ماره‌یی ژن وبڕیاری ژماره‌ ١٢٧

ماره‌یی ژن وبڕیاری ژماره‌ ١٢٧


ماره‌یی: ئه‌و سامانه‌یه‌ ژن شایسته‌ی ده‌بێت و له‌سه‌ر مێرد پێویست ده‌بێت له‌ كاتی ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست یان به‌ له‌ په‌رده‌كردن به‌ ڕاسته‌قینه‌یی كه‌ پێی ده‌وترێت ماره‌یی.
جۆره‌كانی ماره‌یی:
*ماره‌یی دیاری كراو: ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژن شایسته‌ی ده‌بێت و ڕێككه‌وتن ده‌كرێت له‌سه‌ر بڕو به‌رواری شایسته‌ بوونی و له‌ گرێبه‌ست دیاری ده‌كرێت كه‌ پێشتر و له‌ كاتی خوازبێنی هه‌ردوولایه‌ن ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن .
*ماره‌یی هاوشێوه‌: ئه‌و ماره‌ییه‌ ژن شایسته‌ی ده‌بێت له‌ كاتێكدا له‌ گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری دیاری نه‌كرا بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی ژن و مێرد له‌سه‌ر ئایینێكی تربن دواتر ده‌بنه‌ موسڵمان و له‌ ئایینی پێشویان ماره‌یی نییه‌، له‌ هاوسه‌رگیری یان به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دیاری نه‌كراوه‌، چونكه‌ ماره‌یی مه‌رج و كۆڵه‌گه‌ی هاوسه‌رگیری نییه‌، ژن له‌م كاته‌دا شایسته‌ی ماره‌یی هاوشێوه‌ ده‌بێت كه‌ ده‌خه‌مڵێندرێت به‌ ئه‌ندازه‌ی ماره‌یی ژنێكی تر له‌ كه‌سوكاری باوكی وه‌ك خوشكی یان پوره‌كانی یان كچه‌كانیان یان خێزانی ژن كه‌ هاوشێوه‌ی خێزانه‌كه‌ی خۆیه‌تی، به‌ڵام نابێ به‌ پێی ماره‌یی دایكی خۆی بخه‌مڵێندرێت، ته‌نها ئه‌گه‌ر هاتوو له‌ كه‌سوكاری باوكی كه‌سێك نه‌بێت.
ژن شایسته‌ی ماره‌یی ده‌بێت له‌ كاتی، (له‌ په‌رده‌كردنی ڕاسته‌قینه‌یی، مردن، په‌نهانی دروست، ته‌ڵاق یان جیابوونه‌وه‌).
هه‌روه‌ها له‌م حاڵه‌تانه‌دا شایسته‌ی نیوه‌ی ماره‌یی ده‌بێت (جیابوونه‌وه‌ له‌ پێش له‌ په‌رده‌كردن، جیابوونه‌وه‌ له‌به‌ر ناكۆكی، جیابوونه‌وه‌ به‌ هۆی لاساری).
ژن ده‌توانێ ماره‌یی خۆی وه‌ربگرێت به‌ یه‌كێك له‌م دوو ڕێگه‌یه‌:
*به‌رزكردنه‌وه‌ی دادخوازی بۆ دادگای باری كه‌سی.
*جێبه‌جێ كردنی گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری له‌ فه‌رمانگه‌ی جێبه‌جێ كردن، به‌ ڕاسته‌وخۆ و به‌بێ پێویست بوون به‌ بڕیاری دادگا به‌و پێیه‌ی قه‌واڵه‌یه‌كی فه‌رمی باوه‌ڕ پێكراوه‌.

وه‌رگرتنی ماره‌یی به‌ ئه‌ندازه‌ی زێڕ:
به‌ پێی بڕیاری ژماره‌ (١٢٧) ی ساڵی (١٩٩٩) ژن ده‌توانێ ماره‌یی خۆی وه‌ربگرێت به‌ ئه‌ندازه‌ی زێڕ به‌ پێی ئه‌م مه‌رجانه‌ی لای خواره‌وه‌:
* ڕوودانی ته‌ڵاق له‌ نێوان ژن و مێرد، كه‌ ده‌بێت ته‌ڵاقه‌ كه‌ پله‌ی بنبڕی وه‌رگرتبێت.
* پێویستی هاتنه‌دی هۆكاره‌كانی شایسته‌بوونی ماره‌یی پاشه‌كی كه‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌یگرێته‌وه‌ ئه‌ویش:( له‌ په‌رده‌كردنی ڕاسته‌قینه‌یی یان په‌نهانی دروست).
به‌ڵام كاتێك ژن مێرده‌كه‌ی ده‌مرێت و شایسته‌ی ماره‌یی ده‌بێت چۆن دیاری كرابێت له‌ گرێبه‌ستی هاوسه‌رگێری به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێت و به‌ ئه‌ندازه‌ی زێڕ ناخه‌مڵێندرێت چونكه‌ بڕیاره‌كه‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ ناگرێته‌وه‌ به‌ڵكو ته‌نها له‌كاتی ته‌ڵاقدان ده‌بێت.
* ئه‌گه‌ر هاتوو ژن ماره‌یی پاشه‌كی وه‌رگرتبێت له‌ پێش كه‌وتنی ته‌ڵاق یان گه‌ردنی مێرده‌كه‌ی ئازاد كردبێت، چونكه‌ ماره‌یی قه‌رزێكه‌ له‌ ئه‌ستۆی مێرد و له‌ بنه‌ڕه‌تدا قه‌رز به‌سه‌ر ده‌چێت به‌ دانه‌وه‌ی، بۆیه‌ ته‌ڵاقدانی له‌ دوای ئه‌وه‌ مافی ئه‌وه‌ی ناداتێ داوای ماره‌یی خۆی بكات به‌خه‌مڵاندنی به‌ ئه‌ندازه‌ی به‌زێڕ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێشتر قه‌رزه‌كه‌ی وه‌رگرتۆته‌وه‌ كه‌ بریتییه‌ له‌ ماره‌یی.
* ئه‌گه‌ر ژن له‌ گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری ماره‌یی دیاری نه‌كرابوو، بۆماره‌یی هاوشێوه‌ ناكرێت داوای شایسته‌یی بكات به‌ خه‌مڵاندنی به‌ ئه‌ندازه‌ی زێڕ.
* ئه‌گه‌ر ژن و مێرد له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ماره‌یی پێشه‌كی بێت و هیچ بڕێك به‌ ناوی ماره‌یی پاشه‌كی نه‌مابێته‌وه‌.
* پێویسته‌ ژن بۆ داواكردنی ماره‌یی پاشه‌كی به‌ خه‌مڵاندنی به‌ ئه‌ندازه‌ی زێڕ داوای بكات له‌ ڕێگه‌ی تۆماركردنی دادخوازی له‌ دادگای باری كه‌سی له‌كاتی ته‌ڵاق

 


لایه‌نی تایبه‌تمه‌ند به‌ خه‌مڵاندنی ماره‌یی پاشه‌كی به‌ ئه‌ندازه‌یی زێڕو چۆنیه‌تی ئه‌ژماركردنی:
* دادگای باری كه‌سی تایبه‌تمه‌ندا ده‌بێت سه‌باره‌ت به‌و ژن و مێردانه‌ی موسڵمانن و له‌ داواكاریه‌كه‌ ده‌ڕوانێت بۆ وه‌رگرتنی ماره‌یی پاشه‌كی له‌ پیاو بۆ ژن به‌ خه‌مڵاندنی به‌ ئه‌ندازه‌یی زێڕ.(م/٣٠٠) له‌ (ی.د.شارستانی).
* دادگای مادده‌كانی كه‌سی تایبه‌تمه‌ند ده‌بێت به‌و ژن و مێردانه‌ی موسوڵمان نین و له‌ دادخوازیه‌كانی داواكردنی ماره‌یی پاشه‌كی ده‌ڕوانێت بۆ خه‌مڵاندنی به‌ئه‌ندازه‌یی زێڕ.(م/٣٠٣) له‌ (ی.د.شارستانی).
چۆنیه‌تی ئه‌ژماركردنی ماره‌یی به‌ئه‌ندازه‌ی زێڕ:
به‌ مه‌به‌ستی دیاری كردنی بڕی ماره‌یی پاشه‌كی له‌ به‌رواری گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری و خه‌مڵاندنی به‌ ئه‌ندازه‌یی زێڕ بۆ ژن له‌ كاتی ته‌ڵاقدانی و نرخی ئه‌و زێڕه‌ له‌ به‌رواری ته‌ڵاق به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت: (بڕی زێڕ & نرخه‌كه‌ی له‌ به‌رواری ته‌ڵاق) ده‌رئه‌نجامی ئه‌م لێكدانه‌ چه‌ند ده‌ربچێت ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ شایسته‌یی ژن له‌ ماره‌یی پاشه‌كی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ هاوكاری بانكی ناوه‌ندی عێراقی ئه‌نجام ئه‌درێت بۆ دیاری كردنی نرخی زێڕ به‌ شێوه‌ی فه‌رمی و ناكرێت ئاڕاسته‌ی شاره‌زایه‌ك بكرێت بۆ خه‌مڵاندنی بڕی زێڕه‌ له‌ به‌رواری گرێبه‌ست، هه‌روه‌ها بۆ خه‌مڵاندنی به‌ های زێڕ له‌ به‌رواری ته‌ڵاق، به‌ڵكو له‌ ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌ی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت ده‌بێت كه‌ بانكی ناوه‌ندییه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ژن ده‌توانێ داوای ماره‌یی پاشه‌كی خۆی بكات به‌ خه‌مڵاندنی به‌ ئه‌ندازه‌یی زێڕ، به‌ڵام ئه‌م داواكارییه‌ له‌ حاڵه‌تی ته‌ڵاق وه‌رده‌گیرێت وه‌ك له‌ بڕیاره‌كه‌دا هاتوه‌ و ئه‌و داوایانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ته‌ڵاقه‌كه‌ له‌ دوای به‌ كاربوونی بڕیاره‌كه‌ ڕوویانداوه‌ له‌ ٢/٨/١٩٩٩ واتا هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی ته‌ڵاق ئه‌درێن له‌ دوای ٢/٨/١٩٩٩ ده‌توانن داوای ماره‌یی خۆیان بكه‌ن به‌خه‌مڵاندنی زێڕ.

 

 

Top