کوردستان لەنێوان بەھێزبون و لاوازبونی سلێمانی!

کوردستان لەنێوان بەھێزبون و لاوازبونی سلێمانی!

لاوازبونی سلێمانی مانای بەھێزبونی ھەولێر نایات، بەڵکو بە پێچەوانەوە لاوازبونی سلێمانی لاوازبونی ھەرێمی کوردستانی بە دوا دێت، باکەس دڵخۆش نەبێت بە ناسەقامگیری سلێمانی،
ئارامیەکەی تێکبدرێت شار بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی چەتەکان، ھەر چەند لەکوردستان بەموتلەق سەد لە سەد یاسا سەروەر نیە بەڵام ئەوەی شارەکانی کوردستان لە عێراق جیادەکاتەوە یاسا و دەسەڵاتەکەیە و خۆشەویستی و ئینتمای خەڵکە بۆ نیشتیمانەکەی. گەر شارچێتی بەو شێوەیە بەردەوامبێت ھەر یەک لە ئێمە تەنھا لەخەمی شارەکەی بێت بە تێکدانی شاری دیکە دڵخۆش بێت بەڕق و کینەی حیزبایەتی ئیدی شتێک نامێنێتەوە بەناوی ئارامی و ژیانکردن لەھەرێمی کوردستان وەکو موصل و بەغدا و تەواوی شارەکانی تری عێراق ژیانکردن نەک بۆ مرۆڤەکان بەڵکو ئێستا گیانەوەرەکانیش لەو ژیانەی عێراق ڕادەکەن.
بەداخەوە کوردستان نەک بەرەو شارچێتی و قەزاچێتی و ناحیەچێتی و عەشیرەتچێتی و لادێچێتی دەچێت بەڵکو بەرەو گەرەکچێتی ھەتا بنەماڵەچێتی و ماڵ چێتیش دەچێت، گەیشتۆتە ئەوەی برا بەچاوی دوژمن لەبراکەی دەڕوانێت، کەس لەخەمی کەس نیە، ھەریەک تەنھا لەو چەند مەترەی لەناوی دەژێت خۆی بەخاوەنی دەزانێت و لەخەمیەتی وەکو تر چی لێ دێت بۆی گرنگ نیە. ئەمەش لەدەرئەنجامی پیادەکردنی سیاسەت و ئایدۆڵۆژیای ھەڵەی حیزبە کوردیەکانە و ناھۆشیاری تاکی کوردە.

خاوەنی ھەر ئایدۆلۆژیایەک و ھەر حیزبێکی ببە، نابێت ھەرێمی کوردستان تەنیا یەک حیزب و ڕەنگی ھەبێت، بەڵکو دەبێت ھەموو حیزب و ڕەنگەکانی تێدابن، ھەر چەند ناکۆکیت لەگەڵ حیزبی تر ھەبێت با ھەبێت، بەڵام ناکۆکی بەمانای ئەوە نەبێت یەکتر قبوڵ نەکردن تادەگاتە یەکتر سڕینەوە. کوردستان بەھەمو شارەکان موڵکی ھیچ حیزبێک نین بەڵکو موڵکی کوردستانیانن حیزب تەنھا ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک و باشترکردنی ژیانیان بەرگریکردن و بەھێزکردنی نیشتیمانیان.
خەڵک کام حیزب بەباشتر بزانێت دەنگ بە ئەو دەدات، ئەو حیزبەی ئەمڕۆ دەسەڵاتدار بێت مەرج نیە سبەیش دەسەڵاتدار بێت. زۆر ئاساییە حیزبێک لاوازبێت حیزبێکی تر بەھێز بێت، ئاساییە ھەرچی سیاسەت و ئایدۆڵۆژیایەک دەگریە بەر بۆ بەھێزکردنی حیزبەکەت بەڵام دەبێت بۆ بەرژەوندی کوردستان بێت نەک لەسەر حسابی بەرژەوەندیەکانی کوردستان بێت. وڵات بەبێ خەڵک بونیات نانرێت، خەڵکیش بەبێ وڵات لەناوئەچن کە خەڵکیش نەما نەحیزب نەھیچ شتێک نامێنێتەوە.

ئەوەی دوێنێ شەو لە سلێمانی روودا سیمایەکی ناشرینی نەک تەنھا بۆ شاری سلێمانی ھەبوو بەڵکو بۆ ھەموو شارەکانی کوردستان ھەبو. خەڵکی تر دڵخۆش بوون بەم ڕەفتارانە دەڵێن ھێشتا نەتەوەیەک ھەیە بۆ ھەر شتێک دەست لەسەر چەلەبی تفەنگ دائەنرێت بۆ براکەی و لەناو فەوزادا غەرەق بوینە. شتێک نیە بەناوی یاسا لەوێ ھێشتا لەسەردەمی مرۆڤەکانی نیاندرتاڵ ژیان دەگوزەرێنن. بۆ کۆتایی ھێنان بەم فەوزایە گەڕانەوەی شکۆ بۆ وڵات و ھێزەکانی ئەمنی وڵات دەبێت ھاوسەرۆکانی سلێمانی کە ئێستا حاکمی سلێمانین بە ڕێگای یاسا کێشەکەی چارەسەربکەن، تاوانبارەکە ھەرکێیە لەھەر پلە پۆستێک دابێت بەیاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و دادوەرە بەڕێزەکان بڕیار بدەن نەک حیزبایەتی و عەشیرەتگەری و ئاغا و دەرەبەگ بڕیاری لەسەر بدەن.

بەھێزبونی سلێمانی ھەولێر بەھێزتر دەکات، کە ھەولێر بەھێز بوو پێگەی کوردستان لەناوچەکە بەھێز و بەھێزتر دەبێت ،بەڵام سلێمانی لاواز بێت چەتە حوکمڕان بێت داھاتوی کوردستان نادیار دەبێت بەرەوە نەمانیش نەچێت زۆر لاواز دەبێت تاکی کورد لەھەموو جیھان لەناو بێ ئومێدی دا غەرق دەبن.

Top