گوڵان..خەباتێك بۆ گەڕانەوەی هیوا

گوڵان..خەباتێك بۆ گەڕانەوەی هیوا

گەلی کوردستان له مێژووی خەباتی هاوچەرخدا هەمیشە بەردەوام بووە بۆ ناساندنی مێژووی خەباتەکەی به گەلانی دونیا ، لەم پێناوەشدا چەندین قوربانی داوە تاوەکو ڕێڕەوی خەبات بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی گەل بەردەوام بێت ، پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لەگەڵ ساتەوەختی دامەزراندنیەوە بووە خاوەن پێگەیەکی جەماوەری باوەڕپێکراو ، ئەم جەماوەرە وەك پاڵپشتیەك هەردەم بەهێزەوە تووانای دایه پارتی تاوەکو له خەبات کردندا ڕۆڵی مەزن بگێڕێت ، جا لێرەدا پارتی دیموکراتی کوردستان به ڕابەرایەتی باوكی ڕوحی نەتەوەیی کورد بارزانی نەمر بووە پێشەنگی ئەم خەباتە ڕاست ودرووستەی کوردایەتی.

ئەگەر چی پرسی کورد بەهۆی داگیرکەرانەوە چەندین هەوراز ونشێووی بەخۆیەوە بینییوە ، بەڵام دواتر هیوای بۆ گەل گەڕاندۆتەوە که هەرگیز له تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواو زەوتکراوەکانیدا سڵ نەکردووە ، لەشۆڕشی ئەیلولی ڕزگاریخوازی مەزندا کورد بووە ژمارەیەکی گەورە بۆ دووژمنانی مرۆڤایەتی و کورد یەکی گرت له ژێر یەك ئاڵا ویەك سەرکردە که بارزانی نەمر وەك نوێنەری ڕاستەقینەی خەبات بەردەوامی دایه شۆڕش ، ئەگەر چی بەهۆی پلانی زلهێزەکان و ووڵاتە هەرێمیەکان شۆڕش بۆ ماوەیەکی کەم ڕاوەستا ، بەڵام زۆری پێنەچوو کورد دەستی دایەوە خەباتکردن بۆ سەربەخۆیی وڕزگاری ئەمجارەیان له 26ی گوڵان بلیسەی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز زەنگی دایەوە جیهان که شۆڕشی گەلی کوردستان زیندووە وهەرگیز نامرێت ،و گوڵانیش هێز وتووانای دووبارە دایەوە گەلی کوردستان که تادوایی هەناسەیدا بۆ کوردایەتی خەبات دەکات .. شۆڕشی گوڵان له ساتە وەختێك هەڵگیرسا تا ڕادەیەك بەهۆی نسکۆوە بێ ئومێدی باڵی کێشابۆوە سەر گەل ولەملاشەوە ڕەوشی و باروودۆخی جیهان بەهۆی جەنگی ساردوە ڕێڕەوەکانی ژیانی سیاسی ودیپلۆماسیەکانی ڕاگرتبوو ،وڵاتانی ڕۆژهەڵات وڕۆژئاوا بەهۆی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا هەموو جۆرە پەیوەندییەکی سیاسی ودیپلۆماسیەتیان لەگەڵ جیهاندا لەخاڵێكدا قەتیس کردبوو که ئەستەمبوو بتووانرێت دەنگەکان بەسانایی بگاتە جیهان، بەڵام شۆڕشی گوڵان وەك خەباتێکی مۆدڕێن و پێشکوتنخواز و بەحیکمەت وسەرکردایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی و کاکه ئیدریسی هەردەم ساخ دووبارە بەسەر ئاستەنگەکان زاڵبوون و گوڵان بووە وەچەرخان بۆ مێژووی پڕ لەسەروەری خەباتی ڕزگاری گەلی کوردستاندا ، هەروەها بووە خەباتێك بۆ گەڕانەوەی هیوا بۆ گەلی کورد که بەدڕندەترین شێوە وشێواز لەلایەن داگیرکەرانەوە پەلامار دەدرا ، قۆناخەکانی قڕکردنی گەلی کوردستان گەیشتنه ئەنفال وکیمیاباران و ڕمانی ژێرخان که ئەمانه تەنیا له جەنگە گەورەکانی جیهانیدا دەبینرێن ،ڕژێمە یەك لەدوای یەکەکانی حکومڕانی بەغدا هەمیشە ئاماژە تایبەتەکانی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، هەر بۆیە پارتی وەك لایەنی هەمیشە براوە وخاوەن پێگەی بەهێزی جەماوەری کوردستان بەردەوام داکۆکی کارە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی گەل ، لەم ڕوانگەیەوە دووژمنان ڕق وقینیان له خەباتی ڕەوای پارتی یه .. شۆڕشی گوڵان پڕبوون له داستان ، داستانەکانیش پەیامێك بوون که تا کورد مابێت شۆڕش درێژەی دەبێت وتا مافی تەواوی خۆی بەرجەستە نەکات شۆڕش وداستانەکان بەردەوام دەبن ، نموونەی داستانی شەڕی خۆڕاگری خواکوڕك پێشمەرگەکانی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی لەگەرمەی ئەنفال وکیمیاباران و گووند وێران کردن گەلەکەی خۆیان جێنەهێشت ، تاکه لایەنی سیاسی کوردستان بوون نایانهێشت گۆڕەپان بۆ دووژمنی داگیرکەر چۆڵ بێت و هەروەها ڕێگایان نەدا بڵێن خەباتی گەلی کورد پەیوەستە به جەنگی عێڕاق - ئێران ،ئەگەر چی ئەو دوو وڵاتە شەڕکەرە هەشت ساڵ جەنگێکی ماڵوێرانەیان نێوانیان بەرپاکرد ، بەڵام به سەرپەرشتی ڕێنمایەکانی سەرۆك مەسعود بارزانی پێشمەرگه خۆی لەو جەنگە به دوور گرت و تا دوایی ئەم جەنگه کورد به شەرەفەوە بەردەوام بوو له خەباتی خۆیدا و داستانی خواکوڕک یش باشترین بەڵگەی مێژوویی ئەو خەباتە ڕاستەقینەیه بوو که دووژمنی سەرسام کرد ، داستانی خواکوڕک ئاماژەیەك بوو که دوای ماوەیەك ڕێڕەووی ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتی له ناوچەکەدا دەگۆڕدرێت وەك ئەوەی سەرۆك بارزانی له خواکوڕك لە ووتارە مێژووەکەیدا بۆ پێشمەرگەکان ئاماژەی پێکرد .. ڕاپەڕینی گەلی کوردستان و ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرڵەمان و دامەزراندنی حکومەت ئەو دەستکەوتانه که له گوڵانی پێشکەوتنخوازدا وەك نەخشە ڕێگابوون بۆ بەردەوام و ڕزگاری گەلی کوردستان که ئەمشیان له ریفڕاندۆمی 25/9/2017 به ڕوونی بەرچاوکەوت که پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە پێشەنگی خەباتی سەربەخۆیی گەلی کوردستانه .

 

 

 

 

ئۆسلۆ

Top