پارێزگاری لە قەوارەی كوردستان لە ناوچەیەكی ئاڵۆز..
دەیان ساڵە ، بەهۆی بەرژوەندیی باڵایی زڵهێزان و دابەشكاری هەڵە یان بۆ ئەوەی كێشەكان هەمیشە بەردەوام و بێ كۆتایی بن ، ناوچەكە بە مڵمڵانیی و كێشەی زۆر قورسدا تێدەپەرێت ، پرسی كورد وەك نەتەوەیەكی ڕەسەن وخاوەن ماف و كوردستان وەك جوگرافیایەك دیار و دەوڵەمەند و خاوەن مێژوو دوور لە ویستی نەتەوەكەی نیشتیمانی بە سەر چوار وڵاتی داگیركەر دا دابەشكراوە، ئەوەش وایكردووە وبەردەوام لە ژێر هەڕەشە و مەترسی گەورە چ بە هۆی بەرژوەندی وڵاتان و چ تورك وفارس و عەرەب بەردەوام لە ژێر مەترسیی لە جینۆساید وقڕكردن دابێت .
خەباتی دەیان ساڵەی گەلی كورد لە پێناو ئەوە بووە ، كە كۆتایی بە شەڕ و نەهامەتیی بێت و ئەو كوردستانەی كە مێژوویی پێكەوە ژیانی دەیان ساڵەی هەیە ، بگەڕیتەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەكەی چونكە گەلی كوردیش وەك باقی گەل و نەتەوە ڕەسەنەكانی تر مافی خۆیەتیی بە ئاشتی و ئاڕامی لە نێو ئەو دوورگەیەی كە ناوی كوردستانە بژێت .
هەرێمی كوردستان ، لە ماوەی سێ دەیەی رابردوو، بە گەواهیدەری هەموو شارەزایان و ئاكادیمیستەكان جیهان ، توانیوێتی ، جیاواز لە هەموو ئەو ناوچانەی كە بەردەوام شەڕ و ناكۆكیی و مڵمڵانیی بۆ خۆسەپاندن و داگیركاری و كێشەی بێ كۆتایی مەزهەبی و ئایینی بەسەریاندا زاڵە ، خۆی وەك دوورگەیەی ئاڕام و سەقامگیر بپارێزێت .
بەڵام پێدەچێت ، دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان چ بە شێوەیەك ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ چاویان بە بوونی حكومڕانیی گەلی كوردو ئەو دوورگە ئاڕٍامە هەڵنەێت و وەك ئەوەی لە ماوەی رابردوو ، بینراوە، بەردەوام سەڕەرایی سوودمەندبوونیان لە خێروبێری ئەم كوردستان و ئەو سەقامگیرییە ، بەڵام بەردوام بیر لە داگیركاری و ئۆپراسیۆنی سەربازی بە پاساو سیناریۆی جۆراجۆر دەكرێتەوە ، ئەوەش مەڕامەكەی روون وئاشكرایە، لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان یانیش نەهێشتنی قەوارەیەكەیەتی .
زۆرجاریش ، لە رێگەی بەكارهێنانی چەند گروپ و لایەنی بە ڕووكەشی كورد، بەڵام بەكارهێنەری نەیارانی ئەم ئەزموونە ، هەوڵی دروستكردنی ناكۆكیی و ناسەقامگیركردنی هەرێمی كوردستان دەدرێت . كە لە ماوەی رابردوودا ، بە ئاشكرایی و بەكردەوە جێبەجێكراوە .
دوای پەڵاماردانی داعش لە 2014 و ئینجا پیلانگێری و پەڵاماردانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و سەرنەكەوتنی نەخشە و پیلانە شوومەكانیان بۆ كۆتایی هێنان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان ، ئەوەتا داگیركەران ، لە رێگەی گروپە میلیشا تیرۆریستەكان و ئینجا بەكارهێنانی مووشەك و فرۆكەی بێ فرۆكەوان پەڵاماری هەرێمی كوردستان دەدەن ،چونكە ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە كە دوژمنان وداگیركەران چاویان بە هەرێمی كوردستان و ئەو ئاڕامی و سەقامگیرییە هەڵنایەت و لەو لاشەوە ، سوپای تورك ، لە رێگەی بەكارهێنانی پەكەكەوە ، بە چاو ساغی و ڕێنیشاندەری ئەو گروپ و لایەنانە هەوڵی داگیركاری و سنوور بەزاندنی بەردەوام و دانانی بنكە و بارەگای سەربازی دەدات لە ناوچە سنوورییەكان .
بەهۆی ئەو سەقامگیری و ئاڕامییەی كە باڵی بە سەر هەرێمی كوردستاندا كێشاوە، ئەمڕۆ چەندین كۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتانی ناوچەكە بارەگایان كردۆتەوە، لە هەمان كاتیشدا ، دەیان كۆمپانیایی گەورەی بواری بارزگانی لە بواری نەوت و غاز و پیشەسازی بوونی هەیە ، كە لە زۆرێك لە حاڵەتە ، نەخوازراو و پەڵاماردانەكانی سەر كوردستان ، هەڵوێستی رژد و خێرایان بۆ پشتیوانیكردنی كیانی هەرێمی كوردستان هەبووە .
كاتی ئەوە هاتووە ، كە هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكان لە سەر ئاستی ناوچەكەو نێودەوڵەتیی زیاتر كارا بكرێن ، لە پێناو ئەوەی كە سنوورێك بۆ هەموو ئەو دەستێوەردان ، داگیركاری و كاری تێكدەرانە و تیرۆریستانە كە كاریگەرییان لە سەر هەموو جومگەكانی هەرێمی كوردستان هەیە ، دابنرێت ، چونكە هەرێمی كوردستان نە لەرابردوو و ئێستا و داهاتووش هیچ كات دەستێوەردانی لەكاروباری دراوسێیەكانی نەكردووە، پێوستە بە هەمان شێوەش ئەو وڵاتانە هیچی تر رێگە بەخۆیان نەدەدەن لە رێگەی ئەو گروپ و تاقمە لە یاسا دەرچووانە و بەتایبەت پەكەكە پەڵاماری هەرێمی كوردستان بدرێت .
بەتایبەت كە ، ناوچەكە ئێستا شوێنی مڵمڵانیی قورسی وڵاتانی هەرێمی و ئەمەریكا و ئێرانە و هەرێمی كوردستان كەوتۆتە نێو چەقی ئەو مڵمڵانێیانەوە، هەندێك گروپ و لایەن لە نێو عێراق بە نیازن كە كوردستانیش بخزێنە نێو ناكۆیی و نائارٍامییەكانەوە بە پاساویی بوونی هێزەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانان بە مووشەك و فرۆكەی بێ فرۆكەوان پەڵاماری هەرێمی كوردستان دەدەن
بۆ ئەمەش دەبێت هەرێمی كوردستان هەوڵە دیپلۆماسیی و سیاسییەكانی زیاتر بخاتە گەڕ و ئەو پەیامە بە هەردوو لایەن بدات، كە ناكۆكیی و ململانێكانیان لە هەرێم دووربخەنەوە، هەرێم چ لەگەڵ ئەمەریكا و چ لەگەڵ ئێران پەیوەندییەكی بەهێزی هەیە، هەردوو لایەنیش گرنگییەكی زۆر بەم ناوچەیە دەدەن و جگە لە بەرژەوەندیی سیاسیی، بەرژەوەندیی ئابووریی و ئەمنی زۆریان هەیە.
پێوستە ,وڵاتانی توركیا و ئێرانیش ئەو راستییە بزانن ، كە ئەگەر هەوڵی تێكدانی سەقامگیری و ئارٍامی هەرێمی كوردستان بدرێت ، ئەوا هەموو ناوچەكە تووشی شەڕی وئاڵۆزی دەبێتەوە، ئیتر ئەو سەردەمانە تێپەڕین كە دۆزی كورد و دەستكەوتەكانی بە شەڕ وپێلانگێری لە ناوببرێت ، پێوستە چیتر هیچ پاساوێك دروست نەكرێت بۆ دەستێوەردانی هەرێمی كوردستان چ لایەن گروپە میلیشاكان كە دیارە كێ ئارٍاستەیان دەكات و چ پەكەكە ، كە روونە بۆ چی لە وپێناو چی پەڵكیشی سوپای تورك دەكات بۆ نێو خۆی هەرێمی كوردستان .
ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان خاوەن سەروەری خۆیەتیی و بە پێی یاسا و دەستوور دانیپێنراوە، ماوەی سێ دەیەی زۆر بە شێوەیەكی ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ رووداوە و پێشهاتەكانی دەوروبەری كردووە و بەڕەچاوگرتنی هەموو بەرژوەندییەكان وڵاتانی دڕاوسێی و ناوچەكە و بۆیە، كاتی ئەوەیە ، ئیتر هیچ وڵاتان و لایەنێك بیر لە تێكدانی ئاڕامیی و سەقامگیری كوردستان نەكاتەوە، گشت هێزولایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش بەرپرسیارانە و نیشتیمانپەوەرانە ، گەل و نیشتیمانەكەی خۆیان خۆش بوێت و لە رووی سیاسی ودپپلۆماسیی و هەر لینكێكی تر بێت پارێزگاری لە قەوارەی كوردستان كە بەرهەمی خەبات وقوربانیدانی دەیان ساڵە بدەن لە نێو ناوچەیەكدا كە هیچ كات كێشەكانی كۆتایی نایەت .