من خەونێکم ھەیە و خاوەن ئیرادەیەکی بەھێزم

من خەونێکم ھەیە و خاوەن ئیرادەیەکی بەھێزم

ھێرۆ وەھاب یاریزانی بەرزکردنەوەی قورسایی
من خەونێکم ھەیە و خاوەن ئیرادەیەکی بەھێزم
کچانی شارەکانی کوردستان لە ئێستادا بەشێوەیەکی باشتر روو لە یارییەکانی بەرزی کردنەوەی قورسایی، جگە لەوەی کە حەز و ئارەزوویانە بۆ ئەنجامیش کێبرَکێ بەدەستھێنانی پلەکانی یەکەم دەکەن، شارەکانی کوردستان لە پاڵ ئەوەی ھۆڵەکانی لەش جوانی تێدایە و ئافرەتانیش لە ئێستادا رێژەیەکی زۆر روو لە ھۆڵەکان دەکەن لە پاڵ لەش رێکی یاری ئاسنیش دەکەن، ھیرۆ وەھاب یەکێک لە کچە وەرزشکارەکانی شاری سلێمانییە ئەو جگە لە یاری بەرزکردنەوەی قورسایی و یاری تای بۆکسیش دەکات، لە ھەردوو یارییەکە ئاست و ئەنجامی باشی تۆمارکردوە، تاکو ئێستا لەگەڵ ھیچ یانەیەک یاری نەکردوە تەنیا لە ھۆڵەکان خەریکی مەشق و راھێنانە بۆ خۆئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتیەکان لە ھۆڵآ کوردستان سپۆرت یاری دەکات، ناوبراو لەدایک بووی ساڵی ١٩٨٧ی شاری سلێمانییە چاوی لەوەیە لەداھاتوو وەکو راھێنەر خزمەت بە بواری وەرزشیی بکات، ئێمەش لە نزیکەوە چەند پرسیارێکمان ئاراستەی کرد ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
دیدار: کارزان کانەبی
*چۆن بوو یاری بەرزکردنەوەی قورسایت ھەڵبژارد؟
-حەزێکی منداڵیم بوو کە ئەم یارییە ھەڵبژێرم.
*ھەست ناکەی وەرزشیکی قورست ھەڵبژاردوە؟
- ئەم یارییە یارییەکی قورسە بۆ ئافرەتان، بەڵام من خەونێکم ھەیە و خاوەن ئیرادەیەکی بەھێزم.
* دوو وەرزش لە یەک کاتدا ئەنجام دەدەی ھەڵگرتنی قورسایی و راھێنەری لەش رێکی لە کامەی سەرکەوتووتری؟
- ھەردوو یارییەکە زیاتر قورساییە، بۆیە ھەوڵ دەدەم لە ھەردووک یارییە سەرکەوتووبم.
*ھەست ناکەی ئەم یارییەی لە ئاستی کچان بە شێوەیەکی باش پێشوازی لێ نەکراوە لە شارەکانی کرودستان؟
- راستە زۆر گرنگی پێ نادرێت لە کوردستان، یارمەتی دەر نییە بۆ ئەوەی بەرەووپێشەوە بڕوات لە ھەردوو رووی ماددی و ماعنەوی.
* ئاستی ئەم یارییە چۆن دەبینی لە کوردستان؟
- لە ئێستادا یاریزانەکان روو لەم یارییە دەکەن و بە شێوەیەکی گشتی باشە تا ڕادەیەک.
*چی بکرێت باشە بۆ ھێنانە پێشەوەی ئافرەتی وەرزشکار بۆ نێو ئەم یارییە؟
- گرنگی زیاتر بە یاریزانە کچەکان بدرێت و یارمەتی یاریزانان بدرێت لە گشت روویەک، یاریزانی وا ھەیە پێویستی بە یەک قوتی پرۆتینە کە ناتوانی بیکرێت، بۆیە پشتگیری زیاتری یاریزانان بکرێت.
*بەرنامەی داھاتووت چییە ؟
-بەرنامەم ئەوەیە بتوانم کۆمەلێ یاریزانی وەک خۆم دروست بکەم بۆ ئەوەی زیاتر وەکو راھێنەریش کار لە سەر ئەم یاریزانانە بکەم بۆ داھاتوو دروستیان بکەم.
*بە نیازی لە پاڵەوانێتی زیاتر بەشداربی لە داھاتوودا؟
- تاکو پاڵەوانێتی ھەبێ من بەشداری بکەم و بتوانم بگەمە لوتکەی ئەم یارییە.
*گرفتی ئەم یارییە لە چی دەبینی؟
-گرفتی سەرەکیمان ئەوەیە کە ناتوانین بە دڵی خۆمان ئەم وەرزش بکەین و گرنگی تەواومان پێی نادرێت، ئەوەش گرفتە بۆ ئێمەی یاریزانان کە گرنگیمان پێ نادرێت لە لایەن بەشێک لە مامۆستاکانمان لەگەڵ رێزمدا بۆ ھەموویان.
*خەونی وەرزشیت چییە وەکو کچە یاریزان و راھێنەرێک؟
- بتوانم ببمە راھێنەرێکی گەورە کە بتوانم ھەموو کەشێکی وەرزشی دروست بکەم بۆ یاریزانان.
*خانەوادەکەت تا چەند ھاوکارتن بۆ وەرزش کردن؟
- تا ڕادەیەکی زۆر باش ھاوکار و پاڵپشتن بۆ وەرزشکردنم.
*بەنیاز نیت تیپێکی کچان لە شاری سلێمانی دروست بکەی؟
- بەلێ بەرنامەم ھەیە ئەگەر گرنگیمان پێ بدرێت لە رووی ماددیەوە.
* دەتەوێت چی بلێ لە کۆتایدا؟
-زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان کە بەم شێوەیە گرنگی بە وەرزشکارانی کوردستان دەدات، زۆر سوپاس بۆ مامۆستایەکانم کە بەردەوام ھاوکارن.

 

Top