حەرامكردنی شەڕی كورد دژی كورد ، گەورەترین شكستی دوژمنان

حەرامكردنی شەڕی كورد دژی كورد  ، گەورەترین شكستی دوژمنان

لە مێژوو دوورەوە ، كاتێك لە سەروبەرندی جەنگی چاڵدێرانەوە كە خاكی كوردستان كرایە ، دوو پارچە و دواتر لە دوای جەنگی جیهانی یەكەم و لە پەیماننامەی شوومی سایكس پێكو كوردستان دابەشكرا بۆ سەر چوار پارچە، ئیتر هەموو شۆڕش و بەرخۆدانەكانی لە سەر ئاستی كوردستانی گەورە لە پێناو سەربەخۆیی خاك و ونیشتیمان دەستیان پێكرد ، تا بە ئەمڕۆ هەزاران كورد گیانیان لەو پێناوەدا بەخشییووە ، بەڵام بەداخەوە ، هەندێك گروپ و لایەن كە دیارە دروستكراوە و قورمیشكراوە و ئاراستەكراویی نەیاران وداگیركەرانن هەر رۆژەوە بە دروشمێك كۆسپ و تەگەرە لەبەردەم كاروانی رزگاریخوازیو لە پێش گەیشتنی گەلی كورد بۆ مافەرەواكانی دروست دەكەن و خەڵكانێك زۆریشیان بەو دروشمانە چەواشەكردووە ، گەوجاندووە ، لە هەمان كاتیشدا بوونەتە كۆسپ لە بەردەم خەباتی حیزب ولایەنەكانی تری كوردستانیش هەر لە رۆژئاوا تا رۆژهەڵات و بەتایبەت هەرێمی كوردستان كە خاوەن حكومڕانییەكی شارستانی و دەستووری و رەوایی پێدراوە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیی .
دوژمنان زۆر لە مێژە لە هەوڵی ئەوەدان ، لە رێگەی هەڵگیرساندنی شەڕ و سیناریۆی قرێژ شەڕی كورد دژی كورد دروست بكەن ، لە مێژووش دا چەندین جار هەوڵەكانیان رووبەرووی شكست بوتەوە، چونكە هەڵوێستی هەندێك لە سەركردەكانی گەلی كورد زۆر بە خێرایی لە مەرٍامی نەیارانی ئەو پیلانگێرییانە گرتووە . ئەگەر هەڵوەستەیەك لە سەر مێژوویی ئەو كارە نەتەوەیی پەوەری و كوردستانپەوەرییانە بكەین، ئەو پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرترین ئەرك و بەرپرسیاریەتیی نیشتیمانی و كوردستانی بە ئەستۆ بووە، بەوەی كە ئامانجی سەڕەكی تەبایی و یەكدەنگی ریزەكانی خەباتی نەتەوەیی بووە بە كردەوەش ئەو ڕاستییەی سەڵماندووە ، بەتایبەت بەرەی كوردستانی لە ساڵانی هەشتاكان كە شەهیدئیدریس بارزانیی وسەرۆك بارزانیی بە هەموو توانایەكەوە، رووبەرووی پیلانگێری ناحەزان بۆ شەڕی كورد دژی كورد بوونەوە .
هەروەها هەڵوێستەكانی سەرۆك مسعود بارزانیی لە رابردوو و ئێستای هەرێمی كوردستان ڕوون وئاشكرایە، لە پێناو ئاشتیی نێو ماڵی كورد و گەیشتنی بە ماف و ئامانجەرەواكانی ، ئەگەرچی دوژمنان و داگیركەران رۆڵی سەڕەكییان لە قڕكردنی نەتەوەی كورد بینییووە ، بەڵام بەشێكی زۆر لەو هۆكارانە بۆ خودی كورد و ئەوانەی بە زمانی كوردی قسە دەكەن و ڕەچاویی دەستكەوتەكان و خەباتی گەلەكەمان و كیانی دەستووری هەرێمی كوردستان ناكەن وپشتیوانیی ناحەزانی كوردستان بۆ لەباربردنی دەستكەوتەكانی كورد وكوردستان .
پێوستە،نەتەوەی كورد ئەمرۆ و هوشیار و چاوكراوە بێت ، كە ئەم قەوارەیە ، دوورگە و هێڵینێكی ئارامە بۆ هەموو كوردستانیان لە سەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان و پێوستە ڕەچاویی ئەو راستییە بكەن كە تەنها بە رێگەی خەباتی سیاسی و ئاشتیانەوە ڕٍەچاوگرتنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەتوانن بگەن بە ئامانج .
نابێت مێژوو فەرامۆش بكرێت ، كە هەر بە پشتیوانیی سەرۆك بارزانیی بوو كە پرۆسەی ئاشتی چووە بواری جێبەجێكردنەوە و هەروەها لە رۆژئاوای كوردستانیش هەر بارزانیی بوو كە سەرپەرشتی چەند رێككەوتنی هێز ولایەنە سیاسیەكانی كوردستانی كرد ، بەڵام هەر ئەو لایەنانە كە ئێستا بەنیازن شەڕی كورد دژ بە كورد لە هەرێمی كوردستان دەستپێبكات ، ئەوا هەم لە باكووری كوردستان و هەمیش لە رۆژئاوای كوردستان نەگەیشتوونە بە هیچ ئامانجێك و رێگرن لە ئاشتەواویی ویەكدەنگی هێزولایەنە كوردستانییەكان .بەهەمان شێوە رێگری سەڕەكیین لە رۆژهەڵاتی كوردستان وەك هێزێكی سنوورپارێز رووبەرووی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەبنەوە ، ئەوەش وایكردووە ، پاشەكشێ‌ زۆر بە دۆزی كورد بكەن و ناوبانگی كوردیش لەكەدار بكرێت .
بەڵام، ئەوەتا جارێكی تر و لە هەڵوێستی نەتەوەیی و مێژووییدا ، سەرۆك بارزانیی هەموو كوردی پشت راست كردەوە، كە سەڕەرایی خۆسەپێنی و شەڕ فرۆشتنەكان و چەندین جار هەوڵی شەڕانگێزی بەڵام دیسان شەڕی كورد دژی كوردی حەزام كرد ، چونكە خوێندنەوە و هەست و سۆز و رابەرایەتیی بارزانی ، كوردانە و چونكە هیچ كات نایهەوێت خوێنی كورد بە دەستی كورد برژێت و لە سەرەوە دوژمنان و بەكرێگیراوان بە كوشتنی كورد شاگەشە بن ، ئەوەش هەڵوێستێكی نەگۆڕی پێشمەرگە و رٍابەری نەتەوەی كورد و كوردستانە .
چونكە مێژوو گەواهیدەری ئەو ڕاستیەیەكە ، ناحەزانی كوردستان هەردەم لە هەوڵی ئەوە دا بوون كە كورد لە دژی كورد بەكار بێنن ،بەڵام پیلانەكانیان شكستخواردبوو و سەری نەگروتووە ، ئەمرۆش بە هیمەتی پێشمەرگە، رابەری نەتەوەیی كورد هێژا سەرۆك بارزانیی ، رێگە نادات جارێكی ئەو كارە نارەوایە ، دووبارەبێتەوە ، هەموو نەتەوەیی كوردیش ئەوا بە هەڵوێستێكی كوردپەوەرانە و جوانمێرانە و نیشتیمانپەوەرانە دەزانن ، كێشە نییە ئەگەر گرژی سیاسیش لە نێوان هێزولایەكان هەبێت ، بەڵام رێگە نادرێت هیچ لایەك پەنا بۆ شەڕی كورد دژی كورد ببات ، ئەو هەڵوێستەی سەرۆك مسعود بارزانیی دەبێتە بكرێتە بەردی بناغە بۆ هەموو هێزولایەنە كوردستانییەكان و هەمووان یەك ئاڕاستەبین كە ئەویش شەڕی كورد بە كورد حەرامە .
بەتایبەت ، كە ئەمرٍۆ هەرێمی كوردستان ، گەیشتۆتە قۆناغێكی زۆر باش و پێشكەوتوو لە رووی ئیدارە و حكومرانی و گەلی كورد ، بە هیواوە دەروانێتە ئایندە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش هیوایەكی زۆریان لە سەر ئەم پارچەی كوردستان كە قەوارەیەكی یاسایی و دەستوورییە هەڵچنیووە و جێگەی شانازیی هەموو تاكێكی ئەم كوردستانەیە ، هەموو كوردێك پێوستە شانازیی بە سەرۆك بارزانیی و هەرێمی كوردستان بكات ، چونكە ئەمرٍۆ بووەتە شوناسێكی گەورە و خاوەن پێگەیەكی بەهێزە لە سەر ئاستی ناوچەكە و هەموو دونیا و شەڕكردن تەنیا دۆزی نەتەوەیی كورد و شوناسی كورد بەرەو دواوە دەگەڕێنێتەوە ..

Top