بەرپرسیارێتی چییە و چۆن خۆمانی پێوە پابەند بکەین؟

بەرپرسیارێتی چییە و چۆن خۆمانی پێوە پابەند بکەین؟

ئاشکرایە کە هەستکردن بە"بەرپرسیارەتی" یەکێکە لە سیفەتە هەرەجوانەکانی مرۆڤ کە پێویستە لەسەرمان لەژیانی ڕۆژانەی خۆماندا بە شێوازێکی بەئەمەک و بەرپرسیارانە جێبەجێی بکەین، پیشەگەرێک لەپیشەکەی، بەڕێوەبەرێک لە کارەکەی، باوکێک یاخۆت دایکێک لەبەڕێوەبردنی خانەوادەکەی، هەموو ئەمانە دەبێ پابەندبن بەیاسا و ڕێسای هەستکردن بەبەرپرسیارەتی خۆیان، وە پێویستە مرۆڤ لە هەر پیشە و پلەو پۆستیێکیتردابێ بەشێوەیێک لەشێوەکان کاربکات کە بتوانێ سوود بەو کۆمەڵگایە بگەینێت کە تێدا دەژیت.

بێگومان، ئەگەر بێت و تاکەکانی کۆمەڵگا ڕاست و شەفاف بوون بەرامبەر بەیەکتر، ئەوا بێ شک ژیانی ئەو کۆمەڵگەیە ئەبووژێنێتەوەو بەرەوباشتر دەڕوا، وە کۆی دانیشتوانی ئەو کۆمەڵگەیەش بەهەموو بیرو بۆچوون و ڕەنگو ئایدیا جیاوازەکانەوە لەوپەڕی ئارامیدا دەژین و بەخۆشی ژیان بەڕێ دەکەن.

بەداخەوە لەڕۆژگای ئەمڕۆماندا، لەکۆمەڵگای خۆماندا گەندەلی و بڕین و قڕکردن و تالانکردن بووەبە دیاردە و مۆدێلێکی هەرە بەربڵاو، هەتا بووە بە کلتورێک، کەبەتەواوی یەخەی کۆمەڵگای ئێمەی گرتووە، بەمەش دەبێت بە مەترسیێکی یەکجار گەورە بۆ نەوەکانی داهاتوومان، بۆیە پێویستە هەرچی زووە چارەسەری ئەم دیاردە بکەین و خۆمانی لێ ڕزگاربکەین، پێویستە جیلی نوێ لەم دیاردە مەترسیدارە دووری بخەینەوە و هەلبدەین دوور لە ئەقڵیەتی گەندەلی و تاوانبارکردنی یەکتری و ناوزڕاندنی لایەنی بەرامبەر بەکاری خراپە پەروەردە بکرێن، لەجیاتی ئەوەی ئەم جیلە نوێیە لەسەر تۆڵەکردن و گیرفان پڕکردن پەروەردە بکرێن، چاکتر وایە هانیان بدەین بۆ باشکردنی خراپەی ئەوانی دیکە، بەجۆرێک وا هەست بکەن کە ئەوانیش بەشێکن لەو کارە خراپانەی کە ڕۆژانە دەی بینن و گوێبیستی دەبن، کاتێک کەسێک خراپەیەک دەبینێت بەرامبەر بە مرۆڤێک یان ئاژەڵێک یان شتێکیتر...، باشترە وایە هەوڵ بدات ڕێگە لەوخراپەیە بگرێت و هانی ئەنجامدەرەکەش بدات بۆ کاری جوانتر و باشتر. گومان لەوەدا نییە لەم ڕێگەیەشەوە ئەتوانین هەم وڵات و هەمیش ستایلی ژیانی دانیشتوانی تاکەکانی وڵات پێشی بخەین و بارەو باشتری ببەین.

لەکۆتایی دەتوانین بلێین؛ بونی مرۆڤی بەرپرسیار لەناو کۆمەڵگا وەک بونی هەناسەیە بۆ ژیان، وەک پێویستی خوێنە بۆ جەستە، بە تاکید جولانەوە بەپێچەوانەی ئەمە سەرئەنجام زیانێکی یەکجار کوشندە بەهەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا دەگەینێت !

وە بۆ چارەسەرکردن و بنبڕکردنی پابەند نەبوون بەبەرپرسیارەتی باشتر وایە ئەوکەسانەی کە خۆیان لەبەرپرسیارەتی دەدزنەوە و تەجاوز لە کاری ڕۆژانەیاندا ئەکەن، پێویستە ئەو کەسانە بەبەرچاوی خەلکەوە سزابدرێن، بەپێچەوانەش ئەوانەی کە پابەندیشن بەم سیفاتە جوانە، ڕێزیان لێبگیرێت و خەڵات بکرن.
بێگومان بەمشێوەیە دەتوانین بالانسی دەرئەنجامی کارەکان لە خراپەوە بیگۆڕین بۆ باشتر و چاکتر.

Top