یەک ریزی رێگای ئامانجەکان نزیک دەکات

یەک ریزی رێگای ئامانجەکان نزیک دەکات

مێژوو و رووداوەکان ئەوەیان بۆ سەلماندوین، کە دوژمنانی گەلی کورد کاتێک لەگەڵ یەک کۆ دەبنەوە، هەمویان کۆکن لەسەر دژایەتی کردنی کورد.

بەڵام کاتێک بە تاک و تەنیا بن، هەوڵ دەدەن لەگەڵ کورد ڕێکبکەون و بە زمانی دۆستایەتی دەدوێن و هەوڵ دەدەن بەرژەوەندییەکانی خۆیان بپارێزن.

ئەو واقعە سەلمێنەری ئەو راستەیە کە دوژمنانی گەلی کورد بە تاک جورئەت ناکەن دژایەتی کورد بکەن، ئەوەش بۆ چەند خاڵێک دەگەرێتەوە :-

یەکەم: لە لایەک دەزانن کورد چ هێز و ئیرادە و تاقەتی خۆ ڕاکری و بەرگری کردنی هەیە و بە هیچ شێوەیەک خۆی بە دەستەوە نادات، ئەگەر ئیمکانیاتی شەر کردنی کەم بێت، بەڵام باوەر بەخۆ بوونی بەهێزە و توانای شەری درێژ خایەنی هەیە، کە دوژمنان ئەو سیفەتانەیان نیە.

دووەم: هەر خودی دوژمنانی کورد، باوەریان بە یەکتری نیە و لە پشت پەردە دوژمنی یەکترین، تەنها کاتی پێکەوە دەبن جورئەتی ئەوەیان دەبێت لەسەر دژایەتی کردنی کورد ڕێکبکەون، کاتی بە تەنیا بن ناتوانن وا بکەن، دەترسێن لایەنەکانی تر بە تەنیا لەگەڵ کورد رێکبکەون و بە زەرەرەی ئەوان بگەڕێتەوە.

سێ یەم: لە لایەکی تریش بەردەوام هەوڵیان داوە هەر چۆنێک بێت هەندێک لایەنی کوردی بۆ لای خۆیان رابکێشن، بە مەبەستی لاواز کردنی بەرەی نەتەوەیی و درز خستنە ناو ماڵی کورد، وەکو دەرفەتێک بۆ نانەوەی کێشە و دوو بەڕەکی و زاڵ بونی خۆیان بەسەر کورد.

ئەوەی سەیرە سەرەڕای کە لە پەیدا کردنی تاقمی جاش و خۆ فرۆشان و بەکارهێنانیان سەرکەوتوو بوونە، بەڵام لە کۆتایی دا شکستیان خواردووە، بە هۆی ئەو بیروباوەر و ئیرادە بەهێزەی کە لە لای نەتەوەخوازان و دڵسۆزانی کوردایەتی هەبووە و بەردەوامە.

واتا سەرەڕای ئەو پەڕتەوازەیەی لە ناو کورد هەیە، دوژمنان نەیانتوانیوە بەسەر کورد دا زاڵ ببن.

چۆن دەبێت ئەگەر کورد هەمووی کۆک بێت و لە ژێر چەتری کوردایەتی کۆ ببنەوە و یەک ریز و یەک بیروباوەڕ بن و بەرگری لە پرسە نەتەوەییەکانی گەلی کورد بکەن ؟.

قەناعەتم وایە ئەو کات هیچ هێزێک دوژمنان بەڕامبەر بە کورد خۆی پێ ڕاناگیرێت.

بە درێژایی خەباتی کوردایەتی و تا ئێستا ئەگەر کورد یەک بوونایە، ئێستا پرس و چاڕەنوس یان لە قۆناغێکی تردا دەبو.

بەڵام هێشتا کات هەر ماوە، سوود لە هەڵەکانی رابردوو وەربگیرێت و کورد خۆی کۆ بکاتەوە و بە یەک دەست و یەک بریار بەرگری لە چارەنوس و دەستکەوتەکانی خۆی بکات، تەنها یەک ریزی رێگای ئامانجەکان نزیک دەکات.

ئەو کات هێزێکی زیاتر و پێگەیەکی گەورەتر پەیدا دەکەن، لە پێش چاوی جیهانیش گەورە دەبن و رێزی زیاتر بە دەست دەهێنن و رێگایان بەرەو ئامانجەکان خۆشتر و ئاسانتر دەبێت.

Top