ڕێکەوتنی بەغدا و ھەولێر لەنێوان تەحەداکانی مەسرور بارزانی و نامەکەی نێچیرڤان بارزانی!

ڕێکەوتنی بەغدا و ھەولێر لەنێوان تەحەداکانی مەسرور بارزانی و نامەکەی نێچیرڤان بارزانی!

نوسینی: ھۆگر نێروەیی

لەسەرەتای ساڵی 2020 بەغدا بودجەی ھەرێمی کوردستانی ڕاگرت، دواتر قەیرانی کۆرۆنا ڕوی لەجیھان کرد کە کوردستان بەدەرنەبو لەم قەیرانە، نرخی نەوت بۆکەمترین ئاست دابەزی
وەزیری ناوخۆی ھەرێم ڕایگەیاند داھاتی ناوخۆ بەھۆی کۆرۆنا لەسفر نزیک بۆتەوە، سەرچاوەی داھاتەکانی ھەرێم ھەمویان لە سفر نزیک بوون، لەگەڵ ئەوە سەرۆکی حکومەت تەئکیدی لەوە دەکردەوە کەلەئێستادا پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی خۆمان لە سەرووی ھەموو شتێکە، ئەوکاتیش ھەندێک لە حیزبەکان دەیان ویست کۆرۆنا بەسیاسی بکەن وایان کرد کە خەڵک بێتە سەر شەقام کۆرۆنا ڕوو لەھەڵکشان بێت.

حیزبەکان وەکو ھەموو جار لەکاتی ناخۆشی و قەیران دا لەبەرپرسیارێتی ڕایان کرد، لەھەمو لایەک سەنگەریان دانا دژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەندێکیان لەبەغدا خۆیان ناونا گروپی پازدە دواتر ھاوپەیمانی ھیوا کەپەرلەمانتارانی ھەموو حیزبەکانی تیابوون و بوبون بە نوێنەری شیعە، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کەکازمی ھێز دەنێرێت دەروازە سنوریەکانی ھەرێم کۆنترۆڵ دەکات، کۆتایی بەھەرێم دەھێنێت.
ھەموو کارێکیان دەکرد بەغدا ئیدی پارە بۆ ھەرێم نەنێرێت، پرۆژەیەکیان ئامادەکردبوو دەستیان بە ئیمزا کۆکردنەوە کرد کەموچەی فەرمانبەرانی ھەرێم ببەنە سەر بەغدا کەئامانجیان لاوازکردن و لەباربردنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بوو.

لەلایەکی ترەوە ھەمویان تەئکیدیان لەوە دەکردەوە کەکاتی بەیت وبالۆرەی ھەستی نەتەوەیی نیە کاتی دابەشکردنی موچەیە، ھاوسەرۆکی یەکێتی سەرپەرشتی ئەوبەرەیەی دەکرد تەئکیدی لەوە دەکردەوە کەکاتی ختوکەدانی ھەستی نەتەوەیی نیە دەبێت حکومەتی ھەرێم مەلەفی شکست خواردوی نەوت ڕادەستی بەغدا بکات ھەڕەشەی دەکرد گەر ھەرێم ڕادەست نەبێت لەحکومەت دەکشێینەوە.
کە لەڕاستی دا خۆیان قەد بە حکومەت نەزانیبوو ھەموو ھەوڵێکیان ئەوەبوو شکست بەحکومەت بھێنن. گەر مەلەفی نەوت نەبوایە خۆشیان باش دەیانزانی بەغدا قەد ئامادە نەدەبوو گفتوگۆ لەگەڵ ھەرێم بکات بەبڕیارێکی شیعەستانی قەوارەی ھەرێمیان ھەڵدەوەشاندەوە، جا ھەمویان لەدەرەوەی پارتی یەکیان گرتبوو کەئەم کارتە لەدەست حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەربھێنن بە پیلانی وڵاتێکی ئیقلیمی.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم تەئکیدی لەوە کردەوە کەھیچ شتێک ڕادەست ناکەین بەڵکو ڕێکدەکەوین، بەپشوو درێژی و پلانێکی تۆکمە و بەچاکسازی توانی داھاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات و خەرجیەکی کەم و موچەی ھەموو پلە باڵاکانی بۆ نیوە کەمبکاتەوە، بەوداھاتەی بەردەست موچەی دابەشکرد و ڕوبەڕوی تەحداکانی کۆرۆناش بۆیەوە، ھەرچەندە کەموکورتی زۆربون بەڵام زۆربەیان ناچار بون. لەگەڵ بەغداش بەردەوام بوو لەگفتوگۆ کە ڕێک بکەون نەک ڕادەست بن وەکو ھەندێکی تر کە تەنھا ڕادەست کردن لەفەرھەنگیان دابوو حکومەتی ھەرێمیان تاوانبار دەکرد بەغدایان بەڕاست دەزانی.

دوای چەند مانگێگ لەو قەیرانە سەختە و ھەموو فشارەکانی ناوخۆ و دەرەوە لە سەر ھەرێم، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەداھاتی ناوخۆ و لەگەڵ کەمێک بەرزبونەوەی نرخی نەوت موچەی مانگانەی فەرمانبەران بەبێ بەغدا جێگیرکرد، دەستیان کرد بە پرۆژە لەھەموو پارێزگا و قەزا و ناحیەکانی ھەرێم، چەندین پرۆژەی گرنگی ڕاگەیاند، کەگرنگترین پرۆژەکان دانانی سایلۆ لەھەولێر و سلێمانی بۆدابین کردنی ئاسایشی خۆراک، زۆرترین پارەش بۆ پرۆژەی پارێزگای سلێمانی خەرجکران بە شەقامی سەد مەتریەوە، کوردستان جارێکی تر کەوتە ڕێگا ڕاستەکە.

سەرۆکی حکومەت ناوخۆیەکی بەھێزی دروستکرد ئیدی کارتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان لەدەستی بەغدا دەرھێنا زاڵ بوو بەسەر ھەموو تەحەدایەکان، لەگەڵ ئەوەش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بەنامەیەکی فەرمی داوای لە یوئێن کرد کەڕۆڵی کارای ھەبێ لەڕێکەوتنی ھەولێر و بەغدا.
ھەر لەدوای ئەم نامەیە ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی پەیوەست بەعێراق بڕیارێکی دەرکرد کەبریاری 2576 نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕاسپارد کەدەسەڵاتی زیاتر بەکاربھێنرێت ھانی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی ھەولێر و بەغدا بدات.
ئەم ڕێکەوتنە دەستکەوتی ھیچ شەخس و حیزبێک نیە بەڵکو دامەزراوە فەرمیەکانی ھەرێم لەسەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتی ھەرێم بەلوژیکانە بەبێ تەسلیم بون بەواقیعی بەغدا لەدەست دانی ئیرادەی خۆی سیاسەتی کرد ئیدی بەرھەمەکەش ڕێکەوتن بو نەک ڕادەستکردن وەکو ھەندێک حیزب و شەخس کەپیلانیان بۆ دانابوو.

Top