هەولێر و پێشمەرگە بۆ هیچ ناحەز و داگیركەرێك ناچەمێتەوە ..
ئەم كوردستانە شوێنی ئازادیخوازانە ، خاكی پێشمەرگەیە، بە خوێنی ئەنفالكراوان و كیمیاباران و شەهید بناغەكەی دانراوە ، بەرهەمی شۆڕشە یەك لە دوای یەكەكانی گەلی كوردە كە زیاتر لە سەدەیەكە بۆ پاراستنی شكۆ و مێژوویی و زمان وسەربڵندی نەتەوەیەكی ڕەسەن و تێكۆشەر و ئاشتیخواز و مرۆڤ دۆست خەباتی بێ وچان دەكات تا دۆزی رەوایی گەلی كوردی لەم بەشەی كوردستان گەیاندۆتە قۆناغی ئەمڕۆمان .
بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو، داگیر ودوژمن و بەكرێگیراویی بێ شومار و بە پیلانی گەورە و قڕێژ خۆیان تاقی كردەوە تا بە سەر لووتكەی سەركێشی چیابەرزەكانی كوردستان هەڵكشێن و ئیرادە وشكۆ كورد ژێر دەست و پاشكۆ بكەن ، بەڵام لاپەرەكانی مێژوو گەواهیدەرن كە چیان لێهات و چارەنووسیان بە كوێ گەیشت.
ئەو هێرش و پەلاماردانە خاكی كوردستان و وێرانكردن و چۆلكردنی دەیان گوند و شەهیدكردنی چەندین كادیر و هێزی پێشمەرگە كوردستان وبۆردومانی بەردەوامی ناوچە سنوورییەكان كە لە سنووری پارێزگای دهۆك وهەولێر دەگوزەرێیت ، كاری ئێستای دوژمنان وناحەزانی و بەڵكو چەندین ساڵە دوژمنان و نەیارانی گەلەكەمان كاری لە سەر دەكەن و قۆناغ بە قۆناغ و هەر جارەوە جۆرێك دوژمن و سیناریۆ بەكار دەهێنرێت . ئەگەر هەڵوەستەیەكی ورد بینانە بكەین پێش 7 ساڵ داعش و حەشدیان بۆ پەلاماردانی هەرێمی كوردستان بە هەموو چەك و بەجبەخانەیەكی پێشكەوتوو لە گشت سنوورەكانی كوردستان و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بە هەموو توانایەكەوە بەرگریان لە خاكی پیرۆزی كوردستان كرد و شكستیان بە پیلانگێرییەكانیان هێنا.
لە ماوەی ئەم ئەزموونە سی ساڵەی هەرێمی كوردستان ، كە بۆ هەموو گەل و نەتەوەكانی ناوچەكە و جیهانی سەڵماند ، كە ئەوەی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان بە درێژایی مێژوو پروپاگەندەیان لە بارەی شەرانگێزی و گەلی كورد یان بە تێكدەر لە قەڵەم دەدات هەموو بە پێچەوانەوە دەركەوت بە شێوەیەك ئەمرۆكە هەرێمی كوردستان و پایتەختەكەی بە پێنجەم شاری سەقامگیر و ئارٍام و گەشە سەندووە لە سەر ئاستی جیهاندا و هێڵینی حەوانەوەی هەزاران پەنابەر و شوێنی پێكەوە ژیانی پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانە.
شوێنی دەیان كۆمپانیایی گەورە و ناودار و دەیان كۆنسوڵخانەی وڵاتانی ناوچەكە و ئەوروپایی و گەورەترین كۆنسوڵخانەی وڵاتێكی زڵهێزی جیهانە كە بە شێوەیەكی زۆر ئاسایی بە بەراوەرد لەگەڵ ناوچەكەكانی تر عێراق كارەكانیان ڕایی دەكرێت ، بەڵام ئەوەی جێ هەڵوەستەكردنە ئەوەیە ، دوژمنان بەردەوام لە هەوڵی تێكدانی ئاسایش و سەقامگیری و لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستانن چ بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و یانیش لە دەرەوە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی گروپ و تاقم و سیناریۆی جۆراجۆر.
بەڵام لە بەرانبەر دا ، بوونی سەركردایەتییەكی ژیرانە و دڵسۆزانە و هەروەها پشوو درێژی و ئارامی و سەنگینی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، بە خوێندنەوەی وردبینانە و چەسپاو هاتەدی بۆ ئەو تەنگژەو قەیرانانەی هەبوون كە زۆربەیان بەهۆی گوشارو هەژموونی دەرەكییەوە لە بەرامبەریا پیادەدەكران، چ لەلایەن بەغداوە و جۆرێك لە فشاری ناوخۆ ، بەمەبەستی ئەوەی هەولێری پایتەختی بخەنە نێو گۆشەیەكی لاتەریك.
بەڵام ، جوڵە دیپلۆماسیی و سیاسییەكانی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان چ لە سەر ئاستی ناوچەكە و چ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیی و ئینجا پشتیوانیی نێودەوڵەتییەكان لە كیانی هەرێمی كوردستان و بانگهێشت و سەردانە فەرمییەكان وەڵامێكی باش و گونجاو بوون بۆ نەیارانی گەلەمان كە بەوەی ئیتر ئەو سەردەمانە تێپەڕین كە لەرێگەی پیلانگێری نێوخۆیی و گەلەكۆمەكی هەرێمایەتیی هەرێمی كوردستان و پایتەختەكەی بخەنە ژێر گوشارەوە .
لە ئێستاشدا و بەتایبەت لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو، چ لە دەڤەری سلێمانی، چ دهۆك و سنووری هەولێر نەیارانی كورد هەموو جۆرە سیناریۆ و مووشەكبارانكردن و كاری تێكدەرانەی تر ئەنجامداوە و بەردەوامن بۆ لاوازكردنی پێگەی هەرێمی كوردستان ، بەڵام ئەمجارەش بە هەوڵ هیمەتی رابەرایەتی سەرۆك بارزانیی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سەركردایەتیی سیاسی كورد و خۆراگری گەلەمان هەموو ئەو نەخشە شوومانە شكستخواردوون و كوردستانی بەهێز و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان هەر بەرەو لووتكەی سەركەوتنە و وەك هەمیشە خۆ بەرانبەر بە هیچ ناحەز ، داگیركەرێك ناچەمێنێتەوە ..