چیم دی؟

چیم دی؟

کاتێ گەڕامەوە بۆ شاری شاران، شاری مناڵی خۆم و باک و باپیرانم، شاری ڕۆشنبیری و پێشکەوتن، شاری هەڵمەت و قوربانی، ئەو شارەی پەرەمێردی نەمر دەڵێت : ڕوو بکەرە شاخی گۆیژە بنواڕە... عەرشی پەروەردگاری لێ دیارە... دامەنی وەک بەهەشتی ئاودارە، شاری گۆرانی و ئەدەب و هونەر، ئەو شارەی کەڵە پیاوان و ژنانی لێکەوتۆتەوە، ئای چیم دی...
شارێک سیمای گۆڕاوە، تەنها مزگەوتی گەورە و چەند ماڵێکی داڕوخاوی گەڕەکە کۆنەکان ماون، شارێک هەمووی بێگانەیە و ئەوان خاوەن ماڵن، شارێک نە مامۆستا سامی حسەین نازم و مامۆستا شێخ کەریم باراوی و مامۆستا فایق عارفی تێدا ماوە، نە دکتۆر باقر و دکتۆرە عایدە و دکتۆر جەمال ئەحمەدی تێدا ماوە، نە سەعۆلی خەلفە کەریم و نە مام عەبدوڵای نەوت فرۆش، نە معاون شێخ رەزای گوڵانی و نە کەریم قەرەنی و شەفیق قەزاز نە عەبدوڵا گۆران و نە فایق بێکەسی تێدا ماوە.... هتد .
هەر ڕێدەکەیت و کەس ناناسیت، هەر وێڵیت بەدوای دراوسێیەک، مامۆستایەک، دوکانارێک، ناسیاوێکدا و کەس بەدی ناکەیت.
شارێک جادەکانی گۆڕاون، درەختەکانیشی بۆنی جارانی نایەت، دواناوەندی فریشتە بۆتە باڵەخانەیەکی بەرز و هەموو یادگاری منداڵیمانی شاردۆتەوە، شارێک بە ناوی نۆژنکردنەوە مزگەوتی قامیشانیشیان ڕوخاندووە، شارێک پڕ وێرانی، شارێک باڵەخانەی بەڕێوەبەراییەتیەکانی لە کاتێکی نادیارا وەستاوە و هیچ پێشکەوتنێکی بە چاوە کزەکانی نەدیوە، کارگوزارەکە بە گوێنییەکی دڕاوی چڵکن هۆدەکان دەسڕێت کە لە ساڵانی حەفتاکاندا لە قوتابخانەی ئاسۆ کارگوزارە بەڕێزەکەمان پۆلەکانی پێ خاوێن دەکردەوە، مێز و کورسی و دیوارەکانی هی کاتێکن کە سلێمانی شاری شاران بوو، بەڵام کارمەندەکان گۆڕاوون، گەورە و بچوکی بۆتە مۆدێلێکی کۆن، کوردەیەتیش تامێکیتری هەیە، شارێک کە تەنها ناوەکەی و چەند خانەوادەیەکی جارانی تێدا ماون و ئەوانیش هەموو وەک من نارازین بەم بارودۆخە.
وابزانم سلێمانی جاران لەبەر چەند هۆیەک گەیشتۆتە ئەم شارەی ئێستا کە پێی دەڵێن سلێمانی، من لەوانەیە زۆری نەزانم، بەڵام زۆر باش دیارە و ڕوونە، سلێمانی دڵسۆزێکی باڵا دەستی شاری تێدا نییە بیبات بەڕێوە، پاک ڕایگرێت و سیماکەی جارانی نەشێوێنێت، دەستجێی خۆی بەشارەوە نیشان بدات، دڵسۆزێک، کە کاتێ سەرتکرد بە شارا دڵ و دەرونت پڕ جۆش و خرۆش بێت.
بە داخەوە ئێستا سلێمانی تەنها ناوێکی خۆشە.....

Top