پارتی ، شانسێک بۆ گەلی کوردستان
میللەتان بەدرێژایی مێژوو ، دەرفەت وشانسی جۆراوجۆریان بۆ هەڵکەوتووە . ئەو دەرفەتانە وەرچەرخانی گرنگیان لەژیانی ئەو کۆمەڵگایانەدا دروست کردووە کەمایەی گۆڕانکاری وپێشخستن بوونە .
بە تێڕامان و وردبوونەوە لە مێژووی نەچەندان دووری میللەتی کورد و زۆر لەو ڕوداوە ناخۆش ونشوستیانەی بەسەر ئەو میللەتە داهاتووە، ئەگەر بەدیدێکی بابەتی بۆ ڕووداوەکان بڕوانین ،ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە پەیدابوونی پارتێکی سیاسی بەهێزو کاریگەری وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەژیانی سیاسی ئەم میللەتەدا ،دەکرێ وەک شانس و دەرفەت بۆ گەلی کوردستان هەژمار بکرێت . بەدڵنیاییەوە خەڵکانێک هەن لەوبارەیەوە دیدی جیاوازتریان هەیە .
بۆپشتڕاستکردنەوەی ئەو تێزە ، دەکرێ پشت بە کۆمەڵێک فاکت و وێستگەی مێژوویی ببەستین .
میللەتی کورد لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە بەهۆی پەرتەوازەیی و ناڕێکخراو بوونی، نەبوونی سەرکردە و سەرکردایەتییەکی بەهێز، لاوازی پەیوەندی دیپلۆماسی ، دابەشبوونی بەسەر چەندین بەش وخێڵ و ناوچەی اقطاعی ، سەرەڕای هەوڵ وتەقەڵاکانی کۆمەڵێک کەسایەتی گەورەی ئاینی و نوخبەی خوێندەوار و هەندێ کۆمەڵەو ناوەندی ڕۆشنبیری وسیاسی لەبەشەکانی کوردستان لەو سەردەمەدا ، دەوڵەتانی براوەی جەنگ هەر حسابیان بۆ ماف و داواکاری گەلی کورد نەکرد و مافی دەوڵەتبوونیان بەگەلی کورد بەڕەوا نەزانی . بۆچی ؟
بەبۆچوونی ئێمە وێڕای هۆکارە بابەتی و دەرەکییەکان، دەکرێ ئاماژە بە سێ فاکتەری سەرەکی ناوخۆیی بکەین کە لەزۆر وێستگەدا گرفتیان بۆ مێژووی سیاسی گەلی کوردستان دروست کردووە. یەکەمیان : پەرتەوازەبوون و دابەشبوونی گەلی کورد بەسەر قەوارەی بچووک وجیاوازی وەک(خێڵ ، میرنشینی ،دەرەبەگ و..) ، دووەم: بێ ئەزموونی لە سیاسەتکردن و کاری حوکمڕانی (بەهۆی ژێردەستەبوون )، سێیەم : لاوازی لەپەیوەندی بەستن وکاری دیپلۆماسی .
دروستبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٦ئابی ١٩٤٦، وێڕای ئەو بارودۆخە سەخت و دژوارانەی تیایدا ژیاوە (دووری جەنابی بارزانی سەرکردەی پارتی وژیانی لە مەنفا بۆماوەی ١٢ ساڵ ، دووبەرەکی وململانێی ناوخۆیی لەنێوان بەشێک لەسەرکردایەتی پارتی لە ساڵانی ١٩٥١ تا ١٩٥٦،گەڕانەوەی بارزانی وهەڤاڵەکانی لە سۆڤیەت دوای ڕوخانی ڕژێمی پاشایەتی ، هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول و شەڕی سەخت ، ئەنجامدانی چەندین گفتوگۆ ودانوستاندن لەگەڵ ڕژێمەیەک لەدوایەکەکان ، جارێکی دیکە دووبەرەکی ناوخۆیی لە ٦٤ و٦٦ ، سەرکەوتنی شۆڕش و ڕێکەوتننامەی ١١ئازار، نسکۆی شۆڕش و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی گوڵان و....) هەمو ئەو کاروانە دوورودرێژە وای کرد کە ئیتر لەمەوبەدواوە پارتی هەم ببێتە چەقی کۆکردنەوەی جەماوەری کوردستان بەگشت پێکهاتە وچین وتوێژەکانییەوە. لەهەمانکاتدا بەهۆی بوونی سەرکردەیەکی بەهێز وکاریزمای وەک بارزانی مستەفا ، پارتی بووبە چەقی هێزی میللەت وهێڵی بەستنەوەی داوای گەل بە حکومەتەکان . هەروەها لەمێژووی خەباتی سیاسی گەلی کوردستاندا پارتی ئەو ناوەندە سیاسییە بووە کە دەرفەتی کەڵەکەبوونی ئەزموونی لەکایەی سیاسی ودیپلۆماسی و پەیوەندی گرتنی لەگەڵ پارت حکومەت ودەوڵەتانی هەرێمی وجیهانی بۆ گەلی کوردستان ڕەخساندووە.
هەر لەهەناوی ئەوپارتەدا بەسەدان سەرکردەی سیاسی کارامە پێگەیشتوون کە چ لەناوپارتی ، یا پارتەسیاسییەکانی تر، کە بەشێکیان دوای نسکۆ لەدایکبوون ، درێژەیان بەخەباتی سیاسی گەلی کوردستان داوە .
کەواتە شانسی گەلی کوردستانە کە پارتی دوای ٧٥ساڵ تەمەن ، هێشتا پارتێکی سیاسی کاریگەرو خاوەن سەرکردایەتییەکی بەهێزوڕێکخراوە، ڕێکخستن وسەرمایەکی مرۆیی ومێژووی دەوڵەمەندی هەیە ،دەتوانێ بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە، گونجاو لەگەڵ پێداویستی قۆناغ ، وەک هەمیشە پارێزگاری وپشتیوانی لەمافی گەلی کوردستان بکات ولە گشت قەیران وتەنگژەکان دەربازی بکات . لەبەرامبەردا شانسی پارتیشە کە سەرکردایەتی میللەتێکی خۆڕاگر ، و بەوەفا، و قوربانیدەر دەکات ،ئەو گەلەی کە لەپێناو کوردستان بەهەزاران ڕۆڵەی خۆی بەخشیووە ، و بارودۆخی زۆر نالەبارو پڕ لە مەشەقەتی چەشتووە و بەهۆی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی و شەرعیەتی یاساییەوە ، ڕەوایەتی بە سەرکردایەتی پارتی داوە لە سەرکردایەتی کردنی شۆڕش لەپێشودا ، و حوکمڕانی کردنی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان لە ئێستا .
چنار سەعد عەبدوڵڵا
١٥-٨ - ٢٠٢١