پـشكنینەكان

پـشكنینەكان

زۆر جار فەحس و پشكنین لۆ نەخۆش دەنووسرێت بەڵام ڕوونكردنەوەی پێویستی لەسەر نادرێت!؟! ئەوەش لە چەند لایەكەوە خراپی هەیە؛ مەرج نییە لە زانستی پزیشكی سەت لە سەت پشت بە پشكنین ببەسترێت.... هەتا ئەوڕۆشی دەگەل دابێت (٨٥٪)ی تەشخیسی نەخۆشی بە گوێگرتن لەو چیڕۆكی نەخۆشییە دەبێت؛ كە لە فەرهەنگی پزیشكی بە (history) ناودەبرێت! ئەو (١٥٪)یدی كە دەمێنێتەوە بە هۆی فەحس و پشكنین دەبێت.
هەر فەحس و پشكنینەك هەتا لە (مایۆكلینیك)یش بكرێت، ئەوا: ئەگەری ناڕاستی و هەڵەی تێدایە، لۆیە مەرج نییە پزیشك هەتا پشكنینی تاقیگەیی لۆ نەخۆشێك كرد یان دەرئەنجامی فەحس و پشكنینەكی لۆ هاتەوە؛ ئەوا: مانا تەواو و بە تەواوی پشتی پێ ببستێت. نەخێر پیشەی پزیشكی وانییە!؟ وە ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشكەوتن دایە هەر لۆیە مەرج نییە ئەوەی لەو هەرێمە دەگووزەرێت مانای وایە هەمووی ڕاستی و زانستی بێت.
یەك لەو پشكنینانەی، كە: ڕۆژانە داوا لە خەڵك دەكرێت بیكات بێگوومان فەحسی سووكەری (فەحسی شەكر)ە... كاتێك دەگۆترێت لە خوورینی بیكە ڕوون ناكرێتەوە چەند سەعات نان نەخوات؟ بێگوومان خوورینی مانا لە بەینی (٨ - ١٦) سەعات نان نەخوات، واتا لە ئاوێ بترازێت هیچ خواردن و خواردنەوەیەك نەبخوات و نەبخۆتەوە!؟ هەتا جغارەش نەكێشێت، كەسێك هیچ نەخوات بەس جغارە بخوات بە (خوورینی) لە قەڵەم نادرێت.... كاتێك كەسێك هیچی نەخواردووە و نەخواردیتەوە بەڵام هەژدە سەعات بەڕۆژی بووە دیسان ئەوە خوورینی (FBS) نییە!؟ چونكە مرۆڤ كاتێك هیچ ناخوات، ئەوا كاتێك لە وەختی جەمەكان ڕەتدەدا مگێز و ئارەزووی خواردنی دەبێت بەڵام كاتێك كۆنتڕۆڵی خۆی دەكات، ئەوا: دەگەل دابەزینی شەكری دەناو خوینێدا هۆڕمۆن گەلیتر دەدرێت هەتا هاوسەنگی دروست بكات ئەوەش شەكرەكە بەرز دەكاتەوە.
هەتا خەڵك دەبێت ئەوەش بزانن، كە ئەگەر جارەك پشكنین و فەحسی سووكەری جارەك بەرز و زۆر بوو ئەوە مانای ئەوە نییە تۆ سووكەریت هەیە؟! نا، نا... چەند حالەت و نەخۆشیدی جگە لە سووكەری لۆی هەیە ڕێژەی شەكر دەناو خوینێدا بەرز بكاتەوە، لەوانە:
١. سترێس و پشێوی گەورە (major stress): هەر پشێویەك؛
ا. هەوكردن و ئیلتیهاب (infection).
ب. جەڵتە (infarction) هەروەك؛ جەڵتەی دڵ و شەپرەلێدان.
٢. ئازاری زۆر (Intense pain): هەموو دەم كاتی هەوكردن دەبێت و چ بە هۆی هۆڕمۆن (counter regulatory hormone) یان بە هۆی زیاتر شیبوونەوەی كلایگۆجینی عەمبار كراو لە جەرگ.
٣. جەمبێری (Insulin noncompliance)؛ كاتێك چ بە هۆی نەخۆشی‌ یان بە هەر هۆیەك جەمبێری دەكرێت و لەو وەختەدا لەش پێویستی بە هۆڕمۆنی ئەنسۆلینە و ئەنسۆلینەكەش بە هۆی نەخواردنی خۆراك كەمە.
٤. پەككەوتنی گورچیلە (renal failure): شەكر‌ كەم فڕێ دەدرێت.
٥. دەرمان (medications): وەك؛
ا. ژیناو (ئەو موغەزی و ژیناوانەی دێكسترۆزیان تێدایە).
ب. دەرمانی میز (Diuretics).
ج. دەرمانی دژەهەوكردن كۆرتیكۆید (Glucocorticoid).
د. دەرمانی دژە ئەنزیمی ڤایرۆسەكان (protease inhibitors).
لێرەدا، دەردەكەوێت پشكنینەكان ئەو كاتانە بە هەند وەردەگیرن، كە: لە كات و ساتی خۆی و بەگوێرەی ڕێنماییەكان و لە لایەن پزیشكی پسپۆڕەوە بڕیاری لەسەر دراوە بكرێت! دەنا ئەگەر وانەبێت، ئەوا: كردنی خراپترە و لۆی هەیە خراپی لێ بفامێتەوە و بببێتە هۆی بەفیڕۆ چوونی كات و ماڵ و دارایی و تەندروستی.

Top