كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان واتاى مانەوەی لە عیراق
دوا بەدوای كەوتنی كابول زۆر شرۆڤەی جۆراوجۆر و هەڵوێستەی جیاواز لەسەر پرسی ناوچەكە دەكرێت، ئایە هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لەعێراق دووبارە دەبێتەوە ؟ ئایا ولاتانی تری ناوچەكە دەبنە ئەفغانستان ؟ یان روونتر بلێین هێزێكی چەكداری بەهێز وەك تالیبان لەم وولاتانەدا سەرهەلدەدات، ئەو رەهەندە پرسیارانەیە كەدەكرێت لەم توێژینەوە كورتەدا بەووردی شرۆڤە بكرێت .
سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین رەوشی سیاسی لەعێراق و ئەفغانستان زۆر جیاوازن، چونكە نە لەعێراق تالیبان دروست دەبێت و نە ئەمریكاش وەك ئەفغانستان دەستبەرداری عێراق دەبێت.
تاڵیبان
ئەگەر تەماشای گروپ و هێزە چەكدارە عێراقیەكان بكەین هەرگیز بە بزوتنەوەیەكی وەك تالیبان ناچن ، تالیبان گروپێكی چەكداربوون، لەسالانی هەشتاكاندا تەنیا هەندێك سەركردەیان لەناو ریزەكانی موجاهیدی ئەفغان دەبینران، خۆیان لەپال هێزە ئوسولییە سوونیە حەشاردابوو، بەلام دروستبوونی جەنگی ناوخۆیی ئەو ولاتە لەساڵی 1992دا، ئیتر رەوشەكە گۆرانكاری بەسەرهات و ساڵی 1994 بزووتنەوەی تالیبان لەقەندەهار لەلایەن ژمارەیەك قوتابیانی زانكۆ ئاینیەكانی ولاتی پاكستان دامەزرا، ئەوكات زۆربەی چاودیرانی سیاسی پێیانوابوو، دەوڵەتی پاكستان راستەوخۆ لەپشت ئەم هەنگاوەبووە، تالیبان وەك هێزێكی چەكداری پشتۆنی و لەماوەیەكی كەمدا توانی زۆربەی ولات كۆنترۆڵ بكات و لەسالی 1996دا كابولی پایتەختی داگیركرد و ئیتر لەوكاتەوە ئیمارەتی ئیسلامی لەئەفغانستان راگەیاند، لە دوای هێرشەكانی ١١ی ئەیلوولی 2001 بۆسەر ئەمریكا ، رازی نەبوون بەتەسلیم كردنی ئوسامە بنلاندن ئەمریكا، قۆناغێكی نوێ دەستی پێكرد و ئەمریكیەكان بەهاوكاری هاوپەیمانەكانیان هێرشیان كردە سەر ئەفغانستان و لەهەمان سالدا دەستەلاتی تالیبانیان لەناوبرد.
لەكاتێكدا ئەمریكا ملیۆنان دۆلاری لە بنیادنانی ولاتی ئەفغانستان خەرجكرد، بەلام بەهۆی گەندەلی و بەهەدەردانی سامانی گشتی ئەفغانستان نەك هەر نەیتوانی ببێتە دەوڵەتێكی دامەزراوەیی ، بگرە گەندەلی ولاتەكەی بەرەو ئاقارێكی مەترسیدار برد، ولاتێكی داروخاوی بەرهەمهێنا.
هاوكێشەكان
لەسەردەمی دونالد ترامپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا لەدەوحە رێككەوتنامەیەك لەشوباتی 2020 لەنێوان ئەمریكا و تالیبان مۆركرا، ئەمەش بەیەكەم هەنگاوی گرنگ دادەنرێت لەدوای رووداوەكانی یانزەی سێپتەمبەرەوە، دوای ئەم رێككەوتنامەیە ئەمریكا بەلینی دا هێزەكانی لەماوەی سالێكدا لە ئەفغانستان بكشێنیتەوە، ئیتر دەكرێت رێككەوتنامەی دەوحە بەدەستپێكی گۆرانی هاوكێشەكان بزانین تا دەگاتە كەوتنی كابول و هاتنەوە سەردەستەلاتی تالیبان.
عێراق و ئەفغانستان
خاڵی هاوبەشی دۆخ لەوڵاتی ئەفغانستان لەگەل عێراق بەدی دەكرێت، هەردوو ولات بەدەست گەندەلی و نەبوونی ئینتما، بوونی میلیشیایی چەكدار، بوونی دەوڵەتی قول لەنێو دامەزراوە نیشتیمانیەكان، و نەبوونی خزمەتگوزاری ، ئەمانە خاڵی هاوبەشن، بۆیەش زۆر لەچاودیرانی سیاسی باس لەدووبارەبوونەوەی سیناریۆی ئەفغانستان لەعێراق دەكەن.
ستراتیژیەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی
پرسی عیراق و ئەفغانستان ستراتیژیەتی نێودەوڵەتی و زلهێزەكانی جیهاندا زۆر جیاوازن، عێراق و هەرێمی كوردستان بەهۆی پێگەی جوگرافیەوە و لەقولایی ستراتیژیەتی زلهیزەكانی جیهاندان ، ئەمەش وایكردووە دۆخی خوێندنەوەیەكی ووردتری بۆ بكرێت و بەهیچ شێوەیەك بەئەفغانستان بەراورد ناكرێت.
سەرەتا دەبێت ئەو كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان واتە مانەوەی ئەمریكایە لە عیراق ، چونكە ئەوەی لەعیراق دەگوزەرێت ئەمریكا تەنیا ناوی مانەوەیان لەهێزی شەركەرەوە بۆ هێزی ڕاوێژكاری دەگۆڕن، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی ئەو تەكتیكە نوێیەی ئەمریكا پەیرەوی دەكات، چونكە بەهۆی پێگەی جوگرافی و سامانی سروشتیەوە عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكیەكان زۆر گرنگن، بەدیوێكی تردا هێزی شەڕكەری ئەمەریكا لە عێراق نامێنێت، بەڵام سیاسەتێكی بەهێز و دیپلۆماسیەتێكی گەورەی ئەمەریكا لە ناوچەكە بوونی دەبێت، لەداهاتوویەكی نزیكدا رێككەوتنی گەورە لەبواری وزە و بازرگانی لەگەڵ عێراق دەخاتەبواری جێبەجێكردنەوە.
پێگەی جوگرافی هەرێمی كوردستان و عێراق
بێگومان لەكاتی كشانەوەی ئەمریكادا شتێكی حەتمیە ئێران راستەوخۆ نفوزی زیاتر دەبێت ،ئەوكات ئێران لەعێراقەوە ئامانجەكانی جێبەجێ بكات، ئەمەش بۆ ئەمریكیەكان مەحالە رازی بن، بۆیە خوێندنەوەی ئەمریكا بۆ عێراق زیاتر لەوەدایە كەرێگری لەنفوزی ئێراینەكان بكات و نەهیلێت زیاتر شوێن پێی خویان قایم بكەن.
خالێكی تر عێراق كەوتۆتە سەر رێگای ئاوریشم ئەو رێگەیەی چینیەكان دەیانەوێت دەستیان بگاتە دەرییای سپی ناوەراست، ئەمەش گەورەترین گورز بە بەرژەوەندییە ئابووری و ستراتژییەكانی ئەمریكا دەكەوێت، واتا پێگەی جوگرافی هەرێمی كوردستان گرنگیەكی زۆری لەستراتیژیەتی داهاتووی رۆژهەلاتی ناوەراستدا بۆ زلهیزەكانی جیهان هەیە، و هەرگیز ئەمریكا دەستبەرداری بەرژەوەندییەكانی نابێت، لەكۆتایدا كشانەوەی ئەمریكا لە ئەفغانستان واتە مانەوەی ئەمریكایە لە عیراق.