كشانەوەی سەدرییەكان و هەلبژاردنی پیشوەختە
عێراق لەرەوشێكی نالەبارەوە بەرەو قۆناغێكی مەترسیدار، بەتایبەتی لەگەل نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختەو زیادبوونی ئاڵۆزییە سیاسیەكان ، هێرشی گروپە میلیشیاكانی نزیك لە ئێران بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان ، دابەزینی بەهای دیناری عێراقی زیادبوونی ململانێی لایەنە سیاسییەكان و نالەباربوونی باری عێراقی بەرەو تونێلێكی تاریكی نادیار بردووە.
كشانەوەی سەدرییەكان
لەم رەوشە نالەبارەدا كەولاتی تێكەوتووە ، لەناكاو موقتەدا سەدر بڕیاری كشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی راگەیاند ، كشانەوەی سەدرییەكان لەم كاتە هەستیارەدا وەك بومەلەرزەیەكی چاوەروانەكراو گۆڕەپانی سیاسی لەعێراق هەژاند و گەورەترین گۆرانكاری بەدوای خۆیدا هێنا. سەدرییەكان لەسەر ئاستی سیاسی، خاوەنی چلوشەش كورسین لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و گەورەترین كوتلەی سیاسین ، لەسەر ئاستی جەماوەریش خاوەنی هێزێكی بێشومارن لەهاوڵاتیان لەچەند ساڵی رابردوودا هەر كاتێك شەقامیان جوڵاندبێت توانیویانە گوشارێكی بەهێز لەسەر ئاستی سیاسی و مەیدانی لەعێراقدا بەرپابكەن، ئەمە بێجگە لەوەی تەنیا هێزی شیعەن كەخاوەنی مەرجەعێكی ئاینی و سیاسی دیاركراون، تارادەیەك تاكە هێزی عەرەبین كە رێكخراون یەكدەنگیان پێوە دیار بێت، ئەمەش وایكردووە لەسالی 2003 وە سەدرییەكان بتوانن كاریگەرترین هێزی سیاسی نێو گۆرەپانی عێراق بن.
هەنگاوەكەی سەدر ، شوك كردنی هیزە سیاسیەكان بوو
ئەم هەنگاوەی ئەمجارەی موقتەدا سەدر ، سیاسیەكانی عێراقی تووشی شوك كرد، شارەزایانی سیاسیی نایشارنەوە كشانەوەی سەدرییەكان، چارەنووسی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەگۆڕێت ، وەك ئاماژەیەكە بۆ بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنەكان لە وادەی دیارییكراوی خۆی، چونكە ئەم هەنگاوەی سەدر كاریگەری لەسەر لایەنەكانی تری شیعە و سوونە دروست دەكات ، ئەگەر سەدرییەكان لەبریارەكەیان پاشگەز نەبنەوە، دوورنیە هیزە شیعە و سوونەكانیش داوای دواخستنی هەلبژاردن دەكەن.
پرۆسەیەكی شكستخواردوو
پرۆسەی سیاسی لەعێراق بەبێ سەدرییەكان بەرێوە ناچێت و دەبێتە پرۆسەیەكی شكستخواردوو ، ئاستی بەشداری كردن لەهەڵبژاردنی 2018 گەیشتە نزيكەی حەڤدە لە سەدا، لەكاتیكدا جەماوەری سەدرییەكانیش بەگوڕوتینەوە بەشداربوون، ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەمە و نیشانەی ئەوەیە كەزۆربەی جەماوەر متمانەیان بەپرۆسەكە نەماوە ، ئەمجارە لەكاتی بایكۆتی سەدرییەكان بۆ هەلبژاردن چی روودەدات، خۆی لەخۆیدا كشانەوەی سەدر لەپرۆسی هەلبژاردنی عێراق بەرەو كوێ دەمانبات؟ ئەمەش وادەكات ئەنجامدانی هەلبژاردنەكان ببێت بەبابەتێكی مەحاڵ، چونكە پرۆسەی سیاسی بەبێ سەدرییەكان ئەوەندەی تر رەوشەكە بەرەو ئالۆزی دەبات و هیچ كام لەهێزە شیعەكانی تر ناتوانن شوێنی سەدر بگرنەوە، كشانەوەی سەدرییەكان ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی عێراق لە مانگەكانی داهاتوودا هەنگاو بەرەو هاتنە ئارای دۆخی مەترسیدارتر دەنێت.
هۆكارەكان
بیگومان چەند هۆكارێك لەپشت ئەم هەڵوێستەی ئیستای موقتەدا سەدرەوەن یەكەمیان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە، لە ماوەی رابردوودا سەدرییەكان هەڵمەتێكی بەرفراوانی راگەیاند كە سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عێراق دەبێت سەدری بێت و لەلایەكی ترەوە ئەندامانی بالای رەوتی سەدر و كوتلەی سائیرون ئاماژەیان بەوە دەكرد ، ئەوان لەم هەڵبژاردندا 90 تاوەكو 100 كورسی لەئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست دەهێنن، بەلام ئەم لێدوانانە پەلەیان پێوە دیارە چونكە هێنانی 90 تاوەكو 100 كورسی لەم كاتەدا شتێكی ئەستەمە ، ئەمە بێجگە لەوەی باسكردن لەسیاسەتی نەختینە و نرخی دۆلاریش كاردانەوەیەكی خراپی كردە سەر رەوشی سیاسی سەدرییەكان، ئەمەش زیاتر بابەتەكانی قوڵكردەوە.
كاردانەوەی نەرێنی
كشانەوەكەی رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق كاردانەوەیەكی نەرێنی لەسەر رەوشی خۆیان وەك كوتلەی سائیرون دەبێت، چونكە وەك دەزانین ئەگەر حكومەتی داهاتوو بەبێ سائیرون دروست بێت ، ئەوا سائیرون وەك ئۆپۆزسیۆن بەشێكی زۆری جەماوەرەكەی لەدەست دەدات، چونكە لەكاتی ئۆپۆزسیۆن بووندا جێبەجێكردنی بەڵینەكان دەبێتە مەحال، ناتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەك لە دامەزراندن و هەلی كار و خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەشی جەماوەر بكات، واتا لەم حالەتەشدا سائیرون بەتەواوەتی لەپرۆسەی سیاسی كەنارگیر دەبن و جەماوەرەكەیان زیاتر لەدەست دەدەن.
لەكۆتایدا ئەم هەنگاوەی سەدر زۆر بابەتی تر هەلدەگرێت، هەڵبژاردن زەمینەیەكی رەخساوی پێویستە ئەو زەمینەیە رۆژ لەدوای رۆژ بەرتەسكتر دەبێتەوە، دوورنییە هەڵبژاردنەكان دوابخرێ .