕێگاكانی دیكەی لاوەكی موحەرەماتی ڕێگاوبانەكان 50 مەتر واتا 25 مەتر بە 25 مەتر دەبێت. 

* هەر لە چوارچێوەی ڕێگاوبانەكانەوە بابەتی تونێلەكان گرنگیی تایبەتیی خۆیان هەیە، ئایا لە ساڵی داهاتوو لەپلانی وەزارەتدایە ژمارەیەك تونێل دروست بكات؟

- وەزارەتی ئاوەدنكردنەوە ژمارەیەكی زۆری تونێلی هەیە، ژمارەیەك لەو تونێلانە تەواو بووە، وەكو تونێلەكانی ئەزمەڕ یەك تویبە لە سلێمانی و تونێلی زاخۆ دوو تویبە بە درێژایی 3.5 كیلۆمەترە و هەروەها تونێلی پیرمامیش دوو تویبە و بە درێژیی 2.5 كیلۆمەترە كە تەواو بوون و بە ڕووی هاووڵاتیان كرانەوە، ئەو تونێلانەش كە كاری تێدا دەكرێت، بریتییە لە تونێلەكانی هەیبەت سوڵتان و بەنی حەریر و چیای سۆرك بە درێژای 450 مەتر و تونێلی مامە جەرگە بە درێژایی 400 مەتر هاتوچۆی تێدا دەكرێت، بەڵام كاركردنی تێدا ماوە. دەمێنێتەوە سەر ئەو تونێلانەی لە پلانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەیە و گرنگیی ڕاددەبەدەریان هەیە، لەوانە:

- تونێلی مەتین 4.7 كیلۆمەتر

- تونێلی كۆڕەك 7 كیلۆمەتر

- تونێلی پێنجوێن 5 كیلۆمەتر

- تونێلی دەربەندیخان 3 كیلۆمەتر

* زۆر باس لە هێڵی شەمەندەفەڕ دەكرێت كە بە یەكێك لەو پڕۆژە گرنگانە دادەنرێت و ڕۆڵی گەورەی بۆ بەرەوپێشچوونی كەرتی گواستنەوە هەیە، ئایا هەنگاوەكانی وەزارەت لەم ڕووەوە بە كوێ گەیشتووە؟

- بابەتی دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەڕ پرۆسەیەكی زۆر گەورەیە و لەم كابینەیەدا بە جددی كاری لەسەر كرا، وەزارەتمان پرۆژەیەكی بۆ دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەڕ لەبەردەستدایە كە لە 6 قۆناغ پێك دێت و قۆناغی یەكەمی كە دیراسەتكردنە تەواو بووە و لە ئێستا لە قۆناغی دووەمدایە كە دیراسەی كەڵكی ئابووری پڕۆژەكەیە و كۆمەڵێك كۆمپانیای نێودەوڵەتی بانگهێشت كراون و گەیشتووینەتە قۆناغی شیكردنەوەی تەندەرەكان، هەموو ئاماژەكان بەرەو كۆمپانیاكانی ئیسپانیا دەچێت، ماوەی ڕابردووش لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانی قسە كراوە كە وەكو كۆمپانیایەكی ڕاوێژكاری هاوكاری و بەشدار بن، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی نەهاتووە، بە شێوەیەكی گشتی دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەڕ لە ڕووی توانای داراییەوە كە 3-4 ملیار دۆلاری تێدەچێت لە توانای دارایی حكومەتدا نییە و دەبێت لە ڕێگەی وەبەرهێنان جێبەجێ بكرێت.

 

Top