وشكەساڵی زیانی گەورەی بە گەنمی جووتیاران گەیاندووە

وشكەساڵی زیانی گەورەی بە گەنمی جووتیاران گەیاندووە

 

وشكەساڵی وایكرد بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بۆ كەمتر لە نیوە كەم بێتەوە و زیانێكی گەورە بەر جووتیارانی كوردستان كەوت، كەمیی باران و كەمیی بەرهەمی گەنم زیانێكی گەورەیە بۆ كەرتی كشتوكاڵ و ئابووریی كوردستان، بەتایبەتی كە بەرهەمی ئەمساڵ لە ڕووی بڕ و جۆرەكەشیەوە باش نییە، بڕیارە تا چواری ئاب لە هەشت سایلۆ و چەند بنكەیەكی وەرگرتنی گەنم، 375 هەزار تۆن لە گەنمی جووتیاران بە گوێرەی خشتەیەكی جوگرافیا وەربگیرێت، سایلۆكانیش بریتین لە: یەك سایلۆی هەولێر و چوار سایلۆی سلێمانی لە (ڕانیە و پیرەمەگرون و سەیدسادق و چەمچەماڵ) و سێ سایلۆی دهۆك لە (زاخۆ و فایدە و شێخان)، نرخی گەنمی وەرگیراویش بە پێی جۆری گەنمەكە بەسەر سێ نمرەدا بۆ هەر تۆنێك دابەش كراوە: (نمرە یەك: 560 هەزار دینار، نمرە دوو: 480 هەزار دینار، نمرە سێ : 420 هەزار دینار).

سەبارەت بە گرنگیدانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پڕۆژەكانی ئەمباركردن و دروستكردنی سایلۆ، نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: «بۆ ئەمباركردنی زیاتری گەنمی جووتیاران، سێ سایلۆی دیكە دروست دەكرێت و، 95%ی كارەكانیان تەواو بووە، ئەویش سایلۆكانی (كەلار و قوشتەپە و ڕۆڤیا)یە، هەریەكێك لەم سایلۆیانە توانای لەخۆگرتنی 40 هەزار تۆن گەنمی هەیە، ئەمەش دەچێتە پاڵ هەشت سایلۆكەی دیكەی هەرێمی كوردستان، كە توانای هەڵگرتنی 616 هەزار تۆن گەنمیان هەیە، ئەمە جگە لە بوونی چەند بنكەیەكی دیكەی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران. بە گشتی لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی توانای هەڵگرتنی ملیۆنێك تا ملیۆنێك و 200 هەزار تۆن گەنمی دەبێت، هاوكات پاڵپشتی سێ كۆمپانیای كەرتی تایبەتمان كردووە بۆ كڕین و هەڵگرتنی گەنمی جووتیاران، بە توانای 500 هەزار تۆن گەنم، كە ئاش و سایلۆی خۆشیان هەیە. ئەمە وێڕای ئەوەی دەست بە جێبەجێكردنی سایلۆ لە زاخۆ و هەڵەبجە و هەریر و دەڤەرەكانی دیكەش دەكرێت.»

سەبارەت بە وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی گوتی: «لە 22ی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە دەستمان بە وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران كردووە، هەرچەندە لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە ڕێگەپێدانی پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم زۆر دوا كەت، بەڵام پرۆسەكە بە شێوەیەكی باش و ڕێكوپێك دەست بەوەرگرتنی گەنمی جووتیاران كراوە، دیاریكردنی گەنمیش لە سایلۆكان بەم شێوەیە دەبێت، لە سایلۆی هەولێر 109 هەزار تۆن و لە پارێزگای سلێمانی 155 هەزار تۆن لە پارێزگای دهۆكیش 111 هەزار تۆنی بۆ دیاریكراوە، بە هۆی دواكەتنی پێدانی پارەكانیشەوە لە لایەن عێراقەوە، جووتیاران مەترسیی ئەوەیان هەیە كە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو موستەحەقاتەكانیان دوا بكەوێت، هەر بۆیە بەشێك لە جووتیاران گەنمەكانیان بە نرخێكی كەمتر لە نرخی حكومەت دایە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت و، پارەكانیان بە نەختی وەرگرت، بە شێوەیەكی گشتی داوا لە جووتیاران دەكەین گەنمەكانیان بۆ سایلۆكان بهێنن، چونكە پارێزراوتر دەبێت لە سن و كیسەڵە و نەخۆشییەكانی دیكە و، پارەكانیشیان لەلایەن عێراقەوە دەدرێت».

سەبارەت بە نرخی كڕینەوەی گەنمی جووتیاران، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی گوتی: «لەمساڵدا بۆ هەر تۆنێكی گەنمی نمرە یەك 560 هەزار دینار و نمرە دوو 470  هەزار دینار و نمرە سێ 420 هەزار دینارە، لە ماددەی 50ی بڕگەی (ج) ی یاسای بودجەی 2021 ی عێراقدا هاتووە، بۆ هەر تۆنێك گەنم 50 هەزار دیناری دیكە زیاد بكرێت، بەڵام لەبەر جێبەجێ نەكردنی یاساكە، تا ئێستا ئەم بڕیارە جێبەجێ نەكراوەو، حكومەتی عێراق بڕیاری زیادكردنەكەی دەرنەكردووە.

 گەنمی ئەمساڵ پێزی كەمترە بۆ نانكردن، كە دەبێت گڕ و تینی گەنمەكە بە ستانداردی جیهانی لە27% بێت، بەڵام گەنمەكەمان لە 24%ـە، لە ساڵانی ڕابردوو كە گەنمەكە باش بوو، گەنمی باش لە دەرەوە دەهێنرا و تێكەڵ دەكرا، بەڵام بۆ دوو ساڵ دەچێت حكومەتی عێراق گەنم ناهێنێت و لە 100% پشت بە بەرهەمی گەنمی جووتیاران دەبەستین، لەگەڵ ئەمەشدا بەهیچ شێوەیەك گرفتی كەمیی ئارد دروست نابێت و، كۆمپانیاكانی ناوخۆ دەستیان بە بەرهەمهێنانی ئاردی سفر كردووە و لەگەڵ ئاردی خۆماڵی تێكەڵی دەكەن و ئاردێكی باش و بەسوود دەبێت بۆ نانەواخانە و سەمونخانەكانمان و، دەتوانن بەكاری بهێنن و بە یەكجاری دەستبەرداری هاوردەكردنی ئاردی سفر بین لە دەرەوەی هەرێم.»

سەبارەت بە بارودۆخی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران و داواكارییەكانیان ئەحمەد عەلی سەرۆكی یەكێتیی جووتیارانی هەولێر گوتی: «وشكەساڵی و كەمیی باران بەرهەمی جووتیارانی بۆ چارەكێ كەمتر دابەزاند، بۆ نموونە من زەوییەكم هەبوو ساڵی ڕابردوو تۆوی گەنمم تێدا چاندبوو، 30 تۆن گەنمی كرد، كەچی لەمساڵدا بۆ چوار تۆن دابەزی و خەرجیی دوورینەوەی دەڕاسە و گواستنەوەی تەنیا دوو تۆنی دەمێنێتەوە، خۆ ئەگەر جووتیار هەموو خەرجیی پەین و تراكتۆر و تۆ و چاندن و دوورینەوە و گواستنەوەی حیساب بكات، ڕەنگە هیچ قازانجێك نەكات و زیانی بۆ بمێنێتەوە، داوكارم لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی كشتوكاڵەوە بنەتۆی باشی گەنمان بۆ بهێنن و نەیدەنە دەست بازرگانەكان، بەڵكو ئەو جووتیارەی ئەمساڵ گەنمی چاندووە، بنەتۆوەكە لە رێگەی لێژنەیەكەوە پێ بدرێت كە یەكێتیی جووتیارانی كوردستانی لەگەڵدا بێت و، بنەتۆوی گەنمەكە باش بێت و بەرگەی وشكەساڵی». سەبارەت بە دەنگۆی بردنەدەرەوەی گەنمێكی زۆر بۆ شارەكانی خوارووی عێراق، سەرۆكی یەكێتیی جووتیارانی كوردستان هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوەو گوتی: «لەمساڵدا تۆنێك گەنم لە بازاڕەكاندا 440 تا 450 هەزار دینار دەكات و حكومەتی هەرێمیش بە 560 هەزار دینار دەیكڕێت، بۆ نموونە جووتیارێك سێ بۆ چوار تۆن گەنمی هەیە دەیباتە بازاڕ و دەیفرۆشێتەوە، ئەو پێوەرەی بۆ هەر دۆنمێك زەوی بڕی گەنمی وەرگیراو دیاریكراوە زۆر كەمە. بە شێوەیەكی گشتی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و شارەكانی دیكەی عێراقیشەوە، هەر هەمووی كەم بووە و زیانێكی گەورە بەر جووتیاران كەوتووە، داواكارم لە سەرۆكی حكومەت ڕەچاوی بارودۆخی ئەمساڵی ئەو جووتیارانە بكات كە گەنمیان چاندووە و، بەرهەمەكانیان زۆر كەمی كردووە لە ئاستێكدا كە زیانیش دەكەن، بۆیە یارمەتیی جووتیاران لە بواری دابینكردنی بنەتۆ و پێدانی پاڵپشتییەكی دارایی و لابردنی غەرامە و قازانج لەسەر سلفەكانیان، زۆر گرنگە.»

 سەعید عومەر بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر هەر سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی وەرگرتنی گەنم گوتی: «جووتیاران هەموو ساڵێك دوای ئەوەی گەنمی خۆیان دەدوورنەوە، هاوشێوەی هەموو شارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستانیشدا بەپێی نەخشەیەكی جوگرافیا و لە هەر سایلۆیەك دەست دەكرێت بەوەرگرتنی گەنم، نرخەكەشی لەلایەن فەرمانبەرانی شارەزا و لە تاقیگەكاندا بەپێی باشی و خراپیی جۆری گەنمەكە دیاری دەكرێت و، نمرەی بۆ دادەنرێت، لەم پرۆسەیەشدا چەند ڕێنمایی و ڕێكارێك دیاری كراوە، بۆ نموونە ئەگەر سن و كیسەڵەی لە 2% بۆ سەرەوە بێت، بەپێی بەرزیی ڕێژەكەی دەبێتە نمرە دوو و سێ. هاوكات خاوێنیی گەنمیش ڕەچاو دەكەین، سایلۆكانی كوردستان بەشێوەیەكی ستاندار لە ئاستێكی باشدان.

بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی: «داواكارم جووتیاران پابەندی ڕێنمایی و ڕێكارەكانی هێنانی گەنمەكانیان بن، دیاریكردنی جۆری گەنمەكە و پێدانی نمرە لە پسپۆڕایەتی و كاری لێژنەیەكی شارەزا و پسپۆڕە لە تاقیگەكانمان، زۆربەی گەنمی كوردستان نمرە یەك دەرچووە و زۆر بەدەگمەن نمرە سێی تێدا بووە، ئێمە لە22ی نیسانەوە تاوەكو 5ی تەمووز نزیكەی 70هەزار و 800 تۆن گەنمان وەرگرتووە و، لەم بڕە گەنمەش تەنیا 720 تۆنی نمرە دوو بووە و 23 تۆنیش نمرە سێ بووە، ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت، تا گەنم هەبێت بەغدا ڕایناگرێت.

 

Top